خامنەیی: ئەو وڵاتانەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی دەکەنەوە قومارێکی دۆڕاو دەکەن

12 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

عەلی خامنەیی رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ باڵیۆزی وڵاتانی ئیسلامی کۆبۆوە و لەم دانیشتنەدا جارێکیتر باسی لە نەمانی ئیسرائیل کرد و ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی وڵاتانی ئیسلامی لەگەڵ ئیسرائیل بە "قومارێک" ناوبرد کە دۆڕانی لە دواوە دێت.

ئەم وتانەی رابەری باڵای ئێران لە کاتێکدایە کە لە ماوەی هەفتەیەکدا دوو وەزیری ئیسرائیلی سەردانی سعودیەیان کردوەو ئەمریکا دەیەوێت پەیوەندی نێوان سعودیە و ئیسرائیل ئاسایی بێتەوە.

رێبەری کۆماری ئیسلامی لە دیدار لەگەڵ باڵیۆزی وڵاتانی ئیسلامی بەشی زۆری قسەکانی خۆی بۆ قسەکردن لەسەر ئیسرائیل تەرخانکرد و وتی، "کۆماری ئیسلامی بە دڵنیاییەوە لەسەر ئەو باوەڕەیە ئەو وڵاتانەی کە قوماری ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل ئەکەن، دەدۆڕێن و لە هەڵەدان. بە وتەی ئەورووپییەکان لەسەر ئەسپی دۆڕاو گرەو دەکەن."

عەلی خامنەیی لە قسەکانیدا باسی لە بزووتنەوەی دژە ئیسرائیل لە فەلەستین کرد و وتی، " بزوتنەوەی فەلەستین لە هەموو کات زیندووترە. دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی، ئایەتوڵڵا خومەینی ئیسرائیلی بە شێرپەنجەیەک ناوبردووە کە بە دەستی هێزە فەلەستینییەکان و بەرەی بەرگری لە ناوچەکە لەناو دەبرێت."

کۆماری ئیسلامی هەر لەسەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنییەوە دروشمی نەمان بۆ ئیسرائیلی هەڵگرتووەو بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی حیزبە دژە ئیسرائیلییەکانی لوبنان و فەلەستین ئەکات.

ئیسرائیل بەردەوام کۆماری ئیسلامی بە هەڕەشەیەک بۆ سەر خۆی ئەبینێت و بە تایبەت لە پرسی چالاکییە ناوەکییەکانی ئێران، ئێرانی خاوەنی چەکی ئەتۆمی بە مەترسییەکی گەورە بۆ خۆی دەبینێت و سوورە لەسەر ئەوەی نابێ کۆماری ئیسلامی بە هیچ شێوەیەک دەستی بە چەکی ناوکی و ئەتۆمی بگات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار