zhyr

شکۆیەک بۆ پەرلەمان‌و شکۆیەک بۆ خەڵک

یەک ساڵ لەمەوپێش



غازی حەسەن

پەرلەمانی هەڵبژێردراوی کوردستان لەخولی یەکەمیداو کەمێکیش لەدووەم و سێیەمین هەڵبژاردندا کەهەرێمی کوردستان لەدۆخی شەڕی براکوژیشدا بوو، شکۆو پێگەو ئەرک و گوتاری نوێنەرایەتی خەڵک و دۆخی سیاسی و بیرکردنەوە لەچۆنیەتی داڕشتنی یاساو رێسای جدیی بۆ رێکخستنی کۆمەڵگەو ژیان و ئابووری و رۆشنبیریی و پێشکەوتنی کۆمەڵگەی کوردستان تێدا باڵادەستبوو. نوێنەرەکان بەئەمەک بوون بەرانبەر بەدەنگی خەڵک. دواتر بەهۆی ململانێ و گۆڕانی بەهای کورسی و شێوازی نوێنەرایەتی و دەرکەوتنی جۆرێکی دیکە لەململانێی سیاسی و ئۆپۆزسیۆن و پێگەیشتنی نەوەیەکی نوێ لەنێو پەرلەمان، بەکردەوە ئاراستەی کارکردن و شتەکان بەرەو گۆڕانکارییەکی سلبی چوون.

هێزێک پەیدابوو، کەپێی وابوو وەکو زۆر لەپەرلەمانەکانی دونیا دەتوانن بەمێز کوتان و شەڕە بۆکس و دەبەی ئاو هاویشتن و سوکایەتی بەپێگەی پەرلەمان، دەتوانن سەرنجی زۆرترین خەڵک بەلای خۆیاندا رابکێشن. ئەم شوێنە بۆ گوتاری چەواشەکاریی و شێواندنی یاساو تێکدانی کۆمەڵگە دروست نەکراوە. پێویستی بە (ئەزموون و کەسانی بەتوانای فکری و یاسایی و دڵسۆزو خودانی گوتارێکی عاقڵانەی دروستکەرە)، من بڕوام بەوە نییە ئەوەی هەیە (دیموکراسییە، یان بەرهەمی دیموکراسییە) نەخێر لەکردەوەدا گوتاری (بنکۆڵکردن و مۆرانەو نمایشی سینەمایی و سیاسەتی نمایش و بەبازاڕکردنی دەنگ و شوێنی دەنگفرۆشی)  بریتیە لە(کردەی دژە دیموکراسی و دژی گەڕانەوەیە بۆ شکۆو خواست و پێویستی هەمەلایەنی خەڵک).

پێم وایە لایەنەکان وەکو هەموو دونیای پێشکەوتووی دیموکرات، پێویستە ململانێ لەسەر دۆزینەوەی (گونجاوترین و شیاوترین و بەئەزمونترین کەسانی خودان عەقڵ و مەعریفەو کەسایەتی لاشەڕو ئارام) بۆ دروستکردنی گوتاریکی شیاو لەنێو پەرلەمان بکەن، نەک گەڕان بەدوای کەسانێک، کەئامادەن و شەرم لەوە ناکەن (جنێو فرۆشترین و شەڕ پێ فرۆشترین و ئاژاوە چیترین و گەرمترین و هەڵچووترین و فیشەکە شێتە) بن.

کاتی ئەوەیە بۆ ئەوەی پەرلەمان خاوەنی گوتارێکی دامەزراوەیی بنیاتنەرو چاودێرێکی یاسایی و سیاسی دادپەروەرانەی بەرهەمهێن بێت. یەکەم: (هەڵبژاردن) لەکاتی خۆی بکات و دۆزەکە نەکاتە مۆدێلێکی کەتەرلێدراوی  داڕزیوی سەقەت و گەمەی سیاسی. دووەم: (لایەنەکان ئەمجارە کەسانی گونجاو بۆ ئەم ئەرکە) بدۆزنەوە، نەک (کەسانێک بۆ ئەوەی شەڕی جەستەیی و فیزیکیان) بۆ بکەن و وامەزەندە بکەن ئەوان لەبەرەکانی جەنگن و لەیارگایی بۆکسانێن. ئەم شوێنە شکۆی تایبەتی هەیە، شوێنێکە نوێنەرایەتی دەنگ و خواست و پێویستی خەڵک دەکات. سێیەم: (قونسڵخانەو نوێنەرانی وڵاتەکانی دونیاو نەتەوەیەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا) و رۆژهەڵات و رۆژئاوا لەهەرێمی کوردستان کاردەکەن، تێکەڵی رووداوەکانن، چاودێری دۆخ و ململانێ و گوتاری سیاسی لایەنەکان و شێوازی کارکردن و  بیرکردنەوەیان دەکەن، بۆیە پێویستە (پەرلەمانێک هەبێت نمایشێکی رەسەن و نوێنەرایەتییەکی هەقیقی هاوسەنگ و گونجاو لەگەڵ بنەماکانی دیموکراسی) بێت و (کەسانێکی لێوەشاوەی) تێدا بێت، رای گشتی پێشوازیی لێبکەن.

هیچ گومان نییە لەکۆنگرێسی ئەمەریکا ململانێیەکی توندی شارستانی و سیاسی لەنێوان دیموکراتەکان و کۆمارییەکان و بێلایەنەکان (کۆنەپارێز و چەپرەوەکان) هەیە، هەندێک جار کار دەگاتە (ئابڕووچوون و ئاشکراکردنی پەیوەندییە نهێنییە سێکسی و بازرگانیی و سیاسییەکانیش)، بەڵام کۆنگرێس داناخرێت.  لەوڵاتەکانی ئەوروپاش ئەم ناکۆکیی و جیاوازیی و رکابەریی و بەیەک رازیی نەبوونە لەنێوان رەوتە فکری و ئایدیۆلۆژیی و حزبی و گروپە سیاسییە جیاوزەکان هەیەو توندیشە، ئەوان لەڕێگەی ئەو پڕۆژەو گفتانەی بەخەڵکیان داوە متمانەی نێوان خۆیان و دەنگدەرەکانیان بەهێزو نوێ و فراوانتر دەکەنەوە، نەک لەڕێگەی (بندیوار بوون، داتەپاندنی پەرلەمان و پەکخستنی کارەکانیان و گەندەڵیی و چاوبڕینە داهات لەپێناو دابینکردنی گوزەرانێکی باش و شایانە بۆ خۆیان و بازرگانیی کردن بەدەنگی خەڵک). ئەوان لەڕێگەی داکۆکی لەمتمانەو نوێنەرایەتی و گوتاری دڵسۆزانەو راستگۆیانەی خۆیان نەک پێگەی خۆیان بەهێز دەکەن، بەڵکو لەڕووی یاساییەوە شکۆی نوێنەرایەتی و وڵاتەکەشیان و گوتاری دامەزراوەکانیان دەپارێزن، نەک بیر لەتێکدان و ئاژاوەو راگرتن و پەکخستنی کاروباری یاسایی و بەرێوەبردنی وڵات بکەنەوە. نوێنەرانی حزبە سیاسییەکان و چین و توویژە کۆمەڵایەتییەکان گوتاری گفتوگۆ لەپێناو بەدیهێنانی بەرنامەکانیان پەیڕەو دەکەن، نەک گوتاری سڕینەوەی یەکترو گوتاری رەتکردنەوەو داخستنی پەرلەمان و شکاندنی شکۆی یاسادانان و پووچاندنەوەی گوتاری متمانەو نوێنەرایەتی خەڵک. 

پەرلەمان کۆنابێتەوە، پەرلەمان حزب بەرنامەی بۆ دادەنێت، ئەندام پەرلەمان کوتەک وەشێن دەبێت، ئەندام پەرلەمان وا دەزانێت لەشێخەڵڵاو سابونکەران و چایخانە قسە دەکات، ئەندام پەرلەمان پێی وابێت بەنمایشی هێزو تووڕەبوون و بۆکس و هاتوهاوار پتر حزبەکەی رازی دەکات و بەم جۆرە گوتارە پاساو بۆ (دڵسۆزیی خۆی و سیاسەتی راستی حزبەکەی) دەدۆزێتەوەو خەڵک هاندەدات بۆ ئەوەی ئافەرینی لێبکەن، نەخێر بەم شێوازە قوڕەکە خەستر دەکەن. بۆیە پێویستە ئەمجارە بیر لەپەرلەمانێکی خاوەن ئیرادەو خاوە گوتاری بیناکردن و چارەکەرو ئاشتەوایی  و شکۆدار بکرێتەوە، نەک پەرلەمانێک زۆربەی تەمەنی لە(مانگرتن و کۆنەبوونەوەو بێکاریی و بایکۆت) بێت. (پەرلەمان/ کارێک) نەبێت لەم دۆخە گرژەدا (دەست لەکارەکەی بکێشێتەوەو ناڕازیی بێت و واز لەمووچە نازدارەکەی بهێنێت)، کەچی لەپێش کامیراو لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە (هاتوهاور بکات و بقیژێنێت).

لەبەرئەوە پێویستە شکۆی پەرلەمان شکۆدار بێت و شکۆی خەڵکیش شکۆدار بێت و دەنگدەر بزانێت چۆن شکۆی خۆی لەڕێگەی دەنگی خۆی دەپارێزێت و جیاوازیی لەنێوان (گوتاری پاراستنی شکۆی دامەزراوەو ئاژاوەو تێکدان و خزمەتگوزاریی) بکات. لایەنەکان بیر لەنوێنەرانی شیاو بۆ کاری شیاو بکەنەوە.

** پێویستە ئەمجارە بیر لەپەرلەمانێکی خاوەن ئیرادەو خاوە گوتاری بیناکردن و چارەکەرو ئاشتەوایی  و شکۆدار بکرێتەوە، نەک پەرلەمانێک زۆربەی تەمەنی لە(مانگرتن و کۆنەبوونەوەو بێکاریی و بایکۆت) بێت. (پەرلەمان/ کارێک) نەبێت لەم دۆخە گرژەدا (دەست لەکارەکەی بکێشێتەوەو ناڕازیی بێت و واز لەمووچە نازدارەکەی بهێنێت)، کەچی لەپێش کامیراو لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە (هاتوهاور بکات و بقیژێنێت).

**لایەنەکان وەکو هەموو دونیای پێشکەوتووی دیموکرات، پێویستە ململانێ لەسەر دۆزینەوەی (گونجاوترین و شیاوترین و بەئەزمونترین کەسانی خودان عەقڵ و مەعریفەو کەسایەتی لاشەڕو ئارام) بۆ دروستکردنی گوتاریکی شیاو لەنێو پەرلەمان بکەن، نەک گەڕان بەدوای کەسانێک، کەئامادەن و شەرم لەوە ناکەن (جنێو فرۆشترین و شەڕ پێ فرۆشترین و ئاژاوەچیترین و گەرمترین و هەڵچووترین و فیشەکە شێتە) بن

 


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار