سەرجەم گەنمی ئەمساڵ لەجووتیارانی هەرێم وەردەگیرێت

یەک ساڵ لەمەوپێش



شەنای فاتیح

پێشبینی دەكرێت گەنمی جووتیارانی هەرێم لەمساڵدا زیاتر لەملیۆنێك تۆن بێت و وەزارەتی كشتوكاڵیش رێككەوتنی لەگەڵ عێراق كردووە كەسەرجەم بەرهەمی گەنمی هەرێم وەربگرن.

پاش ئەوەی بۆ ئەمساڵ بڕی ٣٧٥ هەزار تۆن گەنم دیاریكرا كە لەجووتیارانی هەرێم وەربگیرێت، ناڕەزایی بەشێك لەجووتیارانی لێكەوتەوە، لەئەنجامدا وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم لەگەڵ عێراق گەیشتنە رێككەوتن پشكی هەرێمی كوردستان لەوەرگرتنی گەنم زیادبكرێت.

پاش رێككەوتنی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ كێشەی جووتیارانی هەرێم چارەسەركراو بودجەی پێویست بۆ وەرگرتنی گەنم لەبەردەستدایەو بڕیاری ئەوە دراوە سەرجەم گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان وەربگیرێت.

جووتیاران لەهەر جێیەكدا بن دەتوانن پشتگیری هۆبە كشتوكاڵیەكانی خۆیان وەربگرن و گەنم رادەستی سایلۆكان بكەن.

هیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «كێشەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران چارەسەر كراوە، رۆژی 31-5-2023  چوارشەممە كۆبوونەوەیەك ئەنجامدەدرێت و پێشنیاركراوە گەنم هاوشێوەی شارەكانی عێراق بەبێ پسوڵە فری بكرێت».

وتیشی: «لەهەرێمی كوردستاندا ئەمساڵ گەنم ئاستێكی زۆرباشی بەرهەمهێنانی تۆماركردووە بەهۆی لەباری كەشوهەواوە، نزیكەی چل هەزار جووتیار لەسەر رووبەری زیاتر لەدوو ملیۆن و نیو دۆنم زەوی كەپێشبینی دەكەین بەپێی ئەو ئامارانەی كە لەوەزارەتەوە وەرگیراوە ملیۆنێك و ٨٠٠ هەزار تۆن گەنم بەرهەمیان هەبێت».

وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم پاڵپشتی جوتیاران دەکات بۆ زیادکردنی بەرهەمی دانەوێڵە

«ئەو داتایانە داتای پێشبینیكراوی فەرمانگەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستانە،  مەرج نییە هەموو ئەو پێشبینییە راست بێت، چونكە كۆمەڵیك كورتهێنانی دیكە دروستدەبێت بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و هەندێك لەجووتیارانیش نایانەوێت گەنمەكانیان رادەستی سایلۆكان بكەن و بۆ بابەتی دیكە بەكاریدەهێنن» هیوا عەلی وای وت.

جەمیل حسێن تەمەن ٥٠ ساڵ، جووتیارێكی شاری هەڵەبجەیەو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بەشێوەیەكی گشتی وەك ساڵی رابردوو گەنممان چاندووە، چونكە لەهەمان زەوییەكانی پاردا گەنم دەچێنین و بەشێك لەگەنمەكان هێشتا دروێنە نەكراوە.»

 وتیشی :» حەوت تۆن بنە تۆوم لەنزیكەی ٢٠٠ دۆنم زەویدا چاندووە، ئەگەر بێت و ئەو بڕیارە جێبەجێبكرێت كەسەرجەم گەنمی جووتیاران وەربگیرێت كارێكی باشە هاوكاریەكی باشی جووتیارانە».

ماوەی سێ رۆژە زیاتر لە 10 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران لەپارێزگاكانی هەرێمی كوردستان وەرگیراوە، كە سێ هەزارو ٥٠٠ تۆن لەهەولێرو سێ هەزارو ٦٠٠ تۆن لەسلێمانی و چوار هەزارو ٩٨١ تۆنیش لەدهۆكە.

ساڵی رابردوو لەهەرێمی كوردستاندا ٣٠٦ هەزارو ٤٦٨ تۆن گەنم لەجووتیاران وەرگیراوە، بەجۆرێك لەپارێزگای هەولێر 117 هەزار و 773 تۆن و لەسلێمانی 136 هەزار و 500 تۆن و لەدهۆكیش 52 هەزارو 195 تۆن.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم رێككەوتنی بۆ زیادكردنی پشكی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بە رێككەوتنێكی گرنگ وەسفكرد كەپاڵپشتی جووتیاران دەكات بۆ ئەوەی ئەو بەرهەمەی هەیانە ساغ بكرێتەوە لەڕێگەی حكومەتی عێراقەوە.

هەر تۆنێك گەنم لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بە 850 هەزار دینار وەردەگیرێت، ئەگەر هەرێمی كوردستان 500 هەزار تۆن بەرهەم رەوانەی بەغداد بكات، ئەوا پارەكەی دەکاتە 425 ملیار دینار ، بەڵام ئەگەر بڕی بەرهەمی گەنمی جووتیاران بگاتە یەك ملیۆن تۆن ئەوا پارەی گەنمی جووتیاران دەگاتە 850 ملیار دینار كەوەزارەتی كشتوكاڵ چاوەڕێی ئەوەیە سەرجەم بەرهەمی گەنمی جووتیاران وەربگیرێت لەلایەن عێراقەوە.

حكومەتی عێراق لەساڵی رابردوودا بڕی 900 هەزار تۆن گەنمی لەدەرەوەی وڵات كڕیوەو لەڕێگەی بەندەری بەسرەوە داخڵی عێراق كراوە.

لەسەرتاسەری عێراقدا دوورینەوەی گەنم لەلایەن جووتیارانەوە دەستیپێكردووەو وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق ئەوەی ئاشكرا كردووە چاوەڕواندەكرێت بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ بگاتە چوار ملیۆن تۆن.

لەهەرێمی كوردستاندا هەشت سایلۆ بوونیان هەیە كەچوار سایلۆیان لەپارێزگای سلێمانی و سێ سایلۆیان لەپارێزگای دهۆك و یەك سایلۆیان لەپارێزگای هەولێردایە، بێجگە لەوەی لەچەندین شوێن دیوارو شوێنی كۆكردنەوەی گەنم دروستكراوەو گەنم لەجووتیاران وەردەگیرێت.

جووتیاران پێویستە ناویان هەبێت لەهۆبەو بەڕێوەبەرایەتییەكانی كشتوكاڵ تا لەو رێگەیەوە رێكارە كارگێڕییەكان ئەنجامبدەن.

نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری بازرگانی هەرێم ئەوەی راگەیاندووە كە 40 ملیار دیناری پارەی گەنمی جووتیاران خراوەتەسەر هەژماری وەزارەتی بازرگانی حكومەتی هەرێم و دوای رادەستكردنی گەنم لەلایەن جووتیارانەوە بەسایلۆكان ئەوا راستەوخۆ پارەی بەرهەمی گەنمەكە كە بۆ هەر تۆنێك 850 هەزار دینارە دەدرێتە جووتیاران.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار