رۆژنامەنووسانی دهۆک سەر بەدەزگاکانی دەسەڵات نەبن دەستیان بەزانیاری ناگات

یەک ساڵ لەمەوپێش



عەممار عەزیز

وەرگرتنی زانیاریی لەبەرپرسانی حکومی و حزبی مافی سەرەتایی هەموو رۆژنامەنووسێکە، بەڵام جیاکاری کردن لەنێو دەزگاکاندا لەهەرێمی کوردستان و بەتایبەت لەدهۆک بووەتە دیاردەیەکی زەق، تەنانەت جیاکارییەکە بەجۆرێکە کەدەزگاکانی راگەیاندنی نزیک لەحزبەکانی دەسەڵات زووتر دەستیان بەزانیارییەکان دەگات.

بۆ مەروان یەحیا کە رۆژنامەنووسێکی شاری دهۆکە ئەو کێشەیە رۆژانەیەو بەنمونە باس لەچیرۆکێکی خۆی دەکات بۆ هاوڵاتی کە بەسەریدا هاتووەو دەڵێت، «جارێكیان لەسەر دزینی پارەی كارەبا لەلایەن یەكێك لەفەرمانبەرانی دهۆك، داوای زانیاریم كرد كەزانیان دەزگاكەی من سەر بەحزبی دەستەڵات نییە هەر تەلەفونی بەسەرمدا داخست».

مەروان یەحیا کە پەیامنێری ماڵپەری شار پرێسە لەپارێزگای دهۆك، دەڵێت کە لایەنە پەیوەندیدارەکان لەکاتی تەلەفوندا کەداوای زانیارییان لێدەکات گرنگی بەکێشەکە نادەن، بەڵکو سەرەتا پرسیاری ئەوە دەکەن کە سەر بەچ دەزگایەکن.

بەپێی یاسای ژمارە (11)ی ساڵی 2013 یاسای مافی بەدەستكەوتنی زانیاری لەپەرلەمانی كوردستان پەسەندكراوە، لەماددەی (5) دا هاتووە کەهەموو كەسێك مافی ئەوەی هەیە داوای بەدەستهێنانی زانیاری پێشكەش بكات، ئەگەر ئەو بەڵگەنامەیەی كەزانیاریە داواكراوەكەی تێدایە لای ئەم دەزگایە بێت كە داواکارییەکەی ئاراستە كراوە ئەوا پێویستە دانایەك لەو بەڵگەنامەیەی پێبدات.

هەروەها لەبڕگەی 1 ماددەی حەڤدەی یاساكە ئاماژە بەوە كراوە، هەر كەسێك داواكاری دەسكەوتنی زانیاری رەتكراوەتەوە، مافی هەیە ناڕەزایی دەرببڕێت لەدادگای بەرایی سکاڵا تۆماربكات .

نژیار نێروەیی کە رۆژنامەنووسێکی تری شاری دهۆکە باس لەوەدەکات کەجیاکاری لەنێو دەزگاکانی راگەیاندن دەکرێت و ئەولەویەت دەدرێت بەو میدیایانەی کە سەر بەدەسەڵاتن لەڕووی پیدانی زانیارییەوە.

«جیاكاری لەنێوان دەزگا راگەیاندنەكان دەكرێت، ئەو دەزگایانەی سەر بە لایەنی دەسەڵاتن یان نزیكن لەئەوان رۆژنامەنووسەكانیان هیچ كێشەیان نیە هەركاتێك بیانەوێت زانیاری و داتای تەواویان پێدەدرێت «.

نژیار کێشەی ئەوەی هەیە کەهەندێک جار هاووڵاتیان رەخنەی ئەوە دەگرن کە راپۆرتەکانی لێدوانی فەرمی یان لێدوان و زانیاری کەمی تێدایە، بەڵام ئەو دەڵێت «چەند جارێك تەلەفون بۆ بەڕێوەبەرێك دەكەین تا زانیاری لێوەربگرین وەڵامی تەلەفونەكە نادەنەوە، ناچاربووین لەڕاپۆرتەكەدا ئاماژە بەوەبكەین كە بەڕێوەبەر ئامادە نەبووە زانیاریمان بداتێ، دواجار بینەر یان خۆینەر دەڵێن ئەو راپۆرتە هیچ زانیاری ئەوتۆی تێدا نەبوو، ئەوان نازانن كەئێمە زۆر هەوڵمان داوە بەڵام بێسوود بووە».

لەسنوری پارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ هەزارو 563 رۆژنامەنوس لەسەندیكای رۆژنامەنوسان تۆماركراون بەجۆرێک هەزارو 400 کەسیان لەدهۆکن و 163 رۆژنامەنوسی تر لەزاخۆن.

کێشەی زۆربەی رۆژنامەنوسان لەپارێزگای دهۆک ئەوەیە زانیارییان درەنگ بەدەست دەگات بەبەراورد بەڕاگەیاندنەکانی دەسەڵات. مەروان یەحیا هاوڕایە لەگەڵ نژیار نێروەیی و دەڵێت، «ئەوەی دەبینین روون و ئاشكرایە كە زیاتر زانیاری بەكەناڵەكانی نزیك بەدەسەڵات دەگات هەر بۆیە زۆرجار گرفتمان بۆ دروستدەبێت لەلایەن خۆێنەرو بینەرمان چونكە زانیاریەكان لەدوای كەناڵەكانی دی پێمان دەگات».

ئەو رۆژنامەنووسە دەشڵێت، «هەندێكجار رووداوێكی گرنگ روودەدات بەرپرسەكان خۆیان دەزگاكانی نزیك لەخۆیان ئاگادار دەكەنەوە تا پێشمانبكەون و سەرەتا ئەوان رووماڵ بكەن».

لقی دهۆکی سەندیکای رۆژنامەنوسان ئاگاداری بابەتەکەیەو دەڵێت، چەندین رۆژنامەنووس هەبووە رووبەڕووی پێنەدانی زانیاری بووەتەوە.

ڤیان عەباس، بەرپرسی لقی دهۆكی سەندیكای رۆژنامەنووسان بەهاوڵاتی وت، «یاسای بەدەستهێنانی زانیاری پێویستە كارابكرێتەوە تائێمەش بتوانین باشترو زیاتر داكوكی لەمافی رۆژنامەنووسان بكەین، رۆژنامەنووس هەبووە بەئێمەی وتووە فڵان كەس یاخۆد فڵان بەڕێوبەرایەتی زانیاری بەمن نەداوە یاخود قسەی نەكردووە بەڵام نەیكردوە بەسكاڵا، بۆ چارەسەركردنی ئەم بابەتە 5 دانیشتنمان كردوە، ئەوەش بەئامادەبوونی بەرپرسان و رۆژنامەنوسان تاپێكەوە كێشەكە چارەسەربكەین».

ڤیان عەباس دەشڵێت، «دانیشتنێكی تایبەتمان لەئەنجومەنی پارێزگای دهۆك ئەنجامداوە كەتایبەت بۆ پێدانی زانیاری و مامەڵەیەكی دروست لەگەڵ رۆژنامەنووسان بووە.»


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار