zhyr

ئاری هەرسین بۆ هاوڵاتی :ئێمەو یەکێتی متمانەمان بەیەکتر نییە

«لەناو حزبی ئێمەدا بێخاوەنی‌و بێسەروبەرەیی حوکم ناکات»

یەک ساڵ لەمەوپێش



شەنای فاتیح

ئاری هەرسین، کادری پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوکات ئەندامی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان لەچاوپێکەوتنێکدا لەسەروبەندی ٧٧ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ رۆژنامەی هاوڵاتی دەڵێت، بارودۆخی ناوخۆی پارتی بەڕابەرایەتی مەسعود بارزانی زۆر باشە و «لەناو حزبی ئێمەدا بەرەڵایی، بێخاوەنی و بێسەروبەرەیی حوکم ناکات»، دەشڵێت، لەهەر کاتێکدا هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت پارتی ئامادەیەو لەگەڵ یەکێتیشدا پەیوەندیان وەک پێویست نییە و متمانەیان بەیەکتر نییە.

لەوەڵامی ئەوەی ئاخۆ ترسیان لەوە هەیە نەوەی نوێ لەهەڵبژاردنی داهاتوودا دەنگی پارتی ببات، ئاری هەرسین باسی لەوە کرد، «هیچ کەس و لایەنێک دەنگی پارتی نابات، دەنگی پارتی بریتیە لە روئیایەکی دیراسەکراوی حوکمڕانی و پاراستنی ئەمنیەتی هاووڵاتیان و بەرنامەی ئاوەدانکردنەوەی کوردستان.

لەسەر بۆردومانەکانی ئەم دواییەی تورکیاش بۆ سەر خاکی هەرێم و هێرشە درۆنییەکانی بۆ سەر سلێمانی، کادرەکەی پارتی حکومەتی عێراق تۆمەتبار دەکات و دەڵێت بێ مۆڵەتی حکومەتی عێراقی هیچ فرۆکەیەک ناتوانێت تاوەری چاودێری حکومەتی فیدڕاڵی لەسلێمانی و هەولیر بنیشێتەوە.

دەقی چاوپێکەوتنەکەی ئاری هەرسین لەگەڵ رۆژنامەی هاوڵاتی.

 

هاوڵاتی: پارتی دیموکراتی کوردستان پاش ٧٧ ساڵ گەیشتووە بەو ئامانجەی کە بۆی دروستبوو؟

ئاری هەرسین: ئامانجەکانی پارتی، وەک هەموو حزبێکی دیکە، دوو بەشن: بەشێکیان ستراتیژین و نەگۆڕن، بەشێکیترشیان پێداویستی قۆناغێکی دیاریکراون، حزبی داهێنەر پێویستە لەگەڵ قۆناغە جیاوازەکاندا پڕۆژە و بەرنامەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەو قۆناغە هەبێت و وەڵامدەرەوەی داخوازی و پێداویستیەکانی میللەت بێت، بەکورتی، پارتی بۆ خزمەتی گەل و پاراستنی سەروەری خاکی پیرۆزی کوردستان دروستبووە، ئەو ئامانجانەش وێستگەیەکی شەمەندەفەر نییە هەتا پێی بگەیت و دابەزیت، ئیشکردن بۆ ئامانجە نیشتیمانی و کۆمەڵایەتیەکان لەپڕۆژەدا جێبەجێ دەکرێن، بۆیە ئیشی پارتی تەواو نەبووە و هەر بەردەوامیش دەبێت

: بارودۆخی ناوخۆیی پارتی لەئێستادا چۆنە؟

ئاری هەرسین: بارودۆخی ناوخۆی پارتی بەڕابەرایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی زۆر باشەو بنەمای حزبی لەوپەڕی رێکوپێکیدایە، بێگومان کەمو کوڕیش هەر دەبێت، بەڵام ئێمە غافڵ نین لەو کەموکوڕیانە و بەبەردەوام هەوڵی چارەسەرکردنیان دەدەین، لەهەموو شتێک گرنگتر ئەوەیە کە لەناو حزبی ئێمەدا بەرەڵایی، بێخاوەنی و بێسەروبەرەیی حوکم ناکات.

هاوڵاتی: دوایین کۆبوونەوەی مەکتبەی سیاسی پارتی کەی بووە؟

ئاری هەرسین: ئەگەر هەڵەنەبم پێم وایە دوا کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی هەفتەی رابردوو بوو.

هاوڵاتی: بارودۆخی کوردستان لەڕووی داراییەوە ناهەموارە، دەوترا پاش پەسەندکردنی بودجەی عێراق گرفتی دواکەوتنی مووچەو کێشە داراییەکان کۆتاییان دێت، بەڵام بەو شێوەیە نەبوو، هەوڵی ئێوە وەک پارتی سەبارەت بەم پرسە چییە چ لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان و چ لەگەڵ بەرپرس و لایەنە عێراقییەکان؟

ئاری هەرسین: بێگومان چارەسەری ئەم پرسە (وەک ئەرکێک) لەسەرشانی حکومەتە، نەک حزبەکان، هەروەک دەشزانن تیمی ئێمە لەناو حکومەت درێغیان نەکردووە، لیژنەکانی حکومەت بەردەوام لەگفتوگۆی جددیدان لە گەڵ حکومەتی فیدڕاڵ، لەڕاستیدا ئەو ئیشەش ئەرکی حکومەتە نەک حزبەکان، چونکە ئەگەر هەر حزبەو لەکەناڵێکەوە خۆی کردە دەمڕاستی هەموو خەڵکی کوردستان، ئەوا دەبێتە بەرەڵایی و فەوزاو هیچیشی لێ شین نابێت.

هاوڵاتی: پەیوەندیتان لەگەڵ یەکێتی لەئێستادا لە چ ئاستێکدایە؟

ئاری هەرسین: پەیوەندیمان لەگەڵ یەکێتی وەک پێویست نیە، بەڵام بەتەواوەتیش لێک دانەبڕاوین.

هاوڵاتی: لەسەر چ خاڵێک لەگەڵ یەکێتیدا ناکۆکن؟

ئاری هەرسین: مەسەلە ناکۆکی نیە لەسەر چەند خاڵێک، کێشەی ئێمەو یەکێتی ئەوەیە کەوەک پێویست متمانەمان بەیەکتر نیە، کە متمانەش لەرزۆک بوو، ئەوا قبوڵ کردنی یەکترو لێک تێگەیشتنیش لەرزۆک دەبێت.

هاوڵاتی: ئایا کێشەو ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی هێندە گەورەیە کە بەچەندین کۆبوونەوەش لەسەر ئاستی باڵا چارەسەرنەبێت؟

ئاری هەرسین: ئەگەر متمانە دروست ببێت، هەموو کێشەکانی نێوانمان لەیەک کۆبوونەوەدا چارەسەر دەکرێت.

هاوڵاتی: مامەڵەتان لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی چۆنە؟ دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر بەهاوسەرۆکی یەکێتی ناویدەبات، ئێوەش پێتانوایە هاوسەرۆکە؟

ئاری هەرسین: ئێمە رێگا بەخۆمان نادەین تەشکیلەی سەرکردایەتی بۆ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بکەین، ئەوە ئیشی کادرو ئەندامانی یەکێتی خۆیەتی و دەستیش لەکاروباری هیچ حزبێکەوە وەرنادەین.

هاوڵاتی: لەسەر کەیسی هاوکار جاف، یەکێتی و پارتی کێشەیان زۆرە لەئێستادا ئەو کێشانە بەکوێ گەیشتوون؟

ئاری هەرسین: خۆی لەڕاستیدا ئەو کەیسە پەیوەندی بە لیژنەی لێکۆڵینەوەو دادگاوە هەیە، حەق وایە لێگەڕێین ئەوان یەکلایی بکەنەوە، ئێمەو یەکێتی دوو حزبی سیاسین، نابێت بمانەوێت رۆڵی دادگاو حکومەت ببینین، ئەی کەواتە دادگاو حکومەتمان بۆچیە؟

هاوڵاتی: پارتی ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن؟

ئاری هەسین: هەرکات پێویست بێت پارتی بەتەواوەتی ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن.

هاوڵاتی: سەبارەت بەپرسی هەڵبژاردن لەگەڵ یەکێتیدا بە چ بڕیارێک گەیشتوون؟

ئاری هەرسین: لەسەر ئەو پرسە گفتوگۆکان لەگەڵ یەکێتی بەردەوامن.

هاوڵاتی: پارتی لەسلێمانی چیکردووەو چیدەکات بۆ زیادکردنی رێژەی دەنگەکانی؟

ئاری هەرسین: ئەوەیان بەرنامەی ناوخۆی حزبەو نامەوێت قسەی لەسەربکەم، ئیشەڵا لەکاتی خۆیدا بۆتان دەردەکەوێت.

هاوڵاتی: لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی ساڵی ٢٠٢١ دەوترا «پارتی لەسنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە هێندەی ژمارەی مووچەخۆرەکانی دەنگی نەهێناوە»، ئەم قسەیە تاچەند راستە؟

ئاری هەرسین:بەشێکی ئەم قسەیە راستە و ئەمەش مانای ئەوەیە کە پێویستە ئێمە بەخۆماندا بچینەوە و خۆمان باشتر رێکبخەینەوە. ئێمە لەسلێمانی پێویستمان بە تەوژم و نەفەسێکی کاراو تازەیە.

هاوڵاتی: سەبارەت بەکەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، هەوڵتان داوە کورد بەیەک لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بکات؟ ئەگەرهەوڵدراوە هەوڵەکان بەکوێ گەیشتوون؟

ئاری هەرسین: دابەزین بەیەک لیست لەکەرکوک و ناوچە کانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کاتێک دەکرێت کەئێمە لەناو هەرێمی کوردستان لێک تێگەیشتن لەنێوانماندا هەبێت، دواجارئەگەر هەموو لایەک بمانەوێت ئەوا یەک دەنگی و کۆدەنگی لەدوای هەڵبژاردنیش دەکرێت، بەڵام بەڵێ گفتوگۆیان لەسەرکراون.

هاوڵاتی: بۆچی لەگەڵ نەوەی نوێ کۆنابنەوە؟ دەوترێت پارتی هێشتا نکوڵی لەبوونی ئەو جوڵانەوەیە دەکات و بەجوڵانەوەیەکی جددی نابینن، ئەمە راستە؟ یان ئەوان نایەنەوێ لەگەڵ ئێوەدا کۆببنەوە؟

ئاری هەرسین: ئێمە ڤیتۆمان لەسەر کەس نیە، بەڵام شەرتیش نیە ئینسان بەیەک مەسافە پەیوەندیەکانی خۆی لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان رێکبخات، کۆنەبوونەوەش لەگەڵ لایەنێکی سیاسی بە مانای دوژمنایەتی نایەت.

هاوڵاتی: پێتانوایە لەم هەڵبژاردنەدا نەوەی نوێ دەنگی پارتی ببات؟

ئاری هەرسین: هیچ کەس و لایەنێک دەنگی پارتی نابات، دەنگی پارتی بریتیە لەڕوئیایەکی دیراسەکراوی حوکمڕانی و پاراستنی ئەمنیەتی هاووڵاتیان و بەرنامەی ئاوەدانکردنەوەی کوردستان سەروەری خاکی پیرۆزی کوردستان.

هاوڵاتی: پەیوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ حزبی پارچەکانی دیکەی کورستان لەچ ئاستێکدایە؟

ئاری هەرسین: بەداخەوە جیوپۆلیتیکی کوردستان یاریدەدەرێکی باش نیە بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام بەگشتی لەم بارە ئاڵۆزەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بەگشتی پەوەندیەکانمان باشە.

هاوڵاتی: سەبارەت بەبۆردومانەکانی سەرسنوورو دەستدرێژی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان زیان گەیاندن بەخەڵکی سڤیل لەلایەن هەردوو وڵاتی تورکیاو ئێران قسەتان چییە؟

ئاری هەرسین: ئێمە دەوڵەتێکی سەربەخۆ نین و باسیشم کرد کەجیۆپۆلیتیکی کوردستان چەند ئاڵۆزە، ئاسمانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵیەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت، تەنانەت هیچ فڕۆکەیەکی مەدەنیش ناتوانێت بێ ئیزنی تاوەری چاودێری حکومەتی فیدراڵی لەسلێمانی و هەولێر بنیشێتەوە، بۆیە حەق وایە ئەو پرسیارە ئاڕاستەی حکومەتی عێراق بکەن.

هاوڵاتی: دەنگۆی ئەوە هەیە هاوپەیمانان بودجەی لیوا هاوبەشەکان ببڕن بەهۆی کێشەی یەکێتی و پارتی لەناو وەزارەتی پێشمەرگە، ئێوە وەک پارتی چیتان کردووە تاچاکسازی لەناو وەزارەتی پێشمەرگەدا بکرێت؟

ئاری هەرسین: ئێمە بەهەمو شێوەیەک پاڵپشتی چاکسازیەکانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە بووین و ئیشمان بۆ کردووەو پاڵپشتیش دەبین. ئەو دەنگۆیانەشی باست لێکردن لەسەر بڕینی بودجەی لیواکان، هەتا ئێستا نە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاو نە پێنتاگۆن هیچ شتێکی فەرمی نەگوتراوە.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار