لەسەر گرفتی مووچە كۆدەنگی لەنێوان لایەنەكانی هەرێم دروست دەبێت
پەنجەی تۆمەت روو لە بەغدایە
یەک ساڵ لەمەوپێش
دلێر عەبدوڵڵا
خەریكە لەسەر گرفت و كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، كۆدەنگی لەنێوان لایەنەكانی هەرێمی كوردستان دروست دەبێت و تاڕادەیەكی زۆر پەنجەی تۆمەت روو لەبەغدایەو زۆرینە لەهەرێمی كوردستانەوە پێیان وایە كە بەغدا بەخواست و ویستی هێزە ناوخۆیی و دەرەكییەكان سزای هەرێمی كوردستان دەدات، پەرلەمانتارێكیش پێی وایە كە ئەوەی روودەدات بەخواستی ئێرانەو گرفتەكان پەیوەندییان بەوڵاتانی دراوسێوە هەیە.
نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، بووەتە سەرەكیترین كێشەو گرفتی نێوان بەغداو هەولێرو لەگەڵ ئەوەی لەپێشتردا بەشێك لەلایەنە سیاسییەكان، حكومەتی هەرێمیان تۆمەتبار دەكرد، بەڵام ئێستا پەنجەی تۆمەت روو لەبەغدایەو نەیارانی دوێنێی حكومەت پێیان وایە سزای حكومەتی هەرێم و خەڵكی كوردستان دەدرێت و ویستێك لەسەروو بەغداوە هەیە بۆ ئەوەی سزا بەسەر هەرێمدا بسەێنێت.
ماوەی دوو مانگە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان موچەیان وەرنەگرتووەو لەسەرەتای ئەم مانگەشدا حكومەتی عێراقی بڕیاریدا بەشێوەی قەرزو بۆ هەر مانگێك بڕی 500 ملیار دینار بدرێت بە حكومەتی هەرێم، بەڵام بەهۆی كورتهێنان لەپڕكردنەوەی شایستەی دارایی یەك مانگی موچەخۆرانی هەرێم كە بڕەكەی 940 ملیار دینارە، حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا ئەو پارەیە وەنەگرێت و هەوڵی زیاتر بدات بۆ ئەوەی بەغدا ناچاربكات بڕە پارەی پێویست بۆ دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین بكات.
بەپێی بڕگەی دووەم لەماددەی هەشتەمی یاسای بودجەی عێراق، ئەگەر هاتوو حكومەتی هەرێمی نەیتوانی موچەی فەرمانبەران دابین بكات، پێویستە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر كە خۆی لەپارەداركردنی هەرێمدا دەبینێتەوە، بەڵام تائێستا سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەكاری خۆی هەڵنەستاوە، تەنها ئەوە نەبێت لیژنەیەكی بۆ بەدواداچوونی كێشەكان پێكهێناوەو بڕیاری لیژنەكەش بەدڵی شاندی حكومەتی هەرێم نییە، بۆیە جارێكی تر حكومەتی هەرێم بڕیاری ناردنی شاندەكەی داوەتەوە بۆ بەغدا.
لەسەرەتای دروستبوونی گرفت و كێشەی مووچە، حكومەتی هەرێم بڵاویكردەوە كەهەموو مەرجەكانی بەغدایان جێبەجێكردووەو ئەوەی پابەند نییە حكومەتەكەی سۆدانییە نەك هەرێم، لەبەرامبەردا لایەنەكانی تر بەتایبەت بەرەی ئۆپۆزسیۆن حكومەتی هەرێمیان تۆمەتبار دەكرد بەوەی داهاتی نانەوتی رەوانەی بەغدا ناكات.
بەڵام لەئێستادا هەست بەبوونی كۆدەنگییەكی زۆر دەكرێت دەربارەی ئەو پرسەو زۆرینە پێیان وایە ئەوەی دەگوزەرێت جۆرێكە لەسزا بەرامبەر هەرێمی كوردستان، لەوبارەیەوە سۆران عومەر پەرلەمانتاری عێراق لەسەر لیستی كۆمەڵی دادگەری بەهاوڵاتی وت «راستە ئەوەی دەرچووە یاسایە، بەهەموو كەموكوڕییەكانیشەوە ئەگەر جێبەجێ بكرێت دەبێت پشكی زیاتر بۆ هەرێم بێت، بەڵام جۆرێك لەمامەڵەی تۆڵە سەندنەوە لەهەرێم بەرچاودەكەوێت، هەندێك بەچاوێكی ترەوە سەیری هەرێم و كوردستان دەكات، پێیان وایە هەرچی بنێردرێت بۆ هەرێم نابێت و زیادەیە».
لایەنەكانی دەرەوەی دەسەڵاتی یەكێتی و پارتی پێیان وایە كەئەوەی دەگوزەرێت، سزادانی خەڵكی هەرێمە نەك یەكێتی و پارتی، راگرتنی بوژانەوەی كوردستانە نەك تۆڵەكردنەوە لەدەسەڵاتی هەردوو حزب.
لەوبارەیەوە دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لەسەر لیستی گۆڕان بەهاوڵاتی وت: «بەتێگەیشتنی من ئەوەی هەیە بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە، لەوانە خراپ ئیدارەدانی هەرێم لەلایەن خۆمانەوە، هەروەها ناكۆكی قووڵ و ناڕەوای حزبەكانە لەسەر دەسەڵات، كە بووەتەهۆی لاوازبوونی هەرێم. هەروەها لەبەغداوە هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی دیدی كورد بەئاراستەی عێراقدا ببەن نەك هەرێم، دەیانەوێت بمانكەن بەنموونەیەك كە ئایا تۆ بەغدایەكت دەوێت كەموچە لەكاتی خۆیدا دەدات و پێشینە دەدات و بەنزینی نەوت دابەشدەكات، یان هەرێمێك كە سێ مانگە موچەی نەداوە، واتە دەیانەوێت كورد بەئاراستەی حكومەتی ناوەندیدا بەرن تاپشتیان لەهەرێم و وڵاتی خۆیان بێت.
پارێزگاری سلێمنای دەشڵێت، «كەواتە حكومەتی بەغدا سزای هاووڵاتیانی كوردستان دەدات نەك یەكێتی و پارتی. چونكە ئەو دوو حزبە بەشی ئەوە پێگەو دەسەڵاتیان هەیە خۆیان بهێڵنەوەو بەهێزبن، ئەوەی ئەمڕۆ زیانی بەركەوتووە كۆی هاووڵاتیانی هەرێمن، هەروەها موچەخۆران و بەڵێندەرو وەبەرهێنەران و هێزی كارو هێزی نیشتمانی ئەم وڵاتەن، كە ئەمەش بەشێكە لەجینۆسایدی ئابوری وڵاتەكەمان».
وڵاتانی دەرەكی بەتایبەتی ئێران، رۆڵی لەم گرفتەدا هەیەو بەڕای چاودێران، رژێمی ئێران كاریگەری لەسەر بڕیارەكانی حكومەتی ناوەندی هەیە، لەوبارەیەوە كاروان صاڵح شارەزای ئابوری بەهاوڵاتی وت: «ئێران رۆڵ و كاریگەری لەسەر حكومەتی بەغدا هەیەو دواكەوتنی موچەو ئەو گرفتانەی كەهەیە، فشارێكە لەسەر هەرێم تا ناچاری بكات رێكەوتنی ئەمنی بۆ چەكداماڵینی حزبەكانی رۆژهەڵات بەسەر دەسەڵاتدارانی هەرێمدا جێبەجێ بكات».
هەر لەوبارەیەوە سۆران عومەر بەهاوڵاتی وت: «بەشێكی تری ئەم گرفتانە سیاسییە، لەم كاتەدا پەیوەندی بەو داواكارییەوە هەیە بۆ دەركردنی حزبەكانی رۆژهەڵات لەهەرێمی كوردستان، راستە یاسا بەركارەكان لەعێراقەوە دەدرێن، بەڵام هێندەی سیاسین، یاسایی نین».
ئەوەی لەم نێوانەدا ماوەتەوە، هاووڵاتیان و موچەخۆرانی هەرێمن. كە متمانەیان بەقسەو بۆچوونی هەڵوێستی لایەنەكانی هەرێم نییە، هەربۆیە بایكۆت لەهەندێ فەرمانگە و بەڕێوبەرایەتی لەزۆنی سەوز راگەیەنراوەو تادێت هەڵوێستی موچەخۆرانیش توندتر دەبێت، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت دۆخی هەرێم بەرەو قۆناغێكی مەترسیدار بڕوات، هەروەك ئەوەی دكتۆر فایەق گوڵپی سیاسەتمەداری كورد بەهاوڵاتی وت «ساڵی 1975 بەهۆی هەڵەی سیاسییەوە ئاشبەتاڵی یەكەمم دی، ساڵی 1988 بەهۆی هەڵەی سەربازییەوە ئاشبەتاڵی دووەمم دی، پێموایە بەهۆی هەڵەی ئابورییەوە ئاشبەتاڵی سێهەمیش لەساڵی 2023 بەچاوی خۆم دەبینم».