رۆژانە نزیکەی ١٦ کاتژمێر کارەبای موەلیدە دەدرێتە هاووڵاتیان

12 مانگ لەمەوپێش



شەنای فاتیح

بەهۆی نزیكبوونەوەی وەرزی زستان و بەرزبوونەوەی خواستی هاووڵاتیان لەسەر کارەبای نیشتیمانی، کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانی کەمبووەتەوە، بەجۆرێک هەندێک رۆژ کەمتر لەهەشت کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی دەدرێتە هاووڵاتیان، وەزارەتی کارەباش  هۆکاری کەمبوونەوەکە بۆ پرۆسەی چاکسازی لەهەردوو یەكەی وێستگەی خەبات دەگەڕێنێتەوە.

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە بەهۆی پرۆسەی چاکسازی لەهەردوو یەكەی وێستگەی خەبات ٣٠٠ مێگاوات کارەبا لەڕۆژی (١٥)ی ئەم مانگەوە کەمبووەتەوە.

لەڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە تاكۆتایی مانگ پرۆسەکە تەواودەبێت و وێستگەکە دەکەوێتە کارو ماوەکانی پێدانی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە، ئەم چاکسازییە هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی خواست لەسەر کارەبا بەهۆی سەرماوە، بۆیە ماوەی چەند رۆژێکە کاتەکانی پێدانی کارەبا کەمبووەتەوە.

هاوکات، بەهۆی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانییەوە  کاتژمێری کارکردنی موەلیدەکان زیادیان کردووە، قارەمان مەولوود، سەرۆکی لیژنەی بەدواداچوونی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: چەند خشتەیەک لەسەر داواکاری هاووڵاتیان دانراوە بەشێکی ٢٤ کاتژمێرییەو داواکراوە هەرکاتێک کارەبای نیشتیمانی ببڕێت موەلیدەکان بخرێنە کارو نرخ کێشە نییە، ئەوانە رۆژانە زیاتر لە ١٦ کاتژمێر کارەبای موەلیدەیان پێدەدرێت.

وتیشی: بەشێکی تر هەیە لەکاتژمێر ٦:٣٠ تا ٨:٣٠ی بەیانی کارەبا هەیە، کاتژمێر سێ تا چواری عەسر پشوویەک بەموەلیدەکان دەدرێن، لەکاتژمێر چوارەوە تایەکی شەو کارەبای موەلیدە دەدرێتە هاووڵاتیان، ئەمانیش رۆژانە زیاتر لە ١٢ کاژمێر کارەبایان پێدەدرێت.

کاتژمێرەکانی کارەبای موەلیدە لەهەولێر زیاترە بەراورد بەسلێمانی، بۆ نموونە مانگی رابردوو لەشاری سلێمانی ١٦٠ کاتژمێر موەلیدەکان کاریان کردبوو، بەڵام لەهەولێر ٣٠٠ کاتژمێر کارەبای موەلیدە هەبووە. قارەمان مەولوود وای وت.

تاریق سەمین، سەرۆكی كۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەكانی سلێمانی لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: ئێمە خشتەی کارکردنی کارەبای موەلیدە ئەهلییەکانمان هەیە، ئەویش لەکاتژمێر ٦:٣٠ بۆ هەشتی بەیانی، هەروەها کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ بۆ یەکی شەو.

وتیشی: ناتوانین بڵێین ئەوەندە کاتژمێر کارەبای موەلیدە دراوەتە هاووڵاتیان،  لەبەرئەوەی هەرکاتێک کارەبای نیشتیمانی ببڕێت کارەبای موەلیدە بەهاووڵاتیان دەدرێت و کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانی جێگیر نییە.

سەبارەت بەمانگی رابردوو، تاریق سەمین وتی: مانگی تشرینی یەکەم لەشاری سلێمانیدا ١٦٠ کاتژمێر کارەبای موەلیدە بەهاووڵاتیان دراوەو نرخی ئەمپێرێک کارەبای موەلیدەش لەنێوان شەش بۆ حەوت هەزار دینار بووە، بەڵام بەهۆی زیادکردنی کاتژمێرەکانی کارەبای موەلیدەوە بۆ مانگی تشرینی دووەم نرخەکە زیاد دەکات.

پاش ٣٢ ساڵ لەحوکمڕانی کوردی هێشتا نەتوانراوە كارەبای ٢٤ كاتژمێری دابینبکرێت  بۆ هاووڵاتیان ، لەكاتێكدا سیستەمی پێوەری زیرەک و پریپەید خراونەتە کار.

عەلی حەمە ساڵح، پەلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی کوردستان،  لەنووسینێکدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک باس لەوەدەکات کەدانیشتوانی سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجەو راپەڕین نزیکەی ٤٢٪ ی دانیشتوانی هەرێمی کوردستانن، بەڵام ٣٣.٥٪ ی کارەبایان پێدەدرێت، شاری هەولێر٤٢.٥٪ی پێدەدرێت و شاری دهۆکیش ٢٤٪.

پێشتر ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: هێشتا زووە بۆ وەزری زستان و مانگێكمان لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی بزانین كەئیمكانیەتمان چەندە بۆ پێدانی كارەبا تا بیدەینە هاوبەشەكانمان، بۆیە ناشزانین خواستی كارەبا بۆ وەرزی زستان چۆن دەبێت».

وتیشی:» بەرهەممان دیار نییەو چاوەڕێی سووتەمەنی و پارەین، چونكە لەئێستادا بارودۆخێكی دارایی خراپ هەیە، وەزارەتی كارەبا لەئێستادا لەسەر خەتە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ ئەوەی بارودۆخی سووتەمەنی باشتربێت، هەروەها دیار نییە كەئێمە بودجەمان دەبێت یان نا، بۆیە نامانەوێت زانیاری هەڵە بدەین».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار