ئەمریكا هەوڵی دابڕانی ئێران لەروسیا دەدات
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئێران و ئەمریكا لە گەرمەی بانگەشەی دژ بەیەكدا دانوستانی ناڕاستەوخۆیان دەست پێكردووە و ئەمریکا دەیەوێت ئێران لە ڕوسیا داببڕێت.
سەرەڕای ئەوەی كۆشكی سپی لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئەمریكا رەتی كردوەتەوە هیچ دانوستان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران بكات بە مەبەستی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 ، بەڵام دەركەوتوە بەرپرسانی ئەمریكا و و ئێران لە دەوحە و نیویۆرك و مەسقەت دانوستانیان كردووە.
ئیسرائیل و رۆژنامەیەكی ئەمریكا ئاشكرایان كردووە ئازادكردنی دوو ملیار و 700 ملیۆن دۆلاری ئێران لە عێراق و چاوپۆشیی واشنتۆن لە بەرزبونەوەی فرۆشی نەوتی ئەو وڵاتە بەشێك بووە لە و رێككەوتنە نهێنییەی لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا کراوە.
هەروەها ئاماژەیان بەوەكردووە كە» واشنتۆن هەوڵ دەدات ئێران رازی بكات موشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بە روسیا نەفرۆشێت بە ئامانجی بەكارهێنانی لە جەنگی ئۆكرانیا و بە گەشتی بڕیارە زیاتر لە بیست ملیار دۆلاری ئێران ئازاد بكرێت هەر لە چوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا كە ئەمریكا بە لێكتێگەیشتن ناوی هێناوە».
هاوکات بە وتەی جۆن كیربی مۆسكۆ و تاران سەرقاڵی بەرفراوانكردنی ئاستی هاوكارییە سەربازییەكانیانن و ئێران لە مانگی ئابی ساڵی رابردوەوە تا ئێستا 400 فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی جۆری (خۆكوژ)ی رادەستی روسیا كردەوە و سوپای پاسداران بە رێگریی و دەستبەسەرداگرتنی كەشتییە بازرگانییەكان و نەوتهەڵگرەكان لە گەروی هورمز بووەتە هۆی تێكدانی ئاسایش و سەقامگیریی كەنداو.
بە پێی ئەو زانیارییانەی رۆژنامەی نیویۆرك تایمز بڵاوی كردوەتەوە ئامانجی سەرەكی ئێستای كۆشكی سپی لە دانوستانەكان راگرتنی هاوكاریی سەربازیی نێوان ئێران و روسیایە و هاوكات بە دەركەوتنەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشوی ئەمریكا لە هەڵبژادنەكانی داهاتوی وڵاتەكە نایەوێت واشنتۆن روبەڕوی قەیران یان پێكدادانی توند لەگەڵ ئێران ببێتەوە.
لەم ڕاپۆرتەی ڕۆژنامەی هاوڵاتی تەواوی زانیارییەکان لەسەر ڕێکەوتنە ژێربەژێرەکەی نێوان ئێران و ئەمریکا بخوێنەرەوە: لێرە کلیک بکە