حکومەتی عێراق داوا لە مامۆستایانی ناڕازی دەکات بچنە بەغدا
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
نوێنەری دەستەی داکۆکیکار لە مامۆستایانی ناڕازی رایگەیاند حکومەتی ناوەندی داوای لێکردوون چەند نوێنەرێکیان سەردانی بەغدا بکەن بەمەبەستی گەیاندنی کێشە و گرفتەکانیان و داواکردنی مافەکانیان.
دڵشاد میرانی، نوێنەری دەستەی داکۆکیکار لە مامۆستایانی ناڕازی بە هاوڵاتی راگەیاند، "حکومەتی ناوەندی داوایان کردوە 10 نوێنەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بچنە بەغدا بە مەبەستی گەیاندنی کێشە و گرفت و داواکاریەکانیان."
ئەم لەکاتێکدایە کە رۆژی یەکشەممە 26ی تشرینی دووەمی 2023 لە بازگەی چیمەن لە نزیک کەرکوک رێگری لە مامۆستایانی ناڕازی کرا کە بچنە بەغدا بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان و گەیاندنی داواکارییەکانیان کە خۆی دەبینێتەوە لە دابینکردنی مووچە لەکاتی خۆیدا و گەراندنەوەی پلە بەرزکردنەوە و دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ.
دوای گەڕانەوەیان لە کەرکوک مامۆستایانی نارازی رایانگەیاند کە حوکمەتی هەرێم داوای لە حکومەتی عێراق کردووە کە رێگری لە چوونی مامۆستایان بکات بۆ بەغدا، بەڵام پیشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم، دەڵێت ئەوان رێگرییان نەکردووە و "ئەگەر وابوایە لە بازگەکانی حکومەتی هەرێم رێگرییان لێدەکرا."