لەناوبردنی پاشماوە پزیشکیەکان دوای چەندان ساڵ هێشتا چارەسەر نەکراوە

8 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

پزیشکێکی ڤێتێرنەری دەڵێت: لەناو ئەو پاشماوانەدا دەکرێت نەخۆشیە گوازراوەکان لەڕێگەی باڵندە و ئاژەڵەوە بگوازرێنەوە بۆ مرۆڤ، ئەمە جگە لەوەی تیکەڵی ئاوی خورادنەوە یان خاک دەبنەوە ومەترسیدارن.

سەرەڕای ئەو مەترسیە زۆرەی پاشماوە پزیشکیەکان هەیانە لەسەر ژینگە، مرۆڤ، ئاژەڵان بەڵام هێشتا لە کوردستان نەتوانراوە مامەڵەیەکی زانستی لەگەڵ پاشماوە پزیشکیەکان بکرێت، بەجۆرێک لە ناحیەی تانجەرۆ فڕێدەدرێن لە پارێزگای سلێمانی کە  بووەتە زبڵدانی شارەکە، سەرەڕای پاشماوە ئاساییەکانی رۆژانە، پاشماوە پزیشکیەکانیشی تێدا کۆدەکرێتەوە.

پاشماوە پزیشکییەکان لەناو زەرفی تایبەتی فڕێ دەدەدرێن بەبێ ئەوەی بسوتێندرێن، لەگەڵ ئەوەی لەڕووی زانستیەوە پێویستە ئەو پاشماوانە بسوتێندرێن و بکرێنە ژێرخاکەوە، بەڵام لە کوردستان ئەگەرچی بۆماوەیەکی کورتیش ئەو کێشەیە چارەسەربکرێت بەڵام دواجار بە هۆکار و لەژێر بیانوی جۆراوجۆر ئەو پاشماوانە تیکەڵ بەیەک دەکرێن و لە شوێنێکدا لەناو ناحیەی تانجەرۆ کە تایبەتە بە فڕێدانی زبڵ و خاشاک فڕێ دەدرێن.

پاشماوە پزیشکیەکان پیکهاتوون لە دەرزی،دەرمانی ماوەبەسەرچوو، جل و و بەرگ و دەمامک و دەستکێش، ئەندامی لەشی مرۆڤ کە لەنەشتەرگەریدا دەرهێنراوە ولێکراوەتەوە ، سەرەڕای ئەوەش تیکەڵ کراون لەگەڵ قاپ و خۆراکی نەخۆشخانە.

دکتۆر یاد قادر پزیشکی پسپۆڕی ئاژەڵانە لەبارەی فڕێدانی پاشماوە پزیشکیەکانەوە بە هاوڵاتی وت، پێویستە بەڕێگای تایبەتی خۆیان لەناوببرێن، بەڵام ئەگەر تێکەڵی پاشماوەی دیکە بکرێت و بەو جۆرە بەجێبهێڵرێت، وەک پاشماوەیەکی ئاسایی ڕۆژانە سەیری بکرێت ئەوا سادەترین مەترسیان گواستنەوەی ئەو نەخۆشیانەن کە توانای گواستنەوەیان هەیە لەنێوان مرۆڤ و مرۆڤ، مرۆڤ و ئاژەڵ، ئەوەش لەرێگەی هەر ئاژەڵێک یان باڵندەیەک یاخود ئەوکەسانەی لەو شوێنە کاردەکەن کە بەرکەوتنی هەبێت لەگەڵ ئەو پاشماوانە.
دکتۆر یاد دەشڵێت، فڕێدانی دەرمان لەناو ئەو پاشەرۆیانە و چارەسەرنەکردنی بەڕیگای زانستی مەترسی بەرگری دەرمانەکانیش زیاد دەکات، کە ئەمە مەترسیەکی جیهانیە ئێستا.

ئەحمەد رەئوف کە لەنزیک کورەی سوتاندنی کەلوپەلە پزیشکیەکان کار دەکەن، بە هاووڵاتیان وت جاروبار کورەکە کار دەکات و جاری واشە کار ناکات تەنها پاشەرۆکان فڕێ دەدەنە ژێر خاکەوە.

 ئەگەر چی کورەی لەناوبردن و سوتاندنی پاشماوەکان کار بکات، بەڵام بۆماوەیەک لەوێ دەهێڵنەوە و ئەو شوێنە پڕە لە سەگی بەرەڵا کە دەتوانن ببنە هۆی گواستنەوەی نەخۆشی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار