پژاک وەڵامێکی توندی دژە تیرۆری پارتی دەداتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
كۆمیتەی پەیوەندییەكانی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) وەڵامی دەزگای دژە تیرۆری كوردستان (پارتی) دەداتەوە و رایدەگەییەنێت،" پێویستە گەلی كورد لەبەرامبەر ئەو دەزگایە هۆشیار بێت."
پارتی ژیانی ئازادی كوردستان لەوەڵامێكدا بۆ دەزگای دژە تیرۆری كوردستان (پارتی) بڵاویكردۆتەوە، "دو ڕۆژ لەمەو بەر دەزگای دژە تیرۆری پارتی هەواڵێكی بڵاوكردەوە كە گوایە لە هێرشێكی ئاسمانیدا لە گوندی زەنگیدەری سەر بە گەرمكی پێنجوێن سێ گەریلا شەهید بون، وێڕای رەتكردنەوەی ئەو هەواڵە، پێویستە سەرنج بۆ سەر هەندێك لە كارەكانی ئەو دەزگایە ڕابكێشین".
پژاك تۆمەتێك ئاڕاستەی دەزگای دژە تیرۆر دەكات و دەڵێت، "ئەو دەزگایە وەك وتەبێژی دەزگای سیخوڕی میتی توركیا دەجوڵێتەوە، دوای هەر هێرشێكی دوژمن، دەستبەجێ هەواڵەكەی بڵاودەكاتەوە و هەندێكجار لە كاتی وەكو دیدارەكەی هاكان فیدان لە عێراق و باشوری كوردستان، هەواڵی چەوت و درۆ بڵاودەكاتەوە كەچی ڕێك لەوكاتەدا بە هۆی هێرشی فرۆكە بێفرۆكەوانەكانی دەوڵەتی توركیا مەرتەع و باخ و ڕەزەكانی پێنجوێن ئاگریان گرتبو و پێویست بو هەمولایەن بەهانای خەڵكەوە بچن بۆ كوژاندنەوەی ئاگرەكە بەڵام ئەوە نەك بایەخیان پێی نەدا، بەڵكو دەستیان كرد بە بڵاوكردنەوەی هەواڵی چەوت و ناڕاست، بۆیە پێویستە گەلی كورد لەبەرامبەر ئەو دەزگایە هۆشیار بێت".
دەقی ڕاگەیەنراوەکەى پژاک بەم جۆرەیە:
بۆ ڕای گشتی و گەلەکەمان؛
سەبارەت بە دوژمنایەتی دەزگای دژە تیرۆری پ.د.ک
دوو ڕۆژ لەمەوبەر دەزگای دژە تیرۆری پ.د.ک هەواڵێکی بڵاو کردەوە کە گوایە لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە ئاوایی زەنگیدەری سەر بە گەرمکی پێنجوێن سێ گەریلا شەهید بوون. وێڕای بەدرۆخستنەوەی ئەو هەواڵە، پێویستە سەرنج بۆ سەر هەندێ لە کارەکانی ئەو دەزگا بەدناوە ڕابکێشین. لە ڕێکەوتی ١١ی ئەو مانگەدا دوای ئەوەی لە هێرشێکی ئاسمانی فرۆکە بێفرۆکەوانەکانی تورکیادا لە ڕێگەی پێنجوێن بۆ ناڵپارێز، سێ هاووڵاتی عەڕەبی خەڵکی موسڵ کە لە دهۆک نیشتەجێ بوون و کارمەندی ئاسیا سێڵ بوون شەهید بوون، دەزگای بە ناو دژەتیرۆری پارتی ڕایگەیاند ئەوانە گەریلا بوونە. کەچی بە ڕوونکردنەوەی فەرمی کۆمپانیای ئاسیاسێل ئەو دەزگایە بەدرۆ کەوتەوە و دەرکەوت کە بۆ دژە تیرۆری پارتی ڕەزامەندی دەوڵەتی تورکیا لە گیانی مرۆڤەکان گرنگترە.
دەزگای بەدناوی دژە تیرۆری پارتی کە وەک مافیایەک دەستی لە سەرکوتی خەڵک ناپارێزێ و دەستی لە دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان و بە تایبەت چالاکانی مەدەنی و ڕۆژنامەنووساندا هەیە، هاوتەریبی ئەو کردەوانەی، وەک وتەبێژی دەزگای سیخوڕی میتی تورکییە دەجوڵێتەوە. ئەو ناوەندە مافیاییە دوای هەر هێرشێکی دوژمن، دەستبەجێ هەواڵەکەی بڵاو دەکاتەوە و هەندێ جار لە کاتی وەکوو دیدارەکەی هاکان فیدان لە عێراق و باشووری کوردستان، هەواڵی چەوت و درۆ بڵاو دەکاتەوە کەچی ڕێک لەو کاتەدا بەهۆی هێرشی فرۆکە بێفرۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورکیا مەرتەع و باخ و ڕەزەکانی پێنجوێن ئاگریان گرتبوو و پێویست بوو هەموو لایەن بەهانای خەڵکەوە بچن بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە بەڵام ئەوە نەک تەنیا بایەخیان پێ نەدا، بەڵکوو وەک بەشێک لە دەزگای میتی تورکیا دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی چەوت و ناڕاست. بۆیە پێویستە گەلی کورد لە بەرامبەر ئەو دەزگایە هۆشیار بێ.
هەرچەندە ئەوە چاوەڕوانکراو بوو و هەموو دەزانن کە ئەوە دەزگای حیزبێکە کە لە دانیشتنەکانی دوای ئاشبەتاڵ لە جیاتی وێنەی شەهیدانی ڕێگەی شۆڕشی کوردستان، وێنەی خومەینییان لە شوێنی کۆبوونەوەکان هەڵواسیبوو. بەڵام لەبەر ئەوەی هەواڵەکە لەسەر زاری دەزگایەکی وەها لە ڕاگەیاندنەکان بڵاو بۆتەوە، بە پێویستمان زانی کە ڕوونکردنەوەیەک لەسەر ئەو بابەتە بدەین.
ئێمە ڕایدەگەیێنین ئەو دەزگایە بۆتە بەشێک لە دەزگای تیرۆریستی میت و وەک دەزگای هەواڵنێرییەکی سەر بە میت کار دەکات و تەمرین و ڕاهینانی جۆرێکی نوێ لە بەکرێگیراوی دەبینێ. هەر بۆیە داوامان لە دەزگای ڕاگەیاندن و چاپەمەنییەکان هەیە ئاستی خۆیان نەهێننە ئاستی دەزگای تیرۆریستی بە ناو دژە تیرۆری پارتی و ئەگەر بە ناچاریش پێویستە قسەکانی ئەوان بڵاو بکەنەوە، پێویستە بەردەوام جەخت بکەنەوە کە هەواڵەکانی ئەو دەزگایە گومانی لەسەرە. ئەوە پێویستیی ڕاگەیاندنێکی ڕاستەقینە و ئەخلاقی ڕۆژنامەوانییە. ڕۆژنامەوانی پیشەیە بەڵام ئەوە ڕێگر نییە لە پشتیوانی تێکۆشانێکی بە حەق. شێوازێکی پشتیوانی لە ئێمە دەکرێ بە ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی ناڕاستی دوژمنانی تیرۆریست بێ دەرحەقی ئێمە و ئەوەش لە بەرامبەر پیشەی ڕۆژنامەوانی بەربەست نییە.
ئێمە لە شۆڕشداین و بەردەوام هەموو هەواڵە خۆش و ناخۆشەکانی تێکۆشانمان بە زووترین کات بە ڕای گشتی و گەلەکەمان ڕادەگەیەنین. بۆیە داوامان لە گەلەکەمان ئەوەیە بە بیستنی هەر هەڤالیک، بە سەبرەوە چاوەڕوانی ئەوە بکەن کە ڕاگەیاندنەکانی ئێمە هەواڵەکە پشتڕاست یان بەدرۆی بخەنەوە. بە هیوای ڕۆژانێک کە ناڕاستی و ناپاکی لە ژیانی مرۆڤەکان سەر ڕووی زەوی بسڕدرێتەوە.
سڵاو و ڕێزی شۆڕشگێڕی
کۆمیتەی پەیوەندییەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)
٢٩/٠٨/٢٠٢
