هەڵەی پزیشكی؛ بكوژێكی بێدەنگ كەترسی نوێ لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت
2 ساڵ لەمەوپێش
ڤانە حەمە
باوكی یوسفی تەمەن سێ ساڵان بیری لەوە كردووەتەوە چەك هەڵبگرێت، دوای ئەوەی كوڕەكەی توانای رۆیشتنی لەدەستدا بەهۆی هەڵەیەكی پزیشكیەوە .باوكی یوسف ئەم كارە بۆ تۆڵەسەندنەوە ناكات، بەڵكو بۆ بەرگریكردن لەخۆی دەیەوێت بیکات، ئەوەش دوای ئەوەی ویستی لەرێگای یاساوە مافی خۆی وەربگرێتەوە، بەڵام رووبەڕووی هەڕەشە بووەوە.
كۆتایی ساڵی رابردوو كاتێك یوسف تۆفیق، تەمەن سێ ساڵان تووشی سكچوون بوو، باوكی دەستی گرتوو بەپێكانی خۆی چووە لای نۆرینگەیەكی پزیشكی لە گەڕەكەكەی خۆیان، بەڵام لەو سەرەوە بەقاچێكی ساردوسڕی بێجووڵە گەڕایەوە.
تۆفیق باوكی یوسف بۆ هاوڵاتی دواو وتی: «كوڕەكەم ئێستا بەزەحمەت دەتوانێت بجوڵێت، گریان و ئازار ئۆقرەیان لەبەر هەڵگرتووە.»
دایك و باوكی یوسف دەڵێن:» یاریدەدەرێكی پزیشك لەنۆرینگەی گەڕەكەیان بەزۆر چوار دەرزی لە یوسف داوە سەرەڕای ئەوەی كە ئەوان ناڕازی بوون، دەشلێن هەر كە دەرزییەكەی لێدا، راست لەهۆش خۆی چوو».
سەرەڕای بوونی راپۆرتی پزیشكیی كە وەك بەڵگەی تێكچوونی دۆخی تەندروستی یوسف خراونەتەڕوو، باوكی یوسف وتی: «ژیانمان لەمەترسیدایەو ناچارم چەك هەڵبگرم بەهۆی هەڕەشەكردن لەسەرمان دژی ئاشكراكردنی ئەو كێشەیە بۆ رای گشتی».
باوكی یوسف پەنای بردووەتە بەر دادگا بەڵام دەڵێت كە كاروبارەكان «زۆر بەخاوی» دەڕۆنە پێش وهێشتا دادگا یەكەم دانیشتنی خۆی ئەنجام نەداوە لەسەر ئەو كێشەیە.
ئەوانەی وەكو باوكی یوسف پەنا دەبەنە بەر دادگا بۆ وەرگرتنەوەی مافی خۆیان، زۆرجار بەدەست بەتاڵی دێنە دەرەوە، چونكە كەیسەكانی هەڵە پزیشكیەكان لەكوردستان لەبەرژەوەندی خاوەن مافدا یەكلایی ناكرێتەوە. هەندێكیشیان وەكو باوكی یوسف ژیانی دەكەوێتە مەترسیەوە كاتێك بەدوای وەرگرتنەوەی مافی خۆیدا دەڕوات.
هیوا حەمەساڵح، قوربانیەكی دیكەی هەڵە پزیشكیەكانە، ئەو بەهۆی بوونی ئازار لەپشتیدا چووەتە لای پزیشك، بەڵام لەو سەرەوە بەئیفلیجی گەڕاوەتەوە.
كاتێك ئازاری پشت و قاچ كە بە «ئینزیلاق» ناسراوە هیوای بێهیوا كردبوو، روو لەپزیشكێك دەكات و ئەویش بەڵێنی چارەسەری یەكجارەكی پێدەدات، بەڵام دوای دوو جار لەنەشتەرگەری كردن و پشت بەستن بەبەڵێنەكانی پزیشكەكەی، هیوا بێهیوا دەبێت و ناگاتە هیچ ئەنجامێك و ئازارەكانی زیاد دەكەن و بەشێكی زۆری جەستەی لەكاردەكەوێت.
هیوا بۆ هاوڵاتی دواو وتی: «دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەریەكەم دكتۆرەكەم وتی، بڕۆە ماڵەوەو كێشەت نەماوە، بەڵام ئازارەكەم نەك كەم نەبۆوە، بەڵكو ئەمجارە ئازارەكەم ئەوەندە زۆربوو زەڕبی سەدی بكە».
هیوا بەروار و كات و وتەكانی پزیشكەكانی وەك خۆی لەبیرماون هەروەك ئەوەی ئێستا رویان دابێت، درێژەی بەقسەكانیدا و باسی لەوە كرد كە دووبارە چووەتەوە بۆ لای پزیشكەكەی پێی وتووە ئازاری زۆرە، بەڵام پزیشك سەرەتا رێنمایی كردووە كە پشوو بدات، بەڵام دوای فرتنی تیشك شتێكی تر روویدا.
هیوا وتیشی: «دووبارە چومەوە لای پزیشكەكەم، هێشتا تەقەڵەكانی یەكەم نەشتەرگەریم پێوە مابوو، بەڵام دوای پشكنین و تیشك پێی وتم، دەبێت دەستبەجێ نەشتەرگەریت بۆ بكەمەوە»
هیوا دەشڵێت «بە دكتۆرەكەمم وت تۆ بەڵێنی چارەسەری تەواوەتیت پێدام، بەڵام ئەو پێی وتم چار نیە ئەمە [پزیشكییە]» واتە مەبەستی ئەوە بووە كە لە رووی پزیشكیەوە نابێ نەخۆشەكە قسەی تێدا بكات.
هیوا دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری دووەم، سەرەڕای چارەسەرنەبوونی ئازارەكەی، هەموو جەستەی سڕ دەبێت و تەنها زمان و دەموچاوی دەجوڵێت، بەڵام پزیشكەكەی لە وەڵامدا پێی دەڵێت «چیولێبكەم ، هەروایە».
بەم جۆرە هیوا ناچار دەبێت روو لەئێران بكات، دوای گەڕانەوەی و وەرگرتنی ڕاپۆرتی پزیشكی دەگەڕێتەوە كوردستان و دوو جار داوای یاسایی تۆمار دەكات، بەڵام ئەمجارەش وەك خۆی دەڵێت هەمووشتێك بێ ئەنجام بووە و «شكاتەكەم هیچ دەورێكی نەبوو»، هیچ پارێزەرێكم نەبوو هەم لەبەر باری داراییم هەمیش خۆم هەمووشتەكانم دەزانی، چونكە بە هەر پارێزەرێكم دەوت تەنها وەڵامیان ئەوەبوو « لەگەڵ دكتۆردا پێمان ناكرێت»
هەموو هەڵە پزیشكیەكان بەشێوەیەكی فەرمی تۆمار ناكرێن، چونكە هەندێك نەخۆش هۆشیاری نیە بەدواداچوون بكات بۆ مافی خۆی، ئەمە سەرەرای ئەوەی هەندێك لەدەزگاكانی تەندروستی ئامادەنین زانیاریی لەسەر ئەو پرسە بە رۆژنامەنووسان بدەن.
هاوڵاتی پەیوەندی كرد بە سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی و ژمارەیەك لەبەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی لەسەر ئەو پرسە، بەڵام ئامادەنەبوو هیچ زانیاریەك بۆ رای گشتی لەسەر پرسەكە بخاتەڕوو.
ئەوەش لەكاتێكدایە لەسنوری تەندروستی گشتی سلێمانی بۆ ئەمساڵ تاوەكو ئێستا «چوار سكاڵای «یاسایی لەسەر هەڵە پزیشكیەكان تۆماركراون.
بەڵام سامان لەتیف، وتەبیژی تەندروستی سلێمانی بەهاوڵاتی وت: «لەئێستادا كار لەسەر هەر چوار حاڵەتەكە دەكرێت».
بەوتەی وتەبێژی تەندروستی سلێمانی دوو جۆر كەیس لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی هەن، یەكێكیان ئەوەیە كەهاووڵاتی خۆی دەچێتە بنكەیەكی پۆلیس و سكاڵا تۆمار دەكات، پاشان رەوانەی دادگا دەكرێت و لە دادگاشەوە رەوانەی تەندرووستی سلێمانی دەكرێتەوە، جۆرێكی دیكەشیان هاووڵاتی خۆی راستەوخۆ دەچێتە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و لەبەشی یاسا سكاڵا تۆمار دەكات.
سامان لەتیف باسی لەوەشكرد كەدوای تۆماركردنی سكاڵاكە لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی بۆ پێك دەهێنرێت كە لەپێنج ئەندام پیكدێن، جاری واش هەیە سێ ئەندامن و ئەوانیش پێكدێن لەنوێنەری داواكاری گشتی و پزیشكی پسپۆڕ لەگەڵ نوێنەری بەشی یاسایی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی.
یاسا رێگەدەدات بەنەخۆش كە سكاڵا تۆمار بكات، بەڵام ئەمەش ئاسان نیە بۆ نەخۆشانێك كەهێشتا بەئازارەكانیانەوە دەتلێنەوە، لەكاتێكدا نەبوونی هۆشیاری و نەبوونی توانای دارایی ئەو دەرگایەی بەسەر زۆرێك لە قوربانیەكان داخستووە.
ئەحمەد زوهەیر پارێزەرەو لەبارەی سكاڵای نەخۆشەكان لەسەر هەڵە و كەمتەرخەمی پزیشكی بەهاوڵاتی وت: «كەسانێكی زۆر كەم سكاڵا تۆمار دەكەن، ئەوەش زۆربەی جار لەبەر دۆخی دارایی نەخۆشەكانە كە ناتوانن پارێزەر بگرن، یاخود كەم جاریش هەیە داواكە بەسودی نەخۆش تەواو بێت، لەگەڵ ئەوەشدا كەسانێكی كەم هۆشیاریان هەیە كە بزانن چۆن داوا تۆمار بكەن و داوای مافی خۆیان بكەن»
ئەحمەد زوهەیر كە لەساڵی ٢٠٠٩ وەك پارێزەر كاردەكات، دەشڵێت:» تائێستا دوو حاڵەتم هەبووە كە ئەوانیش تەنها پرس و راوێژ بووە و داوایان تۆمار نەكردووە».
زۆرجار كەسوكاری نەخۆش ناتوانن مافی خۆیان وەربگرنەوە ئەگەرهاتوو نەخۆشەكەیان بەهۆی هەڵەی پزیشكیەوە گیانی لەدەستدا، چونكە لەماددەی ٤١١ی سزادانی عێراقیدا باسی كوشتنی بێ مەبەست دەكات، كە ئەوەش زیاتر مردن بە رووداوی هاتوچۆو و هاوشێوەكانی دەگرێتەوە.
هەروەها لەماددەی ٤١٦دا كە زیاتر پەیوەستە بە هەڵەی كارو پیشە، كەسی تاوانبار سزا دەدرێت بە بەندكردن (لە ساڵێك كەمتر نەبێت )پێبژاردن (لە ٤٥ هەزار كەمتر نەبێت و لە ٢٢٥ هەزار زیاتر نەبێت) ئەگەر هاتوو بووە هۆی مردن، زیانگەیاندن بە نەخۆش، ئەنجامدانی هەڵەیەكی پزیشكی كە ببێتە هۆكاری كەم ئەندامبوونی نەخۆش ئەوەش بەهۆی كەمتەرخەمی یاخود هەڵەكردن.
لەهەموو بارەكاندا، نەخۆش بەئاسانی ناتوانی قەرەبوو وەربگرێتەوە، بەو پێیەی زیانەكانی نەخۆش بە تەنیا دارایی نین و زیانی گیانی و جەستەییشی تێدایە، ئەمە جگە لەوەی كەیسەكانیان بە ئاسانی ناچیتە پێشەوە، هەروەكو ئەوەی باوكی یوسف وتی كە شەش مانگ هیچ دانیشتنێكی دادگا لەسەر كەیسەكەی نەكراوە.
هاوشێوە یوسفی سێ ساڵان كە باوكی بردیە نۆرینەگی گەڕەك، ژنێكی تەمەن ٣٥ ساڵان لە ئاكرێ بەناوی شەریهان كە خاوەنی پێنج منداڵ بوو، بەهۆی پەتایەكی سووكەوە سەردانی نۆرینگەیەكی كرد، بەڵام دوای لێدانی دەرزیەك گیانی لەدەستدا.
شەلال كوردی، شوبرای شەریهانە بەهاوڵاتی وت: «هیچ عەیبی نەبوو، پێشتریش لەهەمان نۆرینگە بۆ ئەو پەتایە دەرزی بۆكرابوو، بەڵام ئەمجارەیان كە چوویەوە نۆرینگەكە، راست لەدوای دەرزیەكەی لێیان دا لەهۆش چوو، تاوەكو لەكۆتایدا لە فریاكەوتنی ئاكرێ گیانی لەدەستدا».
سەرەڕای گیانلەدەستدانی شەریهان كە وەك پشتڕاستكراوەتەوە بەهۆی دەرزیەكە گیانی لەدەستداوە، بەڵام بنەماڵەكەی هیچ سكاڵایەكیان تۆمار نەكردووە و دەڵێن « قەدەری خودایە و بەوە رازین».
ئەگەرچی كەسوكاری شەریهان رووداوەكەیان بەستووەتەوە بەقەدەرەوەو سكاڵایان تۆمار نەكردووە، بەڵام ئەوانەشی كەوەكو باوكی یوسف سكاڵا تۆمار دەكەن، هەندێكجار دووچاری گرفتی قورستر دەبنەوە، ئەویش هەڕەشەكردنە لێیان كە دەست لەسكاڵاكانیان هەڵبگرن.