هاوڵاتی ناوەڕۆكی ئەو گۆڕانكارییانە ئاشكرادەكات لەدوو ماددەی پرۆژەی بودجەی عێراقدا دەكرێن
یەک ساڵ لەمەوپێش
سەركۆ جەمال
دوو ماددەی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق كەتایبەتن بەهەرێمی كوردستان هێشتا لەنێوان هەرێم و بەغدا گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت، هەندێك لەپێشنیازەكان یەكێتی و چەند لایەنێك كردوونی، بەڵام هەندێكیان لەڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا لە 4-4-2023 هاتوون، ئەمەش بەوتەی دوو پەرلەمانتاری عێراق.
نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئەو پێشنیازە گۆڕانكاریانەی كە لەلایەن لایەنەكانی تری ناو لیژنەكە شەوی 25-5-2023 دەنگی لەسەردرا، زیاتر لە 10 رۆژ لەمەوبەر بڵاویانكردبوەوەو باسیان كردبوو بۆ ئەوەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان پێكەوە قسەی لەسەربكەن».
وتیشی:»بەڵام لەناو كۆبوونەوەی لیژنەی داراییدا كە سێ نوێنەری لایەنە كوردیەكانی تێدایە، نوێنەرێكی یەكێتی و دوو نوێنەری پارتی و نوێنەرێكی یەكگرتوو، وەكو یەكێتی سێ پێشنیازمان هەبووە لەكۆی ئەو پێشنیازانەی كە ئەو شەوە جێگیركراوە».
«پێشنیازەكانی ئێمە تەنها تایبەت بووە بەگێڕانەوەی پاشەكەوتی مووچەو پێدانی ئەولەویەت لەدابەشكردنی هەر بڕە پارەیەك كەدەگاتە هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بێت، پێشنیازی سێیەمیشیان ئەوەیە كە لەدابەشكردنی پشكی هەرێم بەسەر پارێزگاكاندا حكومەتی هەرێم دادپەروەر بێت و بەپێی بەركەوتەی پارێزگاكان پارەیان بۆ خەرج بكات، ئەگەر ئەمە نەكات هەر پارێزگایەك ناڕازی بێت و پێی وایە ستەمی لێدەكرێت بەغدا بتوانێت بەجیا پشكی خۆی بۆ بنێرێت». نەرمین مەعروف وای وت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەشڵێت:» ئەوانەی دیكە پێشنیازی یەكێتی نییەو لایەنەكانی دیكە كردوویانە، ئەندامەكانی پارتی لەلیژنەی دارایی بەدڵیان نەبوو بایكۆتی دانیشتنەكەیان كرد، پێشتریش گۆڕانكاری لەماددەی 13و 14 باسكرا، بەڵام ئەوان ئامادەنەبوون بەهیچ شێوەیەك وشەیەكیش بگۆڕن لەكاتێكدا ئەو دەقانەی لەلایەن حكومەتەوە هاتبوو هەڵەی تێدابوو».
نەرمین مەعروف ئاماژە بەوەشدەكات یەكێك لەو بڕگانەی هەڵەی تێدابووە، بڕگەی دووەمی ماددەی 12 بووە، دەشڵێت «ئەو دەقە مەترسی گەورەیە لەسەر پشكی هەرێم، چونكە سنورێكی دانابوو بۆ بودجەی هەرێم، توانیمان لەئەنجومەنی وەزیرانەوە جارێكی دیكە دەقی پرۆژە یاساكە بگۆڕین».
سەبارەت بەبڕگەی 13 و 14 كە ناكۆكی لەسەر دروستبوو، نەرمین مەعروف وتی: »پارتی رازی نەبوون لەدەقەكاندا ناوی كۆمپانیای سۆمۆ بنووسرێت، ئەو هەژمارە بانكیەش كەپارەی نەوتەكەی تێدا هەژماردەكرێت پارتی نەیدەویست لەبانكی ناوەندی عێراق بێت، بەڵام دواتر كە رێكنەكەوتن لایەنەكانی دیكە ئەوەی خۆیان ویستیان بەزۆرینە دەنگیان لەسەردا».
ئەندامەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق باس لەوەشدەكات یەكێتی لەگەڵ ئەو بڕگەیەدا نەبووە كە رێگەنادات نەوت لەكێڵگەكانی نەینەواو كەركوك، هەروەها ئەو بڕگەیەش كەئەگەر هەرێم پابەند نەبێت بەڕادەستكردنی نەوت، پشكەكەی ببڕدرێت.
بەوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق یاداشتیان پێشكەشكردووە سەبارەت بەو بڕگانەی مەترسییان لەسەر هەرێم هەیە، لەدانیشتنی داهاتووش جارێكی دیكە ئەو بڕگانە دەخەنەوە دەنگدان.
نەرمین مەعروف هەروەها دەڵێت: بەشێك لەو بڕگانەی لەماددەی 13 و 14 دا هاتوون و پارتی دەڵێت دەستكاری كراوە لەدەقی رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا هەبووەو هیچ لایەنێك پێشنیازی نەكردووە واتە چەند بڕگەیەكی گۆڕانكاری تێدا كراوە نەك هەردوو مادەكە.
پارتی گۆڕانكاریەكان وەكو بۆمب دەبینێت و دەڵێت بەهیچ شێوەیەك قبوڵی ناكەن
شوان محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەفراكسیۆنی پارتی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»كۆبوونەوەكان تائێستا بەردەوامییان هەیە، لەسەر ئاستی باڵای هەرێم و بەغداش كۆبوونەوە دەبێت و هەموو كۆبوونەوەكانیش بەو ئاڕاستەیەن كێشەكان چارەسەر بكرێن».
وتیشی:»ئەوان كە لەگەڵ ئێمە رێككەوتوون هەم بۆ پێكهێنانی حكومەت، هەم لەهاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەت و ناردنی پرۆژەی بودجە، واتای چییە 10 پەرلەمانتاری شیعە هەموو رێككەوتنەكان بەلاوە دەنێن، بۆیە دەبێت ئەو گۆڕانكاریانە رابگیرێن».
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق لەفراكسیۆنی پارتی دەشڵێت:»هەر ئەو گۆڕانكاریانە نین، بەڵكو كۆمەڵێك كۆت و بەندیش دانراوە، ئەسڵەن هەرێمی كوردستان بەنەوتی ناوچەكانی موسڵ و كەركوكەوە 400 هەزار بەرمیل دەتوانێت دەربهێنێت، ئەگەر ئەوانەی لێدەربكرێت ناتوانین 250 هەزار بەرمیلیش بنێرین ئەگەر لەو بڕەش كەمتر بێت بەپێی بڕگەكە ئیستحقاقی هەرێم رادەگیرێت و بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكیش ئەو بڕیارەیان دابوو».
شوان محەمەد ئەوەشی خستەڕوو:»نە سەركردایەتی سیاسی كورد دەچێتە ژێر باری ئەو گۆڕانكاریانە، نە موئامەرەش هۆكارێكە بۆ ئەوەی ئێمە شكست بهێنین، نوخبەی ژیری شیعە دژی ئەوەن كەڕوویداوەو بەئاشكراش دەیڵێن، چونكە هەموو كێشەی عێراق لەڕابردوودا بێمتمانەیی بووە، واژۆ دەكەن و جێبەجێی ناكەن».
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی لەپەرلەمانی عێراق باس لەوەشدەكات «ئەمجارەش رێككەوتنەكە كەبەڵێنی جێبەجێكردنیان دابوو وا دەرنەچوو، پەرلەمانتارەكانی شیعەو یەكێتی وا رێككەوتوون دەنگ بەخاڵەكانی یەكتر بدەن، بەتایبەت لەسەر خاڵە نوێیەكان».
«لەسەر پاشەكەوتی مووچە لەگەڵیداین، بەڵام نابێت تەنها لەسەر كاغەز بێت، دەبێت بودجەشی لەگەڵدابێت، ئەمە هەمووی بۆمبە بۆ ئەوەی بودجە نەنێردرێت». شوان محەمەد وای وت.
پەرلەمانتارەكەی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق دەڵێت:»وا رێككەوتووین كەئێمە نەوت بنێرین و ئەوانیش بودجە، حكومەتی عێراق چاودێری دینار بەدیناری بكات، ئەو خاڵەی تیابووە كەسەرۆكی حكومەت بتوانێت مانگانە بەشی مووچەی لێ رابكێشێت، نەك وەك ئەوەی ئێستا كەدەڵێت پێویستە وەزیری دارایی رەزامەندی بدات و دواتر سەرۆكی حكومەت بتوانێت پارە خەرج بكات».
بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی شەوی 29ـی ئایاری 2023 هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەماڵی فوئاد حوسێن، بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبەغدا كۆبوونەتەوە، رۆژی 30 ئایاریش پارتی لەڕێگەی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە ئەوەیان راگەیاندووە كە لەگەڵ شیعەكاندا رێككەوتنیان كردووە كە رێككەوتنەكەی نێوان سەرۆكی حكومەتی عێراق و هەرێم جێگەی ئەو بڕگانە بگرێتەوە.
یەكێك لەو پرسانەی تاوتوێكران، ئەو گۆڕانكارییانە بوون كە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەهەردوو مادەی 13 و 14ـی پشكی هەرێمی كوردستان كردیان و جێگەی ناڕەزایی پارتی بوو.
هەر بەپێی زانیاریەكان لەبارەی هەناردەكردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی كوردستان، هەردوولا رێككەوتن بەهەماهەنگی بێت لەنێوان هەولێرو بەغدا لە رێگەی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، هەروەها رێككەوتن لەسەر ئەوەشكراوە، دەسەڵاتی مامەڵەكردن بەپارەی داهاتی نەوتی هەرێمی كورستان لەهەژمارێكی بانكی تایبەتدا بەهەماهەنگی بێت لەنێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی.