شەش ساڵە بنكەیەكی تەندروستی بۆ منداڵبوون لەناحیەیەکی دهۆک كراوەتەوە، بەڵام هیچ منداڵێكی تێدا لەدایك نەبووە

12 مانگ لەمەوپێش



عەممار عەزیز

شەش ساڵە بینای بنكەی تەندروستی لەدایكبوون لەناحیەی رۆڤیای سەر بەقەزای بەردەڕەش لەپارێزگای دهۆك لەهەرێمی كوردستان تەواوبووە، بەڵام تائێستا نەكراوەتەوەو هیچ منداڵێكی تێدا لەدایك نەبووە.

بنكەكە لە 1_ 7 _ 2017 بەفەرمی كراوەتەوە، بەڵام بەهۆی دابیننەكردنی پێداویستیە پزیشكییەكان و ستاف، دوای بڕینی شریتی كردنەوەكەی، تائەمڕۆ دەرگاكەی بەداخراوی ماوەتەوە، ئەمەش هاووڵاتیانی نیگەران كردووە .

عیماد رەشید، دانیشتووی ناحیەی رۆڤیایە بەهاوڵاتی وت: باوەڕناكەم لەهیچ شوێنێكی دونیا هەبێت بنكەیەكی تەندروستی بەهەموو ئامێرو شتەكان دابین بكرێت و بەڕووی خەڵكدا نەكرێتەوە، پێش دروستكردنی بنكەكە داواو تكای ئێمە ئەوەبوو بنكەیەكی تایبەت بۆ لەدایكبوون دروستبكرێت، شەش ساڵە بنكەكە لەڕووی بیناوە تەواوبووە بەڵام هیچ هاووڵاتییەك سوودی لێوەرنەگرتووە.

وتیشی : سەدان حاڵەتی لەدایكبوون لەسەنتەری ناحیەی رۆڤیاو دەوروبەری هەبووە، لەوانەش لەماڵی خۆمان، ناچاربووینە روو لەسەنتەری بەردەڕەش یان ئاكرێ بكەین.

«ئاكرێ نزیكەی 22 خولەك بەئۆتۆمبێل لێمان دوورە بەهەمانشێوە سەنتەری بەردەڕەش 15 خولەك لێمان دوورە، دەیانجار داوامانكردووە بنكەكە بكرێتەوە بەڵام بێسوود بووە، لەكاتێكدا سەدان دەرچووی پزیشكی لەبوارە جۆراوجۆرەكان خوێندنی خۆیان تەواوكردووەو لەماڵ دانیشتوون بۆچی حكومەت ئەوانە بەگرێبەست یان بەهەمیشەیی لەو بنكەیە دانامەزرێنێت». عیماد رەشید وادەڵێت.

بەڕێوەبەری ناحیەكە باس لەهۆكاری نەكردنەوەی ئەو بنكەیە بۆ هاوڵاتی دەكات

مەنهەل سورچی، بەڕێوەبەری ناحیەی رۆڤیا  بەهاوڵاتی  وت: بنكەكە لەڕووی بیناوە هیچ كێشەی نیەو بەشێوازێكی  رێكوپێك دروستكراوە، بەڵام كێشەی سەرەكی ئەوەیە بنكەكە پێویستی بەزیاتر لە 30 پزیشك و كارمەندو پەرستار هەیە، تائێستا حكومەت هیچ كەسێكی بۆ ئەم بنكەیە دابین نەكردووە، بۆیە بەداخراوی ماوەتەوەو لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و تەندروستی دهۆك بەردەوام لەسەر خەتین تائەم كێشەیە چارەسەربكەن بەڵام تائێستا هیچ كەسێك بۆ ئەم بنكەیە دانەمەزرێندراوە.

بەڕێوەبەری تەندروستی بەردەڕەش دەڵێت داوای  كارمەندیان كردووە

دكتۆر خدر ساڵح، بەڕێوەبەری تەندروستی قەزای بەردەڕەش بەهاوڵاتی وت: لەگەڵ بەشی پلاندانانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆك قسەمان كردووەو بەنووسراوێكی فەرمی داوای دانانی كۆمەڵێك كارمەندمان كردووە، لەوانەش  سێ  كارمەندی ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن، كارمەندانی تەندروستی هەشت تا 10 كەس، پەرستار هەشت تا 10 كەس، لەگەڵ پاسەوان و دابینكردنی چەند ئۆتۆمبێلێكی فریاكەوتن، نووسراوەكەمان ئاراستەی ئیدارەی پارێزگای دهۆك كردووە بەڵام تائێستا وەڵامی نەبووە.

بەڕێوەبەری تەندروستی قەزای بەردەڕەش وتیشی: هەموو هەوڵێك دەدەین ئەو بنكەیە بەزووترین كات بەڕووی خەڵكدا بكرێتەوە، چونكە لەئێستادا فشارێكی زۆر لەسەر سەنتەری بەردەڕەش و ناوەندی ئاكرێ هەیە، ئەگەر ئەم بنكەیە بكرێتەوە هاووڵاتیانیش ئەو رێگا دوورە نابڕن.

ناحیەی رۆڤیا سەر بەقەزای بەردەڕەشەو ژمارەی دانیشتوانی 52 هەزار كەسەو لە 48 گوند پێكهاتووە، 21 كیلۆمەتر لەناوەندی قەزای ئاكرێ-وە دوورە، هاووڵاتیانی ناحیە بۆ حاڵەتەكانی لەدایكبوون یان دەبێت بچنە سەنتەری قەزای بەردەڕەش یان ناوەندی ئاكرێ و شارەكانی تر، سەرەڕای ئەوەی لەناحیەی رۆڤیا بنكەیەكی تری تەندروستی هەیە، بەڵام وەكو پێویست دەرمان و پزیشك و كارمەندی نیەو بیناكەشی كۆنە.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار