ئیسرائیل هێرشەكانی بۆ سەر پێگەكانی ئێران لەسوریا چڕتر دەكاتەوە
سەرۆكی ئەركانی سوپای ئیسرائیل هەنگاوێكی سەربازی دژی ئێران دەجوڵێنێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆكی ئەركانی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، پێشهاتی نەرێنی سەبارەت بەچەكی ئەتۆمی ئێران هەیە كە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی كردەوەی سەربازی و ئێرانیش ئەوە دووپاتدەكاتەوە پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ پڕۆسەی ئاشتی و وزەی وڵاتەكە بەكاردەهێنن.
هێرزی هێلڤی، سەرۆكی ئەركانی سوپای ئیسرائیل، رۆژی سێشەممە 23ی ئایار لەكۆنفرانسی هەرزلیە، رایگەیاند: «ئێران لەهەموو كاتێك زیاتر پێشكەوتنی لەپیتاندنی یۆرانیۆمدا بەدەستهێناوە، ئێمە سەیری دەكەین و دەڵێم پێشهاتی نەرێنی لەئاسۆدا هەیە كەدەتوانێت ببێتە هۆی كردار».
ناوبراو لەدرێژەی قسەكانیدا راشیگەیاند كەتوانای لێدانی ئێرانیان هەیەو بێباك نین لەوەی ئێران هەوڵی ئەوەی لەدەوروبەریان بنیات بنێت و ئەستەمە تاران بێباكانە بێت بەرامبەر بەو هێڵەی كە دەیگرینەبەر.
پێشتریش یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل هەڕەشەی لەئێران كرد كەئەگەر بڕیار بدات رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ 90% بەرز بكاتەوە، باجێكی قورس دەدات، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی كەهەموو بژاردەكان لەسەر مێزی ئیسرائیلن بۆ رێگریكردن لەئێران لەدەستكەوتنی چەكی ئەتۆمی.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل لەوتارێكدا لەكۆنفرانسی هەرزلییە بۆ لێكۆڵینەوەی سیاسی و ستراتیجی رایگەیاند، ئەگەر ئێران بەڕێژەی 90% پیتاندنی یۆرانیۆم بكات، ئەوە هەڵەیەكی گەورە دەكات و رژێمی تاران پێویستە بزانێت ئەم هەنگاوە باجێكی قورس و ترسناكی دەبێت و دەرئەنجامەكانی لەئەستۆی خۆیاندا دەبێت».
ئیسرائیل لەناو خاكی سوریا چەندین جار بەرپرسە سەربازیی و ئەمنییەكانی ئێرانی كردووەتە ئامانج و بەمەترسی گەورەی دەزانن بۆ سەر قەوارەكەیان.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئاماژەی بەلێكنزیكبوونەوە لەگۆڕەپانەكانی دەوروبەردا كرد كەمەترسی بۆ سەر ئیسرائیل لەخۆدەگرێت، ئەوەی خستەڕوو كەئێران بەشێكی هاوبەشی ئەو هەڕەشانە وتی: «ئێران ساڵانە یەك ملیار دۆلار وەبەرهێنان لەتیرۆر دەكات و گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر ناوچەكەو سەقامگیری جیهان».
ژمارەی كوژراوانی ئێرانی لەئەنجامی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا لەمساڵدا زیاتر لەپەنجا چەكدارو بەرپرسی ئەمنی ئێرانی لەخۆگرتووەو لەگەڵ ئێرانییەكانیشدا بەرپرس و سەربازانی سوریا كراونەتە ئامانجی مووشەكەكانی ئیسرائیل.
ئیسرائیل بەردەوام مەترسییەكانی ئێرانی لای ئەمریكییەكان و وڵاتانی ئەوروپا باس كردووە، بەڵام هێشتا هەنگاوی سەربازی دژ بەئێران تەنها وەك «لێدوان» ماوەتەوەو ناو بەناو ئیسرائیل هێرش دەكاتەسەر ئەو كەس و لایەنانەی ئێران كە لەخاكی سوریادان.
ئاژانسی هەواڵی مێهری نیمچە فەرمی ئێران لەڕاپۆرتێكدا ئەوەی ئاشكرا كردبوو كەڕاوێژكارێكی سەربازی سوپای پاسدارانی ئێران دوای هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل لەنزیك پایتەختی سوریا بەهۆی برینەكانیەوە گیانی لەدەستداوە.
ئاژانسەكە رایگەیاندووە، «میقداد میقدانی لەكاتی هێرشی زایۆنیستەكان بەرەبەیانی رۆژی هەینی بریندار بووەو شەهید بووە».
بەپێی روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ، میلاد حەیدەری راوێژكاری سەربازی دیكەو ئەفسەری سوپای پاسدارانیش كوژراوە.
ئیسرائیل ساڵانێكە هێرش دەكاتەسەر ئەو شوێنانەی كە بەوتەی خۆی ئامانجی پەیوەست بەئێرانن لەسوریا، ئێرانیش ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە» ئەفسەرەكانی لەسەر بانگهێشتی دیمەشق رۆڵی راوێژكاری لەسوریا دەگێڕن»، لەكاتێكدا كە دەیان ئەندامی سوپای پاسداران لەنێویاندا ئەفسەری پلە باڵا لەسوریا لەكاتی شەڕدا كوژراون.
ئاژانسی هەواڵی سوریا، سانا، لەزاری سەرچاوەیەكی سەربازییەوە بڵاویكردەوە، «میدیای بەرگری ئاسمانیمان وەڵامی دەستدرێژییەكی ئیسرائیلی دایەوە كە بەمووشەك خاڵەكانی لادێكانی دیمەشقی كردە ئامانج».
ئەو سەرچاوەیە هێمای بۆ ئەوە كردووە ئیسرائیل هێرشێكی ئاسمانی بەتەقینەوەی مووشەك لەئاراستەی جۆلانی داگیركراوی سوریا ئەنجامداو شوێنێكی لەلادێكانی دیمەشق كردە ئامانج.
وەزارەتی بەرگری سوریا لەبەیاننامەیەكدا كەمیدیای فەرمیی سوریا بڵاویكردووەتەوە، رایگەیاندووە، «سوپای ئیسرائیل هێرشێكی ئاسمانی ئەنجامدا لەئاراستەیەكی باكووری رۆژهەڵاتی بەیروتەوەو هەندێك خاڵی لەشاری حومس و لادێكانی كردە ئامانج».
سەرچاوەیەكی سەربازی سوریا بەمیدیای فەرمیی راگەیاند، هێرشەكان هەندێك زیانی ماددی لێكەوتەوەو پێنج سەربازیش برینداربوون.
هەڵپەساردرنی كۆبوونەوەكانی پێنج زائید یەك لەگەڵ ئێران بووەتەهۆی ئەوەی كەتاران هەرەشەی پیتاندنی زیاتری یۆرانیۆم دەكات، ئەڵمانیاو فەرەنساش لەوبارەیەوە هۆشداری توندیان داوەتە ئێران كەدۆخەكە ئەوەندەی دیكە ئاڵۆز دەكات.
كۆماری ئیسلامی ئێران لەلایەن ئەمریكاو وڵاتانی رۆژئاواوە گەمارۆی ئابووری خراوەتەسەرو بەپاڵپشتیكاری تیرۆرو دروستكردنی بۆمبی نەوەوی تۆمەتبار دەكرێت و تارانیش ئەوە رەتدەكاتەوەو دەڵێن پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ پڕۆسەیەكی ئاشتی وزەی وڵاتەكەیان بەكاردەهێنن.