عەزیز سەعید بۆ هاوڵاتی: شوێنی پرۆژەی نیشتەجێبوونی كەمدەرامەتانی سلێمانی لەتاسڵوجە دەبێت

2 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: سەركۆ جەمال

بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی ئاماژە بەوەدەدات كەپرۆژەی نیشتەجێبوونی كەمدەرامەتان لەسلێمانی لەدیزاین كردندایەو دەشڵێت:»شوێنی پرۆژەی نیشتەجێبوونی كەمدەرامەتانی سلێمانی لەتاسڵوجە دەبێت».

عەزیز سەعید بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی لەم چاوپێكەوتنەدا لەگەڵ هاوڵاتی ئەوەشی خستەڕوو كە لەمانگی 10ی ساڵی رابردووەوە مۆڵەتی نوێی پرۆژەی نیشتەجێبوون راگیراوە، بەڵام ئەو پرۆژانەی پێشتر مۆڵەتیان هەبووە سەرجەمیان لەكاردان و بەشێكی زۆریشیان تەواوبوون، دەشڵێت» تائێستا زیاتر لە 60 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لەپارێزگای سلێمانی دروستكراوە».

هاوڵاتی: ئایا مۆڵەتی پرۆژەی نیشتەجێبوون راگیراوە یان دەنگۆیە؟

عەزیز سەعید: بۆ ئەو پرۆژانەیە كە لەمەودوا دەستپێدەكەن، لەمانگی 10ی ساڵی رابردووەوە مۆڵەتی پرۆژەی تازە پێشكەش ناكرێت، بەڵام ئەو پرۆژانەی پێشتر مۆڵەتی شارەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەكانی بۆ كرابێت بەردەوام دەبێت.

هاوڵاتی:  كەرتی نیشتەجێبوون لەسلێمانی تاچەند بووەتە هۆی ئەوەی رێژەی كرێچی كەمبكاتەوە؟

عەزیز سەعید: ئەوەی تائێستا ئێمە كردوومانە زیاتر لە 60 هەزار یەكەی نیشتەجێبوونە لەپارێزگای سلێمانی كەئەمانە بوونەتەهۆی ئەوەی سێ كاریگەری گەورەیان هەبێت، خەڵكانێك كەخاوەنی یەكەی نیشتەجێبوون نەبوون بوون بەخاوەنی، بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون وادەكات نرخی كرێی نیشتەجێبوون كەمبێتەوە، هەروەها ئەم پرۆژانە دەستی كار زیاتر دەكات، لەكەرەستەكانەوە تائەندازیارو كرێكارو چەندین خەڵكی دیكە، بەمەش پارە جموجوڵ دەكات و بازاڕ دەبوژێتەوە، ئەمەش وایكردووە سلێمانی یەكەمی عێراق بێت و 3%ی رێژەی بێكاری تێدایە.

پرۆژەی واهەیە لەسلێمانی نزیكەی هەشت هەزار كەس كاری تێدادەكات، لەكاتێكدا حكومەت 10 ساڵە نەیتوانیوە كەس دابمەزرێنێت، جگە لەوەی مۆڵەتمان بەزیاتر لە 365 پرۆژەی بازرگانی و وەبەرهێنان داوە كەئەمانە خەڵكێكی زۆری خستووەتە سەر كار.

ئەو ئامارەش كەدەڵێت 40 هەزار كرێچی بوونی هەیە لەپارێزگای سلێمانی لای ئێمە زۆر كەمبووەتەوە، بەڵام بەوردی لامان نییە هێشتا.

هاوڵاتی: حكومەتی هەرێم بڕیاریداوە پڕۆژەی نیشتەجێبوون بۆ كەمدەرامەتان بكرێت؟ كەی ئەم پڕۆژانە دەستپێدەكرێت و ئەگەر زەوی بۆ تەرخانكراوە دەكەوێتە كوێی سلێمانی؟

عەزیز سەعید: ئەو پرۆژەیە شوێنێكی زۆر باشمان بۆ هەڵبژاردووە لەسلێمانی، نزیك لەبەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانییە، شوێنێكی گرنگەو ئێستا لەشارەوانی دیزاینی بۆ دەكرێت و بۆ سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆكان هەشت هەزارو 600 یەكەیە، بەڵام بۆ خودی سلێمانی نزیكەی چوار هەزار شوقەیە.

هاوڵاتی:  پێشتر قوباد تاڵەبانی بڕیاری زیاتر لەسەر  پەنجا پڕۆژەداو بەشێكی زۆری ئەو پڕۆژانە مۆڵەتیان پێدراوە، بەڵام هێشتا سەرۆكی حكومەت واژۆی نەكردووە؟ كەی مۆڵەتی ئەو پڕۆژانە دێتەوە؟

عەزیز سەعید: ئەو پرۆژانە هەمووی تەواوبوون و مۆڵەتیان وەرگرتووە، زۆربەشیان كارەكانیان تەواو بووەو 35 پرۆژەیان ساڵی رابردوو تەواو بووەو ئەوانی دیكەش كارەكانیان نێردراوە بۆ ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان، ئێستا هەموویان بێ كێشەن.

پڕۆژەی (داون تاون) لەبەر ئەوەی پابەند نەبوو بەوکاتەی کە ئەنجومەنی شارەوانی بۆی دانابوو نووسراومان کردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژەکە

هاوڵاتی:  بەپێی یاسای وەبەرهێنان زەوی دابین دەكرێت بۆ پڕۆژەكان، لە 2022 بەبەهای چەند پڕۆژەی وەبەرهێنان مۆڵەتی وەرگرتووەو لەمساڵیشدا ئەگەر ئاماری ئەم چەند مانگەت لابێت باسی بكەی؟

عەزیز سەعید: 2022 باشترین ساڵی وەبەرهێنانی سلێمانی بوو، لە 60٪ی هەموو وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان لەسلێمانی بوو، 39 پرۆژە مۆڵەتی بەسەرمایەی یەك ملیارو 340 ملیۆن دۆلارو 15 پرۆژەی تریشمان ئامادەكردبوو لەئەنجومەنی وەزیران بەگوژمەی یەك ملیارو 100 ملیۆن دۆلار، بەڵام هێشتا مۆڵەتیان پێنەدراوە.

هاوڵاتی: پڕۆژەی گەشتیاری دوكان بەچی گەیشت كەماوەیەكی زۆرە باسدەكرێت كەسەرمایەدار فاروق مەلا مستەفا بەهاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیاو حكومەت ئەنجامی دەدات؟

عەزیز سەعید: ئەو پرۆژەیە هاوبەشە، سەرۆكی لیژنەی باڵای پڕۆژەی گەشتیاری دوكانم، هەموو ئامادەكارییەكمان بۆ كردووەو زۆربەی كارەكانمان بۆ كردووە، تەنها رادەستکردنەوەی زەویەكان ماوە، چونكە دەبێت زەوی بێ كێشە رادەستمان بكرێت و لەئایندەیەكی نزیكدا دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

هاوڵاتی: ئایا هیچ پرۆژەیەك هەیە مۆڵەتی نەبووبێ و ریكلامی كردبێت؟

عەزیز سەعید: رێگەمان نەداوە هیچ پرۆژەیەك بێ مۆڵەت كاربكات، بەنووسراو و لەڕێگەی میدیاكانەوە بانگەوازمان كرد هەر پرۆژەیەك مۆڵەتی نەبوو كڕین و فرۆشتن نەكات و ریكلامیشی بۆ نەكات، هیچ پرۆژەیەك نابێت پێش مۆڵەت كاربكات و تەنها بۆی هەیە زەوییەكەی پاكبكاتەوە، هەركەسێك پابەندنەبێت پرۆژەكەی رادەگرین و سزای دەدەین، هەركەسێك تووشی كێشەیەك ببێت لەپرۆژەیەك بەو مەرجەی پرۆژەكە مۆڵەتی هەبووبێت ئێمە بۆمان چارەسەر كردووە، بەڵام ناچینە ژێر بەرپرسیارێتی كێشەیەك لەپرۆژەیەكدا كەمۆڵەتی نییەو هاووڵاتیان مامەڵەیان كردووە.

هاوڵاتی: دوای بومەلەرزەكەی توركیا هیچ پێداچوونەوەیەك بەلایەنی ئەندازیاری ئەو پڕۆژانەدا كراوە كەمۆڵەتیان هەیەو هێشتا دەستیان پێنەكردووە كەبەرگەی زەمین لەرزە بگرن؟

عەزیز سەعید: هەنگاوی باشمان ناوە لەوردبینی دیزاینەكان، ئاگاداری هەموو نووسینگەكانمان كردووەتەوە، هەموو پرۆژەكانمان ئاگاداركردووەتەوە بەبێ چێك دیزاینی بومەلەرزە هیچ پرۆژەیەك پەسەندناكرێت، بەڕاستی پرۆژەكانمان نامەوێت زیادەڕەوی بكەم، بەڵام لەڕووی كوالێتیەوە پرۆژەكانی سلێمانی زۆر باشن، بەڵام لەهەندێك پرۆژەشدا كێشە هەر دروستدەبێت ئەمەش لەهەموو دنیا هەیە، رەنگە هەڵەی ئەندازیارێك كێشەیەك دروستبكات.

سەرۆکی لیژنەی باڵای پڕۆژەی گەشتیاری دوکانم، تەنها ڕادەستکردنەوەی زەوییەکان ماوەو لە ئایندەیەکی نزیکدا دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە

هاوڵاتی:  ئەگەر خاوەن یەكەكانی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون گلەییان هەبێت پەنا بۆ كوێ ببەن؟ دادگا یان بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی سلێمانی؟

عەزیز سەعید: ئەگەر پرۆژەی ئێمە بوو پێش ئەوەی بچنە دادگا ئێمە هاوكارییان دەكەین ئەگەر پێشمان چارەسەر نەكرا رەوانەی دادگای دەكەین.

هاوڵاتی:  هیچ پڕۆژەیەك هەیە مۆڵەتی وەرگرتبێت و زەوییەكەتان لێسەندبێتەوە؟

عەزیز سەعید: بەتەئكید بەڵێ، پێشتر چەند پرۆژەیەكمان هەبووە، لەوانە مینا ستی لەبەرئەوەی وەبەرهێنەرەكە پەیوەست نەبوو بەپرۆژەكە لێمان وەرگرتەوەو لێپێچینەوەشمان لەگەڵ كردووە.

هاوڵاتی:  پڕۆژەی (داون تاون) سەرمایەدار هیوا رەئوف بەچی گەیشت؟ كەهێشتا كاری تێدا نەكراوە؟

عەزیز سەعید: لەبەرئەوەی پابەندنەبوو بەوكاتەی كەئەنجومەنی شارەوانی بۆی دانا، نووسراومان كردووە بۆ ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پرۆژەكە.

هاوڵاتی: پێتانوایە دوای پەسەندكردنی بودجەی عێراق پڕۆژەی زیاتری وەبەرهێنان ئەنجامدەدەرێت؟

عەزیز سەعید: بەڵێ بێگومان ئەگەر سەقامگیری مووچەو بودجەی هەرێمی كوردستان دروست ببێت، كاریگەری زۆری دەبێت و سەقامگیری ئابوری دروستدەبێت.

هاوڵاتی:  ساڵانە سلێمانی پێویستی بەچەند هەزار یەكەی نیشتەجێبوون هەیە؟

عەزیز سەعید: ناتوانین بەدیاریكراوی ئەوە بڵێین، چونكە لەهەموو دنیا گۆڕانكاری روودەدات، بەڵام بەحسابی خۆمان ئەگەر لەپێنج بۆ 10 هەزار یەكە بكەین لەوە زیاترمان پێویست نیە ساڵانە، ئێستا ساڵانە ئەوەندە دەكرێت و زیاتریش، چونكە پێشتر 10 ساڵ وەستا بەهۆی قەیرانی داراییەوە، ئێستا خەڵك داواكاری زیاترە، چونكە دەترسێت جارێكی دیكە رابوەستێتەوە.

هاوڵاتی: بۆچوونێك هەیە كەزەوی بەبێ بەرامبەر نەدرێتە وەبەرهێن ئەگەر خزمەتگوزارییەكانی ناو پڕۆژەكە ئەنجامنەدات، ئایا سزای وەبەرهێن دەدرێت یان چ ئالییەتێك بۆ جێبەجێكردنی خزمەتگوزارییەكان دیاری دەكەن؟

عەزیز سەعید: لە 2012ەوە هەموو پرۆژەیەك بەپێی رێنمایی 92 و 94 دەبێت خزمەتگوزارییەكان بكات، لیژنەیەكی تایبەتمان هەیە لەوەبەرهێنان و شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی نەخشەدانانی سلێمانی، ئێمە خۆمان پرۆژەكە واژۆ دەكەین، هیچ پرۆژەیەك ئەگەر تەواو نەبێت پەسەندناكرێت.

هاوڵاتی: لەبەشێكی زۆری وڵاتانی جیهان تەنها چەند پرۆژەیەكی كەمی نیشتەجێبوون نەبێت كەكەسانی تایبەتی تێدان، هیچ پرۆژەیەك كۆمپانیای سیكیورتی تێدا نییەو بۆ چوونە ژوورەوە دەرگای نییە بۆچی لەهەرێمی كوردستان بەو شێوەیە نییە؟

عەزیز سەعید: لەڕاستیدا هەرێمی كوردستان زۆرتر ئەوە بوونی هەیە، چونكە داوای خەڵكە، ئەگینا بەپێی یاسا دەبێت وەكو گەڕەكەكانی دیكە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، بەڵام بەشێكی زۆری خەڵكی وای پێخۆشە.

 


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار