لە مانگی رابردوودا ١٢٢ کەس لە زیندانەکانی ئێران لە سێدارە دراون

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لە مانگی تشرینی دووهەمی ٢٠٢٣ دا لانیەکم ١٢٢ بەندکراو لە زیندانەکانی ئێران لە سێدراوە دراون کە ئەم ئامارە لە چاو مانگی پێشتر (تشرینی یەکەم) ٤٤ کەس زیادی کردووە بەشێوەیەک لە مانگی تشرینی یەکەمدا ٧٨ کەس لە زیندانەکانی ئێران لە سێدارە دران.
بە پێی راپۆرتی بەشی تۆماری ماڵپەڕی هەنگاو، لە مانگی تشرینی دووهەمی ٢٠٢٣ دا لانیکەم ١٢٢ کەس بە تۆمەتی جیاجیا لە زیندانەکانی ئێران لە سێدارە راون. لەم ژمارەیە ٥٦ کەسیان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان ئێعدام کراون.
بە پێی ئامارەکان١١ بەندکراوی سیاسی- ئایینی لەم مانگەدا سزای سێدارەیان جێبەجێکراوە. هەروەها سزای سێدارەی لانی کەم ٢ منداڵی تاوانبار و ٢ ژن لە بەندیخانەکانی سەبزەوار، چابەهار، کرمان و ڕەشت جێبەجێ کراوە.
هاوکات وەک لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە ، لە ماوەی مانگی تشرینی دووهەمدا سزای سێدارەی ٢٣ بەندکراوی بەلووچ کە دەکاتە ١٩% کۆی گشتیی ئاماری لەسێدارەدراوانی ئەم مانگە، ١٩ بەندکراوی کورد کە دەکاتە ١٥.٥٪ی کۆی گشتیی لەسێدارەدراوانی ئەم مانگە و هەروەها ٨ بەندکراوی تورک، ۵ بەندکراوی لوڕ و بەختیاری، ۵ بەندکراوی گیلەک و ٣ هاووڵاتیی خەڵکی وڵاتی ئەنفانستانیش لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراون.
لەم ئامارە زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدراون لە بەندیخانەکانی پارێزگای ئەلبورز بووە کە ٣٩ حاڵەت تۆمار کراوە. هەروەها لە بەندیخانەکانی پارێزگای بەلووچستان ١٣ کەس، پارێزگای فارس ١٢ کەس و پارێزگای ئیسفەهان ۵ کەس لەسێدارە دراون و باقی حاڵەتەکانیش لە پارێزگاکانی دیکە تۆمارکراون.
