بافڵ تاڵەبانی: هێرشەکەی ئەمڕۆ لە ئارامی سلێمانی و هەرێمی کوردستانی دا

2 هەفتە لەمەوپێش
هاوڵاتی
بافڵ تاڵەبانی "بە توونترین شێوە" سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت دەکات و دەڵێت، ئامانج لێی تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و سلێمانییە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی له پهیامێكدا لهبارهی هێرشكردنه سهر فڕۆكهخانهی عهربهت، رایگهیاند، "بە توندترین شێوە سهركۆنهی هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت لە سلێمانی دەکەین كە شەهیدبون و برینداربونی شەش پێشمەرگەی قارەمانی دژەتیرۆری كوردستانی لێكەوتەوە".
ئاماژهی بهوهشكردوه، "ئەم کردەوە تاوانکارییە بەئاشکرا بەزاندنی سنوری هەرێم و عێراقە و لەچوارچێوەی ئەو پیلانانەدایە کە ئامانج لێی تێكدانی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت سنووری سلێمانییە".
بافڵ تاڵەبانی پرسە و سەرەخۆشیی لە کەسوکار و خانەوادەی قوربانیان دەکات و دەڵێت، "وێڕای دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشیی قووڵمان بۆ کەسوکار و خانەوادەی سەربەرزی هەر سێ شەهیدی قارەمانی دژەتیرۆر کە شەهیدی ئارامیی کوردستانن، هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازم. هەروەها دەستبەجێ داوای راگرتنی ئەم ھێرشانە دەکەین و داوا لە حکومەتی عێراقیش دەکەین کە ئەرکی دەستووریی و نیشتمانیی خۆی لە پاراستنی خاک و ئاسمانی عێراق بە کوردستانیشەوە رابپەڕێنێت و چیتر رێگە بەم پێشلکارییانە نەدرێت."
بافڵ تاڵەبانی داواش "لە هەموو دۆستانمان، وڵاتانی جیهان و سەرجەم ئازادیخوازان" دەكات هەڵوێستی جدییان هەبێت و "هاودەنگمانبن بۆ راگرتنی ئەم كردەوە تیرۆریستیانە، ئێمەی كورد كە لە ساڵانی رابردوودا پێشڕەوی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆربووین و قوربانیی گەورەمان داوە، ناكرێت بكرێینە ئامانجی كردەوەی تیرۆریستیی لەمشێوەیە."
سهرۆكی یهكێتی ئهوهشی نوسیوه، "پشت بەخوای گەورە و ئێوە پێکەوە بەسەر ئەم دۆخەشدا زاڵدەبین و بە یەكگرتووییمان سەقامگیریی لە هەرێمەكان بەرقەرار دەكەین و رووبەڕووی هەموو ئاڵنگارییەكان دەبینەوە".
