كامێرای تیژڕەوی پۆینت توو پۆینت تەنها رەزامەندیی وەزارەتی ناوخۆی ماوە
هاتوچۆكردنی ئوتومبێل لەسەر شەقامەكان بەپێی رێنماییەكان نەبێت غەرامە دەكرێت
2 ساڵ لەمەوپێش
شەنای فاتیح
پرسی كامێرای چاودێری تیژڕەوی پۆینت تو پۆینت بابەتێكی گەرمی نێو هاوڵاتیانە و بەشێك لە پەرلەمانتارانی كوردستان رەخنەی توندیان گرتووە كە تەنها بۆ»كۆكردنەوەی داهاتی زیاترە لە گریفانی شۆفێران»، بەڵام لەئێستادا دوا رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی ماوە تا نزیكەی 300 كامێرا بكەوێتە كار.
ساڵی ڕابردوو وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەی سیستەمی كامێرای چاودێری پۆینت تو پۆینتی ڕاگەیاند، كە خێرایی شۆفێران لەشەقامەكاندا سنوردار دەكات و لەنێوان دانانی دوو كامێرادا كاتژمێری گەیشتن بەو شوێنەی دیاریكردووە و شۆفێران بە كەمتر لەو ماوەیە ئەو ڕێگایە ببڕن غەرامە دەكرێن.
فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» كامێرای تیژڕەوی پۆینت تو پۆینت لەشاری هەولێردا تەنها لەشەقامی ١٢٠ مەتری كاردەكات».
ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد بۆ دابینكردنی كامێراكان نازانن چ كۆمپانیایەك جێبەجێی دەكات وەك ئەو وتی:» پەیوەندی بەكاری ئێمەوە نییە، هەر شوێنێكیش چەند كامێرای پێویست بێت دادەنرێت و ژمارەیان جێگیر نییە».
هەروەها موقەدەم ئازاد، وتەبێژی هاتوچۆی دهۆك لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «سیستەمەكە لەدهۆكدا نەچووەتە بواری جێبەجێنەكردنەوە، چونكە هێشتا پڕۆسەكە قۆناغەكانی لە هەولێر تەواو نەبووە و پاش هەولێر لە سلێمانی جێبەجێ دەكرێت و پاشان دهۆك و دواتریش ئیدارە سەربەخۆكان».
لەبارەی دەستپێكردنی سیستەمەكە بەختیار محەمەد، بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی هاتوچۆی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» سیستەمی كامێرای پۆینت تو پۆینت لە قۆناغەكانی كۆتایدایە، كامێراكانی چاودێری و ئۆفیسی داتا سەنتەر لەبەڕێوبەرایەتی هاتوچۆش تەواوبوون و تەنها وەرگرتنی رەزامەندی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە ماوە بۆ كاركردن».
هەروەها باسی لەوەشكرد:» سیستەمەكە لەڕێگای نێوان تاسڵوجە- دوكان تەواوبووە بەپێچەوانەشەوەو كامێراكانی خێرایی دانراون، لەكاتی تەواوبوونی ڕێوشوێنەكان و بەر لەجێبەجێبوونی پڕۆسەكە هاوڵاتیان ئاگاداردەكرێنەوە لە رۆژ و كات و كاتژمێری كارابوونی سیستەمەكە».
وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی باسی لەوەشكرد «لەئێستادا كامێرای جێگیر كە لەسەنتەری شاری سلێمانیدا كاردەكات كامێرای سەر پردی كۆبانێیەو شوێنەكانی دیكە بەپێی پێویست كامێرای گەڕۆكی بۆ دادەنرێت و لەلایەن شۆفێرانەوە بینراوە، تائێستاش لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیك مەحموود و ڕێگای دەرەوەی شارەكان و سیستەمێكی گەڕۆكە».
گرێبەستی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیای جێبەجێكاری سیستەمی كامێرای چاودێری پۆینت تو پۆینت بۆ ماوەی 15 ساڵ كراوەو حكومەت خۆی سەرپێچی و سزا دیاریدەكات، بۆ ماوەی دە ساڵ ٪٧٠ی ی بۆ كۆمپانیاو ٪٢٠ی بۆ حكومەت و ٪١٠شی بۆ سیانەی پرۆژەكە دەبێت، هەتا ئەوكاتەی پارەی پرۆژەكە دەردەهێنێتەوە، دوای دەرهێنانەوەی پارەكەش پێچەوانە دەبێتەوە٪٢٠ی بۆ كۆمپانیا و ٪٧٠ی بۆ حكومەت و ٪١٠ی بۆ سیانەی پرۆژەكەیە.
لاوەند فەرەیدون، پارێزەری كۆمپانیای جێبەجێكاری كامێرای پۆینت تو پۆینت لەپارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»بەپێی ئەو گرێبەستەی ئەنجامدراوە سەرجەم كارەكانی تەواو بووەو تەنها ڕەزامەندی وەزارەتی ناوخۆی ماوە، دەبێت ئەوان نوسراوی ڕادەستبوونی بۆ بكەن، پڕۆسەكەش بۆ ناوشار یەك پۆینتەو بۆ دەرەوەی شاریش پۆینت تو پۆینتە».
سەبارەت بەپرسی تەقەكردن لەكامێراكانی چاودێری لاوەند فەرەیدوون وتی:» پرسی تەقەكردن لەكامێراكانی چاودێری قەرەبوو نەكراونەتەوە و ئێمە پەنامان بۆ دادگای لێكۆڵینەوە برد و بكەرانی ئەو كارە نادیارن».
«كامێراكانی چاودێری بەپێی گرێبەستەكە هەنگاوی یەكەم دەرەوەی شار پاشان ناوشار دەبێت، لەپارێزگای سلێمانی كۆمپانیای جێبەجێكار كامێراكان دابین دەكات و ژمارەكەی بەپێی ئەو پێویستیەیە كە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆكان داوای دەكەن و پێویستی ئەو شەقامە دەیخوازێت».لاوەند فەرەیدون وای وت.