نوێترین ئامارى قوربانیانى ئاگرەکەى حەمدانییە راگەیەنرا

2 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی نه‌ینه‌وا رایگه‌یاند، كۆی گشتی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له‌ئه‌نجامی روداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌ی قه‌زای حه‌مدانیه گیانیان له‌ده‌ستداوه گه‌یشتوه‌ته 113 كه‌س و 41 كه‌سیان ناسنامه‌كانیان نه‌ناسراوه‌ته‌وه.
ته‌ندروستی نه‌ینه‌وا له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه بڵاویكرده‌وه، "12 برینداری روداوی ئاگره‌كه‌ی حه‌مدانیه ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵات كراون به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری پزیشكی، رێكاره‌كانیش بۆ ناردنی هه‌شت برینداری دیكه ته‌واو كراون، هه‌روه‌ها له‌ئێستادا سێ بریندار له نه‌خۆشخانه‌ی كۆماری موسڵ، پێنج بریندار له نه‌خۆشخانه‌ی حه‌مدانیه، له هه‌ولێر 11 بریندار، له دهۆك شه‌ش بریندار، له‌ژێر چاودێری وردی پزیشكیدان".
بەپێى ئامارەکەى تەندروستى نەینەوا بڵاویکردوەتەوە؛ تا ئێستا 113 کەس گیانیان لەدەستداوە و لەو ژمارەیەش تا ئێستا 41 تەرمیان نەناسراونەتەوە و 5 تەرمیش تەنها چەند پارچەیەکیان ماوەتەوە.
ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە لە ئێستادا کاردەکەن بۆ وەرگرتنى نمونە بۆ ئەنجامدانى پشکنینى دى ئێن ئەى تا بتوانن ئەو تەرمانە بگەڕێننەوە بۆ کەسوکاریان.
ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ یەکشەممە، وەزیرى ناوخۆى عێراق لە کۆنگرەیەکدا لەگەڵ ئەوەى ئەنجامى لێکۆڵینەوەى لیژنەى بەدواداچون بۆ هۆکارى کەوتنەوەى ئاگرەکەى ئاشکرا کرد رایگەیاند؛ تا ئێستا 107 کەس گیانیان لەدەستداوە و 82 کەسیش بریندارن و سەرجەمیان وەک شەهید دەناسرێن، یاسای دامەزراوەی شەهیدان دەیانگرێتەوە، بریندارەکانیش لە ناوخۆ یان دەرەوەی عێراق چارەسەریان بۆ دەکرێت و پشتیوانی دارایشیان لێدەکرێت.

