حكومەتی هەرێم نزیكەی 400 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون تاپۆ دەكات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەپێی یاسایەك كە لەپەرلەمانی كوردستان دەرچووە خانووە زیادەڕۆیی و ئەوانەی فۆرمی شارەوانیان هەیە لەسەرانسەری هەرێم تاپۆ دەكرێن و هەر یەكەیەك 10 هەزار دینار بۆ 1م دووجاو شوێنی بازرگانی 25 هەزار دینار بۆ 1م دووجا دەدرێتە حكومەت.
بەپێی ئەو ئامارە نافەرمییەی دەست هاوڵاتی كەوتووە نزیكەی 400 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون و شوێنی بازرگانی بەزیادەڕۆیی دروستكراون یان فۆرمی شارەوانیان هەیەو هەموو ئەوانە تاپۆ دەكرێن.
ئەگەر هەر یەكەیەك بەگشتی بە 150 مەتر دووجا بخەمڵێندرێت و بۆ هەر مەترێك 10 هەزار دینار وەربگیرێت، ئەوا 400 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون 600 ملیار دینار داهات دەست حكومەتی هەرێم دەكەوێت.
هەرچەندە بڕیاردراوە كە 30% داهاتی تاپۆكردنی یەكەكان بۆ خزمەتگوزارییەكانیان بەكاربهێندرێتەوە كەكۆی گشتی 180 ملیار دینار لەو پارەیە بۆ خزمەتگوزاری ناوچەكان پێویستە دابین بكرێت.
لوقمان وەردی، سەرۆكی لیژنەی شارەوانی و گواستنەوەو گەیاندنی پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت» لەسەرانسەری هەرێمی كوردستان زیاتر لە 300 هەزار خانووی زیادەڕەو هەیەو تائێستا زیاتر لە 100 هەزار كەس مامەڵەی خۆیان پێشكەش بەلایەنی پەیوەندیدار كردووە.
مامەڵەی هاووڵاتیان بۆ تاپۆكردنی خانووەكان لەڕێگەی پشتگیریكردنی موختاری گەڕەك و رەوانەكردنی بووە بۆ بەشی یاسایی پارێزگاكان.
سەرۆكی لیژنەی شارەوانی و گواستنەوەو گەیاندنی پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بەوەكرد بەپێی ئەو یاسایەی لەپەرلەمانی كوردستان دەرچووە خانووە زیادەڕەویەكان تاپۆ دەكرێن، راستە موڵەتەكەی تا 2024-ە، بەڵام دەرفەتی هەیە ماوەكەی درێژبكرێتەوە بۆ ئەوەی زوورترین كەس سوود لەبڕیارەكە وەربگرێت.
قایمقامیەتی قەزای دهۆك و شارەوانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا چەند لیژنەیەكیان پێكهێناوە بۆ بەتاپۆكردنی خانووە زیادەڕەوەكان، لیژنەكان لەسەرەتای ساڵی 2022 دەستبەكاربوون و تائێستا لەكۆی چوار هەزار خانووی بێ تاپۆ 409 خانوو تاپۆكراون.
عیسام محەمەد، سەرۆكی لیژنەی تاپۆكردن لەسەر ئاستی قایمقامیەتی قەزای دهۆك بەهاوڵاتی ی وت: «لەسەنتەری دهۆك نزیكەی چوار هەزار خانووی زیادەڕەو هەیەو تائێستا 409 خانوو مامەڵەكانیان تەواوبوونەو تاپۆكراون، هەر خانوونەیەك كەبڕیاردەدرێت تاپۆ بكرێت بەپێی شوێنەكە بڕی پارەكەی بۆ دەستنیشان دەكرێت ئەوەش لەڕێگای لیژنەی خەمڵاندن».
عیسام محەمەد، باسی لەوەشكرد بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران هەر خانوویەك ئەگەر پارەی تاپۆكەی بگاتە دوو ملیۆن دینار دەكرێتە چوار قیست، بەڵام ئەگەر لەخوار دوو ملیۆن بێت، ئەوا دەبێت خاوەنەكەی پارەكە لەسەریەك بدات.
عیسام محەمەد پێشیوابوو كاتەكە بۆ دوای ساڵی 2024 درێژ دەكرێتەوە، چونكە تائەوكاتە هەموو كەسێك ناتوانێت مامەڵەكانی خۆی تەواوبكات، وتیشی:» راستە رۆتینێكی زۆر لەبەڕێكردنی مامەڵەكان هەیە، ئەوەش وایكردووە پرۆسەكە زۆر دوابكەوێت».
خانووە زیادەڕەوەكان دەكەونە سنوری شارەوانی رۆژهەڵات و رۆژئاوای سەنتەری دهۆك، هاووڵاتیانیش دەڵێن روتینێكی یەكجار زۆر لەمامەڵەكانیاندا هەیە.
رەمەزان خورشید، ماڵی لەگەڕەكی گژە بەرایە لەسەنتەری دهۆك، خانووەكەی زیادەڕەویە، ئەو نیگەرانە لەڕۆتینەكانی بەڕێكردنی مامەڵەكانی بەتاپۆكردنی خانووی زیادەڕەوی بەهاوڵاتی وت:»زیاتر لەساڵێكە چاوەڕێی ئەوە دەكەین لیژنە سەردانمان بكات تائێمەش دەست بەمامەڵەكانی خۆمان بكەین و خانووەكەم تاپۆ بكەم، هەر دەڵێن ئەم مانگە یاخود مانگێكی تر دێن تائێستاش هیچ دیارنیە، وابڕاوت نەك ساڵێكی تر چەند ساڵێكی تری پێدەچێت تاهەموو خانووە زیادەڕەویەكان تاپۆ دەكرێن».