کورسیی کۆتاکان‌و سکاڵای یاسایی

12 مانگ لەمەوپێش



نەوزاد ساڵح

لەپڕۆسەی هەڵبژاردنەکاندا هەمیشە پارت و لایەنە سیاسییەکان گلەییان هەبوە لەڕێژەی کورسی کۆتاکان کە (١١) کورسییە لەکۆی (١١١) کورسی پەرلەمانی کوردستان و ئەم ژمارەیە بەزۆر دەزانن بەبەراورد بەژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق کە لەکۆی (٣٢٩) کورسی تەنها (٩) نۆ کورسی بۆ کۆتاکان تەرخان کردووە .

پێکهاتەکان لەیەکەم خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە تۆماری دەنگدەران و بنکەی دەنگدان و کارتی دەنگدانی خۆیان هەبووە جگە لەمانەش لەچوارەمین هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکاندا جەخت کراوەتەوەو جێگیرکراوە کەتەنها دەنگدەرانی پێکهاتەکان بۆیان هەیە دەنگ بەکاندیدەکانیان بدەن، هەرچەندە تەرخانکردن و دیاریکردنی ژمارەیەک کورسی بۆ پێکهاتەکان لەهەڵبژاردندا بەیەک تۆماری دەنگدەرانی گشتی ئاستەنگ لەبەردەم دەرچوونی نوێنەری راستەقینەی پێکهاتەکان دروستدەکات چونکە ئەمە خۆی جۆرێکە لەپەراوێزخستن.

چاودێرانی هەڵبژاردنەکان پێیان وایە ئەو (١١) کورسییەی کۆتاکان تائێستا نەبوونەتە نوێنەری راستەقینەی کۆتاکان، دەنگدەرانی کۆتاکان و پێکهاتەکان هەرلەقەیرانی نوێنەرایەتیدان و مافەکانیان دەستەبەر نەبووە.

سەرەتای قۆناغبەندی کۆتاکان لەهەڵبژاردنەکاندا بەم شێوەیە بووە

 

قۆناغی یەکەم:

لەپێش ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا لە  ٨/٤/١٩٩٢ سەرکردایەتی سیاسی ئەوکاتەی بەرەی کوردستانی لەکۆبوونەوەی خۆیدا یاسای ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٢ی پەسەندکردو بڕیاریدا بۆ پێکهاتەکانی ئاشوری (٥) پێنج کورسی  تەرخانبکرێت کەبازنەی تایبەت بەخۆیان مافی دەنگدانیان هەبێت.

 رێژەی (٥) پێنج کورسی بۆ پێکهاتەی ئایینی مەسیحی جیاکردەوەو بازنەی هەڵبژاردنی تایبەت بەخۆیان هەبووە، لەلایەن خودی پێکهاتەی مەسیحییەکانەوە هەڵبژێردراون.

 

قۆماغی دووەم:

لەکۆی ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمانی کوردستان کە لە (١٠٥) کورسییەوە زیادکرا بۆ (١١١) کورسی و هیچ کام لەپێکهاتەکان کورسیان بۆ زیاد نەکرا لەخولی دووەمدا کە لە ٣٠/١/٢٠٠٥دا ئەنجامدرا پێکهاتەکان هیچ کورسیەکیان بۆ تەرخان نەکرا.

 

 قۆناغی سێیەم:

هەمان رێژەی کورسیەکانی  پەرلەمانی کوردستان (١١١) کورسی جێگیرکرابوو، بەڵام  رێژەی (١١) کورسی بۆ پێکهاتەکانی (ئاشوری، کلدوسریان، ئەرمەن، تورکمان) تەرخانکرا لەسەر بنەمای نەتەوە نەک ئایین، ئەم قۆناغە لەهەموارکردنی یاساکەوە دەستپێدەکات کەپەرلەمانی کوردستان لە ١٢/٢/٢٠٠٩ دەریکرد کەیەکەم جار بوو (١١) یازدە کورسی بۆ سێ پێکهاتەی نەتەوەیی دابنرێت:

کلدان و سریان و ئاشوری پێنج کورسی

 نەتەوەی تورکمان پێنج کورسی

پێکهاتەی ئەرمەن یەک کورسی

ئەم پێکهاتانە (کلدان و سریان و ئاشوری)  لەهەڵبژاردنی ٢٥/٧/٢٠٠٩دا بەچوار لیست بەشداربوون و بەهەر چوار لیستەکە (١٩٦٦٥) دەنگیان بەدەستهێنا کە لەم هەڵبژاردنەدا بەپێی دابەشکاری هەڵبژاردن بۆ بەدەستهێنانی یەک کورسی (٣،٩٣٣) دەنگ بوو.

پێکهاتەی تورکمان کە (٥) پێنج کورسیان هەبوو بەچوار لیست بەشداربوون بەهە رچوار لیستەکە (٢٩٨٤٥) دەنگیان بەدەستهێنا بەرکەوتەی دابەشکاریی هەڵبژاردن بۆ مسۆگەرکردنی یەک کورسی (٥٩٦٩) دەنگ بوو.

پێکهاتەی ئەرمەن کە یەک کورسیان بۆ تەرخانکرابوو  (٣) کاندیدیان هەبوو لەم پرۆسەیەدا بەهەرسێ پاڵێوراوەکە (٧٩٧٩) دەنگیان بەدەستهێنا کە پاڵێوراوی سەرکەوتوویان ئارام شاهین داوود بوو کە (٤١٨٩) دەنگی مسۆگەر کرد.

بەپێی بڕگەی (٧)ی ماددەی (٩٣)ی دەستوری هەمیشەیی عێراق، دادگای فیدراڵی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران پەسەنددەکات و بڕیارەکانی ئەم دادگایەش مافی تانەلێدانی نیە.

وابڕیاربوو لە ١٩/١١/٢٠٢٣ دادگای فیدراڵی ئەم بابەتە یەکلایی بکاتەوە بەڵام بۆ ٣/١٢/٢٠٢٣ دواخرا، سکاڵاکەی  سەرۆکی فراکسیونی (ی ن ک) (زیاد جەبار )و سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەین (ئامانج نەجیب) لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تایبەتە بەکۆتاییهێنان بەو کورسیانەی  کە بەخاوەنداریەتی پێکهاتەی تورکمانەوە بۆ ژمارەیەک پارتی بچووک تەرخانکراون کە (ی ن ک) و لایەنەکانی تر ئەمە بەمەترسی دەزانن، هەربۆیە گەیاندیانە دادگای فیدراڵی کە لەسکاڵاکەیاندا  داواکراوە  هەریەکە لەماددەکانی ٣٦،٢٢،١٥،٩،١  لەیاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٢ هەڵبوەشێتەوەو جەخت لەماددەکانی (١)،(٣٦)کراوەتەوە کە لەماددەی(١)دا هاتووە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان (١١١)کەسە، لەبەشێکی ماددەی (٣٦)دا  دەڵێت (٥) کورسی بۆ تورکمانەکان و کورسیەک بۆ ئەرمەن وەک کۆتا دیاری بکرێت کەئەمەش خوێندنەوەی سیاسی بۆدەکرێت لەکاتێکدا بەشێک لەخودی تورکمانەکان لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی کۆتادان، بۆیە تائێستا ئەم گرفتە لەنێوان لایەنەکاندا چارەسەری بۆ نەدۆزراوەتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار