یەکەمین لایەلایە لەمێژووی نووسراودا

11 مانگ لەمەوپێش



دەشتی مەحمود

 

لەناو تێگەیشتنی باودا، وا بیر دەکرێتەوە کە «ئەدەبیاتی منداڵان» لە دوای دۆزینەوەی چاپ لە سەدەی هەژدەوە دەست پێدەکات، بەڵام لایەلایە داهێنانێکی تازە نییە. لە ڕاستیدا مێژووی «لایەلایە» بۆ هەزاران ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە، بێ گومان بۆ سەردەمی پێش مێژووی نووسراویش. بەپێی بەڵگە شوێنەوارناسییەکان، زۆربەی داهێنانە بنچینەییەکانی شارستانیەت لە میزۆپۆتامیا سەریان هەڵداوە و ئەدەبیاتی منداڵان و «لایەلایە»ـش لەناو ئەم داهێنانەدان،  زۆرێک لە لایەلایەکانی کۆنی میزۆپۆتامیا، لە کەلتورەکانی سۆمەر، هۆری، بابل و ئاشور تا ئێستاش ماونەتەوە.

لایەلایە، لایەنێکی گرنگی کەلتوری منداڵییە و شێوەیەکی گۆرانییە، بە مۆسیقا یان بەبێ مۆسیقا، کە بۆ منداڵان دەگوترێت، زۆرجار لایەلایە لەلایەن دایکی منداڵەوە دەگوترێت بۆ یارمەتیدانی منداڵان بۆ خەوتن یان ئارامکردنەوەیان لە کاتی بێزاریاندا.

«لایەلایە بۆ کوڕێکی شولگی» گۆرانییەکی سەر لانکەیە، مێژووی نوسینی ئەم لایەلایە ـیە زیاتر لە ٤ هەزار ساڵە و دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی شولگی ئور (٢٠٢٩-١٩٨٢ پێش زایین) کە بۆ یەکێک لە کوڕەکانی نووسراوە. ئەم لایەلایە هاوشێوەی لایەلایەکانی ئێستا، لەسەرەتاوە هاندانی خەوتنی تێدایە و لە ڕێگەی دووبارەکردنەوەی وشە و دەستەواژەکان هانی منداڵ دەدرێت تاوەکو بخەوێت و دواتر لایەلایەبێژەکە داهاتوویەکی گەش بۆ منداڵەکە بە ئاواتدەخوازێت.

سامویڵ کریەمەری سۆمەرناس، ئەم پارچەیە بە جیابوونەوە لە زۆربەی بەرهەمە ئەدەبییە سۆمەرییەکان و نەریتی نوسینی سۆمەری کە بەزۆری لە بۆ ڕێزلێنان لە مێ/خوایەک، ڕووداوێک، یان پاشایەک ئامادە نوسراون دەزانێت. لە بری مێ/خواکان و پاشاکان ئەم دەقە گۆرانییەکی سادەیە کە بۆ منداڵێک دەگوترێتەوە لە کاتی خەوتندا. شیعرەکە بۆ سەردەمی شولگی دەگەڕێتەوە، بەڵام ناوی دایک و منداڵەکە نازانرێت. شولگی سێ ژن و شەش دۆستی هەبووە کە ١٨ کوڕ و ١٣ کچیان بووە و ناویان ناسراوە (ڕەنگە ژن و دۆست و منداڵی زیاتریشی هەبووبێت). دەکرێ ئەم پارچەیە بۆ هەر یەکێک لە منداڵە نێرەکان شولگی نوسرابێت، وەلێ بە دیاریکراوی نازانرێت کامیان. سۆمەرناسان لەو باوەڕەدان، منداڵەکە ئەمارسینی کوڕی تارام-ئورامی شاژنی هاوسەری شولگی بوبێت، چونکە لەم سەردەمەدا نوسراوە کە تارام-ئورام شاژن بووە و باوەڕ وایە لایەلایەکە بۆ ئەمارسین گوترابێت، دوای شولگی باوکی، دەبێت بە فەرمانڕەوای سۆمەر.

ئەم دەقە لە ١١٤ نیوەدێڕ پێکهاتووە و پێدەچیت لە کاتێکدا نوسرابێت کە منداڵەکە نەخۆش بووبێت و دایکەکە بیلاوێنێتەوە. لە دەستپێکدا، دایکەکە، داهاتوویەکی باش و گەش بۆ کوڕەکەی دەخوازێت، پێش ئەوەی بانگهێشتی ‹خەو» بکات، بۆ ئەوەی کوڕەکەی ئارام بکاتەوە. دواتر، دایکەکە بەڵێنی پێدانی شتی «کەرە» و «کاهوو» بە منداڵەکەی دەدات و دواتر سۆزی هێنانی ژنێکی جوان و کوڕی زۆر بە کۆرپەکەی دەدات و لە خواکان دەپاڕێتەوە تاوەکو بیپارێزن و شادی و کامەرانی پێببەخشن.

لایەلایەکە بەمشێوەیە دەست پێدەکات:

ئای ئای ئای

لە گۆرانی-ئوورومندا، با گەورە بێت،

وەک داری-ئیرینا با ڕەگێکی پتەو داکوتێ،

وەک ڕووەکی-شاکیر با تاجێکی گەورەی بێ،

...

خەو وەرە، خەو وەرە،

وەرە بۆ ئەو شوێنەی کوڕەکەمی لێیە،

پەلە بکە خەو، بۆ ئەو شوێنەی کوڕەکەمی لێیە،

چاوە نائارامەکانی بخەوێنە،

مەهێڵە گروگاڵی لە خەوی دابڕێ

....

تۆ ئازارت هەیە،

منیش بەهۆیەوە پەشۆکاوم،

تاساوم، لە ئەستێرەکان ڕادەمێنم،

تیشکی مانگ بەسەر ڕوخسارمدا دەدرەوشێتەوە:

....

ژنێک بۆ کوڕەکەم دەهێنم،

کوڕێکی هێندە شیرینی بۆ دێنێت،

ژنەکە سەردەخاتە سەر ڕانی گەرمی،

کوڕەکە لە باوەشی گەرمی پاڵ دەکەوێت،

ژنەکە لەگەڵیدا دڵخۆش دەبێت،

کوڕەکە لەگەڵیدا دڵخۆش دەبێت

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار