چین‌و نەوتی عێراق

8 مانگ لەمەوپێش



سەردار عەزیز

ماوەیەک لەمەوپێش کۆمپانیای ئێکسۆن لەکێڵگەی گەورەی قوڕەنەی رۆژئاوا لەکارکردن دەستی کێشایەوە. ئەمە وەها بینرا کەکۆتایی کۆمپانیا گەورەکانی رۆژئاوایە لەعێراق، ئەوانەی کە لەئەدەبیاتی نەوتدا بەحەوت دەستەخوشکەکە ناسراون. کشانەوەی ئێکسۆن، چین جێگرەوەی بوو. چیرۆکی چین و نەوتی عێراق چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشە.

لەساڵی ٢٠٢٢ سارا ماکفارلن، لەڕێگای واشنتۆن ئینستیویتەوە، پەیوەندی پێوەکردم، بۆ قسەکردن لەسەر هەوڵی عێراق بۆ رێگریی لەزاڵبونی کۆمپانیا نەوتیەکانی چین بەسەر کەرتی نەوتی عێراقدا. پرسی فرۆشتنی پشکی ئیکسۆن و لوک ئۆیلی روسی بۆ چینیەکان لەئارادابوو. عێراقییەکان بەئێکسۆنیان گوتبو کەئەوان وەها بەباشتر دەزانن کەپشکەکانیان بدەن بەکۆمپانیای نەوتی بەسرە.

ئەم هەوڵی راگرتنی چینیەکان وەک هەنگاوێکی گرنگ بینرا لەمیدیاکانی رۆژئاوادا. پاش گفتوگۆ لەگەڵ سارادا، کە بۆ رۆیتەرز کاری دەکرد، لەڕێگەی کەسێکەوە قسەم لەگەڵ لوئەی خەتیب کرد، وەزیری پێشوی کارەباو ماوەیەک وەزیری نەوتی عێراقی. لوئەی زانیارییەکی ئەوتۆی نەبوو. لەڕاستیدا هەستمکرد، وەک زۆر عێراقی بەتەواوی هەرزەکاریی تێنەپەڕاندووە. پۆزێک هەیە لەکەرتی نەوتدا، کە بەرپرسانی وڵاتی نەوتی دەڵێن کاشکا نەوتمان نەبوایە، ئەویش وەها پۆزی لێدەدا، منیش پێمگوت لەسۆماڵ خراپتر دەبووین، وتی، نەخێر وەک مەغریب دەبووین.

سەرباری هەوڵەکان بەڵام نەتوانرا رێگریی لەچینیەکان بکرێت. ئەم رۆژانەی پێشوو کارێکم بۆ خانەی بیری ئیماراتی کرد لەمبارەوە. چۆن چین هەوڵدەدات کەعێراق وەها وابەستە بکات بەخۆیەوە کەتوانای ئەوەی نەبێت ئاسایشی وزەی بخاتە مەترسییەوە. بۆ تێگەیشتن لەم پرسە پێویستمان بەتێگەیشتنە بۆ ئاسایشی وزە لەدیدی چینەوە.

مێژوی چین لەگەڵ نەوتدا مێژوویەکی تایبەتە. لەپاش شۆڕشی چینی، چین پشتی بەسۆڤیەت دەبەست بۆ دابینکردنی وزەی. پەیوەندی ماو و ستالین پەیوەندییەکی ئاسان نەبوو، ستالین نەیدەویست کەس بەهاوتای خۆی بزانێت بەتایبەتی کۆمۆنیستەکان، هەتا لێی یاخی نەبن، وەک تیتۆ لەیوگوسلاڤیا کردی. بەڵام پەیوەندییەکە درێژەی کێشا. پاش مەرگی ستالین پەیوەندی چین و سۆڤیەت بەرەو خراپی رۆشت، لەساڵی ١٩٦٩ گەیشتە ئاستی بەریەککەوتن. ئەمە بووە هۆکاری پچڕانی پەیوەندی وزەی نێوان هەردوو وڵات.

ئەوەی کەمێک شارەزایی لە ماوزیمدا هەبێت دەزانێت کەیەکێک لەچەمکە سەرەکییەکانی ماویزم پشت بەخۆبەستنە. کاتێک کەسۆڤیەت نەوتی بڕی، هەرزوو پاش ئەوە دەست بەپشکنین کرا لەناو چینداو لەئەنجامدا لەناوچەی تاچینگ نەوت دۆزرایەوە، چین توانی پشت بەخۆی ببەستێت، تەنانەت هەندێک هەناردەش بکات. بەڵام لەناوەڕاستی هەشتاکان ئەمەش بەرەو کۆتایی رۆشت، ئیتر چینیەکان گەیشتنە ئەو باوەڕەی کەکرانەوەو گەشەی ئابورییان ناچاریان دەکات لەدەرەوە بەدوای دابینکردنی نەوتدا بگەڕێن. ئەمە بۆ چین ئاسان نەبوو. بەڵام لەساڵی ١٩٩٣ چین بەناچاری و بەیەکجاری بوو بەوڵاتێکی هاوردە لەبواری نەوتدا. لەم رووەوە چین کۆمەڵێک ستراتیژی گرتەبەر، یەکێک لەو سیاسەتانە رۆشتن بوو بۆ ئەو جێگایانەی کەکەسی تری لێنەبوو یان هیچ کۆمپانیایەک توانای نەبوو بڕوات. لەنەوەدەکان چین هەمیشە دژ بەئابڵوقەی سەر عێراق بوو لە نەتەوەیەکگرتووەکان، بەمجۆرە لەلای رژێمی پێشوو جۆرێک لەقبوڵیەتی بۆ دروستبوبوو. کاتێک لەساڵی ١٩٩٦ بڕیاری نەوت بەرامبەر خۆراک لەنەتەوەیەکگرتووەکانەوە دەرچوو، چین خێرا وەک دەرفەتێکی بینی بۆ هاتنی بۆ ناو کەرتی نەوتی عێراق. هەردوو وڵات لەساڵی ١٩٩٧ گەیشتە لێکگەیشتنێک کە چین لەکێڵگەی نەوتی ئەحدەب کاربکات. بەڵام پرۆسەکە بەهۆی دۆخی سەختی عێراقەوە بەئاسانی بەرەوپێش نەچوو.

ئەمجۆرە لەمامەڵەیە، لەلایەن ئەمریکاوە وەها دەبینرێت کە چین سوود لەلاوازی ئەوانیتر وەردەگرێت بۆ مەبەستی سوودی تایبەتی خۆی. کاتێک کە سەدام لابرا، چین داوای گەڕانەوەی بۆ گرێبەستەکانی کرد، بەڵام بەئاسانی قبوڵ نەکرا. چین بۆ ئەم مەبەستە بڕیاری دا کە لەقەرزەکانی عێراق خۆش بێت. کاتێک لە شەرم ئەلشێخ لەمبارەیەوە کۆنفراسێک سازکرا، چین ئاماژەی بەئەمە دا، بەڵام بەفەرمی بڕیاری نەدا هەتا لەهاوینی ساڵی ٢٠٠٧ سەرۆکی عێراقی ئەوکاتە جەلال تاڵەبانی سەردانی چینی کردو لەگەڵ سەرۆکی چینی ئەوکاتە هوژین تاو دا کۆبووەوە. دیارە پلانی چینیەکان وەهابوو کە لەکاتی سەردانەکەی سەرۆکی عێراقدا بڕیاری لێخۆشبوونی قەرزەکان بدەن بۆ کۆمەڵێک مەبەست.

جەلال تاڵەبانی پەیوەندییەکی تایبەتی هەبوو بەچینەوە، کە بەتەواوی نازانرێت پاڵنەرەکانی چی بوون. مەلا بەختیار پێی گوتم کاتێک سۆڤیەت پشتیوانی شۆڕش نەبوو، مام جەلال بەرەو چین رۆیشت. بەڵام لەڕاستیدا چین بەهیچ شێوەیەک ئاگادار نەبوو، لە ماویزمی کوردی. وەک دەڵێن خۆشەویستییەکی تاکلایەنەبوو، وەک زۆرێک لەپاڵەوانەکانی چیرۆکەکانی شێرزاد حەسەن.

هۆکارو پاڵنەرەکان هەرچی بن، جەلال تاڵەبانی بەیەکێک لەهۆکارەکانی هاتنی چین بۆ عێراق دادەنرێت و یەکێتی رێخۆشکەری سەرەکی ئەم پەیوەندییەیە.

کە دێتەسەر ئاسایشی وزە، چین چەند بنەمایەک بەلایانەوە مایەی نیگەرانییە، یەکەم، چۆن دەستیان بەسەرچاوەکانی وزە بگات و چۆن بەسەلامەتی بیگەیەننە چین. لەم پێناوەدا چەندین هەنگاویان ناوە، بۆ نموونە راکێشانی بۆری لەڕوسیا و ئاسیای ناوەندەوە. هەروەها پەرەدان بەبەندەری گوادار لەپاکستان، هەرچەندە ئەم هەنگاوە ئەگەری سەرکەوتنی کەمە. بەڵام هەوڵەکان هەرچۆنێک بێت، چین هێشتا پێویستی بەگواستنەوەی وزەیە لەنێو ئەو دەریاو زەریاو تەنگەبەرانەوە کەئەمریکا بەسەریدا زاڵە هەر لەکەنداوی عەرەبییەوە هەتا تەنگەبەری مەلاکە.

هەرچی پەیوەستە بەعێراقەوە، ئەوە لەچەند ئاستێکدا دۆخێکی تایبەتە. یەکەم، ئەمریکا راستەوخۆ لەعێراق بوونی سەربازیی هەیە، دووەم، ئەمریکا هێشتا کاریگەری هەیە لەسەر بڕیاری سیاسی و ئابوریی و دارایی عێراق، سێیەم، ئەمریکا رۆڵێک دەبینێت لەڕاگرتنی ئاسایشی عێراقدا. هەموو ئەمانە بۆ چین لەیەککاتدا مایەی قبوڵ و نیگەرانیە، چونکە چین نایەوێت لەبواری سەربازی و ئاسایشدا هیچ هەوڵێک بدات.

بۆیە چینیەکان وەهای دەبینن کەهەوڵ بۆ پێکەوەبوەن دەدەن. بەڵام هەتا بێت چین بەسەر کەرتی نەوتی عێراقدا زاڵ دەبێت. نابێت رۆڵی ئێران لەم رووەوە نادیدە بگرین. ئێران هەمیشە دژ بەپێدانی گرێبەست بووە بەکۆمپانیا نەوتییە ئەمریکیەکان لەعێراق. لە ٢٠٠٧ەوە بەبەردەوامی هەوڵی ئەمە دەدات.

لەپێناو مسۆگەرکردنی بەردەوامی نەوتی عێراق چین چەند رێگایەکی گرتوەتە بەر، کە بەکورتی لەخوارەوە ئاماژەیان پێدەدەم.

یەکەم، هەرزانکردنی خزمەتی کەرتی نەوت بەئاستێک کەهیچ کۆمپانیایەکی تر نەتوانێت کێبڕکێ بکات، ئەمە تەنها بۆ کۆمپانیا ئەوروپایی و ئەمریکاییەکان نیە، بەڵکو ژاپۆنیەکانیش گلەیی زۆر دەکەن. چینیەکان دەتوانن ئەمە بکەن، چونکە خۆیان کارەکان دەکەن، هەروەها قازانج مەبەست نیە لەلایان چونکە کۆمپانیاکان حکومین. بەڵکو ئاسایشی وزە ئەولەویەتیانە.

دووەم، چین دەیەوێت، نەوت تەنها مامەڵەیەکی بازاڕی نەبێت، بەڵکو بەبواری ترەوە گرێبدرێت، بۆ نموونە ژێرخان، ئاوەدانی و گرێبەستی درێژخایەن و قەرز. کەسێکی وەک عادل عەبدولمەهدی رۆڵێکی کاریگەری بینیوە. نەک تەنها لەواژۆکردن بۆ گرێبەستی نەوت بەرامبەر ژێرخان، بەڵکو لەساڵی ٢٠١٥ کاتێک وەزیری نەوت بوو لەگەڵ عەبادیدا سەردانی چینیان کرد، دەستی بەم پرۆژەیە کردو پاش رۆشتنی لەکابینەی حکومەتی عەبادی داوایەکی هەبوو کەئەو رێکەوتنە کۆتایی پێنەهێنرێت و پەرەی پێبدرێت، وەک مەزهەر ساڵەح پێمان دەڵێت خواستەکەی لەبەرچاو گیراو پەرەی پێدرا.

سێیەم، چین تەنها کڕیاری سەرەکی نیە، بەڵکو لەبوارەکانی تری وەک دەرهێنان و گواستنەوە و پاککردنەوەدا کاردەکات. سێ قۆناغەکەی نەوت لەبواری ئەدەبیاتی نەوتدا ناسراوە. چین هەروەها بە بوونی بەیەکێک لەکڕیارە سەرەکییەکان، عێراق ناچار دەکات کەنەتوانێت وازی لێبهێنێت چونکە ناتوانرێت کڕیارێکی وەها لەبازاڕدا بدۆزرێتەوە. چینیەکان زۆر بەئاگایانە ئەم پرسی ساغکردنەوەیە بەکاردەبەن.

چوارهەم، چین هەوڵدەدات کە نەک تەنها عێراق سەرچاوەی وزە بێت بۆ چین، بەڵکو چینیش ببێت بەسەرچاوەی وزە، بەتایبەتی تەکنەلۆجیای وزە لەعێراقدا، ئەمە بەڕوونی لەبواری وزەی خۆرو کارەباو بوارەکانی تردا دەبینرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار