مستەفا سەید قادر بۆ هاوڵاتی: هەرێم بەرگەی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن‌و ململانێی زیاتر ناگرێت

2 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: سەركۆ جەمال

جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كەهاوكات سەركردەیەكی دیاری بزوتنەوەی گۆڕانە، ئاماژە بەوەدەدات زەحمەتە لەوكاتەی دیاریكراوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامبدرێت، دەشڵێت:» دۆخی هەرێمی كوردستان بەرگەی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن و ململانێی زیاتر ناگرێت».

مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی دەشڵێت» پێویستە كاك مەسعود فراوانتر بیر بكاتەوە و هەوڵی جددی تر بدات بۆ ئەوەی كۆدەنگی دروستبێت بۆ رێككەوتنی لایەنەكان و كۆتاییهێنان بەكێشەكانی نێوانیان».

جێگری سەرۆكی هەرێم پێشیوابوو كە لەسەرۆكایەتی هەرێم و وەكو حزبیش، گۆڕان رۆڵی هەبووە لەنزیكبوونەوەی پارتی و یەكێتی بۆ رێككەوتن لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانیان.

هەروەها لەبارەی هەڵبژاردنی رێكخەری گشتی گۆڕان باسی لەوەكرد كەچاوەڕێی ئاشتكردنەوەی ناڕازییەكانن، وتیشی:» لەگەڵ ناڕازییەكانی گۆڕان خەریكین ئاشتیان بكەینەوە، ئەگەر گۆڕانیش نەكەینەوە بەهێزەكەی جاران دەتوانین بزوتنەوەكە بیكەین بەهێزێكی كاریگەر».

هاوڵاتی: لەدوای تێپەڕبوونی شەش ساڵ بەسەر كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا چیت هەیە؟

مستەفا سەید قادر: كاك نەوشیروان سەركردەیەكی دەگمەن و مەزنە لەو رووەوە كەشارەزایی لەزۆر بواردا هەبوو، كەم لەسەركردەكان لەهەموو بوارەكاندا ئەو شارەزایی و وردبینیەی ئەویان هەبوو، پێشبینی ئەو بۆ رووداوەكان بەهێزبوو، رۆژانە ئاگاداری گۆڕانكاریەكانی ناوچەكەو دنیا بوو، بێجگە لەوە چ لەشاخ وەكو سەركردەیەك چی لەشار دوای راپەڕین بەرنامەكانی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهێز بووە.

هاوڵاتی: ئەمە پرسیاری زۆرێك لەخەڵكە ئەگەر یەكێتی و پارتی رێكبكەون هەڵبژاردن دەكرێت ئەگەر رێكیش نەكەون ئەوا ناكرێت؟

مستەفا سەید قادر: هەروابووە تائێستا، وەكو بزوتنەوەی گۆڕان لەكۆنەوە پێمان وابووە كەئێمە دەبێت هەموومان پێكەوە بین، كاك نەوشیروان پرۆژەو بەرنامەی زۆری هەبووە بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان پارێزراو بێت و ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ یەكێك لەپرۆژەكانی، ئەوەبوو كەدەبێت حزب لەحكومەت جیابكرێتەوە، حزب ململانێی سیاسی دەكات ژیانی دیموكراسی وایە، بەڵام كە چووە حكومەتەوە دەبێت حكومەتداری  بكات، ئەگەر لایەنێكیش زۆرینەی هێنا با خۆی حكومەت پێكبهێنێت.

لەهەرێمی كوردستان بەهۆی ئەو دۆخە نالەبارەی كەهەبووە لەسەرەتاوە، یەكێتی و پارتی لەیەكەم خولی هەڵبژاردن كە پەنجا بەپەنجا دەنگیان هێنا، بەڵام ئەگەر لایەنێك لەدەسەڵات بوایەو لایەنێك ئۆپۆزسیۆن رەنگە دۆخەكە ئێستا بەمشێوەیە نەبوایە، دیارە هەرێمی كوردستان دۆخەكەی وابووە بەرگەی نەگرتووە لایەنێكیان ببنە ئۆپۆزسیۆن.

ئێستاش هەڵبژاردن پێویستە بكرێت و لەكاتی خۆشیدا بێت، ئەو ململانێیەشی كەهەیە پێویستە لەچوارچێوەی خزمەتكردنی خەڵكدا بێت بۆ ئەوەبێت كام لایەن دەیەوێت خزمەتی زیاتر بكات، بەداخەوە ئێستا ململانێكان وای لێهاتووە، ئەگەر سەرنجتان دابێت هەڵبژاردنەكانی پێشووتر سەدا 70ی خەڵك دەچووە دەنگدان، بەڵام ئەم دەنگدانەی كۆتایی بەپێچەوانەوە سەدا 70ی خەڵك نەچووە دەنگدان، ئەمەش ئەنجامی بێ متمانەیی خەڵكە.

خەڵك چاوەڕوانیان ئەوە بووە كەئەو هەموو ساڵە خزمەتی زیاتر بكرێن، مووچە لەكاتی خۆیدا بێت وڵاتەكەمان زیاتر ببووژێتەوەو كێشەكان چارەسەربكرێت، بێگومان لەگەڵ ئەوەشدا هەموومان تەبابین دەتوانین ئامانجەكان زیاتر بەدیبهێنین.

هاوڵاتی: پێتانوایە ئەمساڵ هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا دەكرێت؟

مستەفا سەید قادر: دۆخێك هاتووەتە پێشەوە لەهەرێمی كوردستان كە لەوە زیاتر بەرگە نەگرێت، هەڵبژاردن دەكرێت، ماوەتەوە سەر مانگ و رۆژەكەی، رەنگە زۆر دوانەكەوێت، ناڵێم لەوكاتەی كە سەرۆكی هەرێم دیاریكردووە لە 18ی 11ی ئەمساڵ دەكرێت، چونكە لایەنە هونەریەكانی رەنگە كاتی زیاتری بوێت، بەڵام پێشموایە لەم ماوەیەدا لایەنە سیاسییەكان دەگەنە رێككەوتنێك كاتێك دیاریبكەن و لەوكاتەدا بكرێت، چونكە فشاری نێودەوڵەتی هەیەو دۆخی عێراق و هەرێمیش وادەخوازێت كەئێمە دەبێت هەڵبژاردن هەر بكەین.

هاوڵاتی: گرفتی سەرەكی چییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن؟

مستەفا سەید قادر: گرفتی سەرەكی یەكێتی و پارتین ئەگەر ئەوان لەسەر هەڵبژاردن رێكبكەون، ئەگینا وەكو گۆڕان هیچ گرفتێكمان نیەو هەوڵیشمان داوە نزیكبوونەوە لەنێوان ئەو دوو لایەنە بێت، بەڵام نزیكبوونەوەیان لەسەر حسابی لایەنە سیاسییەكان  و خەڵك نەبێت.

هاوڵاتی: ئەگەر هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا نەكرێت چ مەترسییەك لەسەر هەرێمی كوردستان دروستدەبێت؟

مستەفا سەید قادر: ئەگەر رێككەوتن ببێت لەنێوان لایەنەكان هیچ مەترسییەك روونادات بەتایبەت یەكێتی و پارتی كەڕۆژی هەڵبژاردن دیاریكراو بێت، گۆڕانیش هەم وەكو تیمی حكومەت لەناو ئەنجومەنی وەزیران رۆڵی هەبووە لەنزیكبوونەوەی پارتی و یەكێتی هەم لەسەرۆكایەتی هەرێم رۆڵی هەبووە وەكو لایەنی سیاسیش هەوڵی هەبووە بۆ رێككەوتنی لایەنەكان، لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی دیكەش پرۆژەی هەبووە بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجام و پێكەوە كاربكەین بۆ پاراستنی قەوارەی سیاسی هەرێم و خزمەتكردنی هاووڵاتیان.

هاوڵاتی: سەبارەت بەدەستپێشخەرییەكەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی بۆ رێككەوتنی پارتی و یەكێتی و لایەنەكان چی دەڵێیت؟

مستەفا سەید قادر: دەستپێشخەرییەكی باش بوو دەبوایە زووتریش ئەمە بكرایە، زۆر دەمێكە وەكو بزوتنەوەی گۆڕان ئەو پێشنیارانەمان كردووە كەدەستپێشخەری بكرێت.

هیوادارم هەموومان سووربین لەسەر ئەو كۆبوونەوانەی ئێستا هەیە بۆ ئەوەی ململانێكان لەوە زیاتر قوڵتر نەبنەوە، چونكە هەرێمەكەمان و خەڵكەكەشمان بەرگەی لەوەزیاتر ناگرێت، پێش هەموو شتێكیش ئەركی سەرشانی پارتی دیموكراتی كوردستانە چونكە كاك مەسعود سەرۆكی پارتییە و جەنابی مام جەلال و كاك نەوشیروانیش لەژیاندا نەماون، بۆیە دەبێت ماندووتر بن و باشتر بێنە پێشەوەو پێویستە كاك مەسعود بارزانی فراوانتر بیربكاتەوەو هەوڵی جددی تر بدەن بۆ ئەوەی كۆدەنگی دروستبێت بۆ رێككەوتنی لایەنەكان و كۆتایی هێنان بەكێشەكانی نێوانیان.

هاوڵاتی: بەهۆی كەمبوونەوەی دەنگەكانی بزوتنەوەی گۆڕان ژمارەیەكی زۆر لەلایەنگرانی نیگەران بوون و دووركەوتنەوە، ئێوە چی دەكەن بۆ ئاشتكردنەوەیان؟

مستەفا سەید قادر: لەم ماوەیەدا هەم پەیامێك و بانگەوازێكمان هەبووە بۆ ئاشتبوونەوە هەم لەگەڵ هاوڕێكانمان لەگفتوگۆداین بۆ ئەوەی بەیەكەوە ئاشت ببینەوە، چونكە ئەو ناكۆكیانەی لەنێوانماندان ئەوەندە قووڵ نین شتی ستراتیژی و نەتەوایەتی نین، دەكرێت جارێكی دیكە پێكەوە كاربكەین، وەكو وەفایەكیش بۆ كاك نەوشیروان بتوانین ئەگەر گۆڕانیش نەكەینەوە بەهێزەكەی جاران بیكەینە هێزێكی كاریگەر.

هاوڵاتی: مەسەلەی پۆستی رێكخەری گشتی لەناو گۆڕاندا بۆچی تائێستا یەكلایی نەبووەتەوە؟

مستەفا سەید قادر: رێكخەری گشتی بەهەڵبژاردن دەبێت، ئێمە دەستورێكمان هەیە تا ئەوكاتەی كۆنفرانس دەبەستین ئەو دەستورە هەر هەموارێكی تێدابكرێت یاخود نەكرێت، رێكخەر بەهەڵبژاردن یەكلایی دەكرێتەوە، بۆ ئەوەش چاوەڕوانی پرۆسەی ئاشتكردنەوەی هاوڕێكانمان دەكەین بزانین چەند دەتوانین ئاشت ببینەوە ئەوكاتە پێویستمان بەوە دەبێت هەم كۆنفرانس ببەستین و هەمواری دەستورەكەمان بكەینەوە ، ئەوكاتیش هەڵبژاردنێك دەكرێت لەخوارەوە بۆ سەرەوە تاڕێكخەری گشتی گۆڕان.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار