داڤۆس دەبێتە ڕزگاركەری سیستمی سەرمایەداری؟

10 مانگ لەمەوپێش



عەلی مەحمود

كۆڕبەندی ئەمساڵی داڤۆس 2024، وەك رابردوو لەچیاكانی ئەڵپ لەشارۆچكەی داڤۆسی بەڕێوەچوو، ئەمساڵ  كۆنگرەكە لەژێر ناونیشانی بنیاتنانەوەی متمانە بوو، لەڕاستیدا هەوڵدانە بۆ گەڕاندنەوەی متمانە بەسیستەمی كەپیتاڵستی، كەمتمانەی لەدەستداوە، ئەمساڵ كۆڕبەندەكە بەبەشداری زیاتر لە دوو هەزارو  800 كەسایەتی لەسەرۆك كۆمارو سەرۆك وەزیران  و نوێنەرانی كۆمپانیا زەبەلاحەكانی جیهان لەنێویاندا نزیك 100 كەسیان ملیاردێرن،  زیاتر لە دوو هەزار كەسایەتی سیاسی و سەرمایەداری گەورەو داهێنەرە ناسراوەكانی ئەمڕۆی جیهان لەبواری زیرەكی دەستكردو تەكنەلۆژیا، لەوانە نزیك 1000یان بەڕێوەبەری راپەڕاندنی كۆمپانیا زەبلاحە قۆرخكارەكانی جیهان بوون.

داڤۆس تەنها كۆبوونەوەی ملیاردێرو سەرمایەدارە گەورەكانی جیهانە، كۆبوونەوەی پاراستنی سەرمایەدارانی لیستی فۆربیسە، ئەوانەی سیاسەت و  ئابووری و دارایی جیهان ئەمڕۆ بەڕێوەدەبەن.

سەرمایەداری جیهانی لەڕێگای چەندین تۆڕەوە  خۆیان رێكخستووە، یەكیان كۆڕبەندی داڤۆسە.

جەنگی ئۆكرانیاو روسیا، جەنگی ئیسرائیل-غەزە، هێرشی سەربازی ئەمریكاو بەریتانیا بۆ سەر حوسیەكانی یەمەن، گرتنی دەروازەی باب ئەلمەندەب لەدەریای سور، تەنگژەی دەریای باشووری چین و تایوان، شەڕی چیپ لەنێوان هاوپەیمانی پێنج قۆڵی ئەمەریكا، تایوان، كۆریای باشوور، ژاپۆن، هۆڵەندا بەرامبەر  چین  لەگرنگترین بابەتە سیاسییە گەرمەكانی كۆڕبەندەكە بوون.

لەكاتێكدا ئەمەریكا بۆ خۆی گەورەترین قەتڵگاكانی لەماوەی 54 ساڵی رابردوو بەسەر جیهاندا سەپاند، هەڵگیرسێنەری زیاتر لە 80%ی جەنگە ماڵوێرانكارییەكانی جیهان بوو، كەچی كۆڕبەندی داڤۆس نیو سەدەیە لەئاستیاندا لاڵ بووە.

كێشەی زیرەكی دەستكرد،  نەبوونی یاساو رێسایەكی جیهانی گشتگیر بۆ سودوەرگرتن لێی مەترسییە  كاریگەرییەكانی لەسەر ژیانی مرۆڤ و داهاتووی مرۆڤایەتی و كاریگەری لەسەر ئایندە بەسەربازی و ئابووری و سیاسییەوە بابەتی گەرمی كۆڕبەندەكە بوو، پرسیارێك هەمووانی شۆك كرد ئەویش  ئایا زیرەكی دەستكرد دەبێتە مامانی لەدایكبوونی شۆڕشی پێنجەمی پیشەسازی؟؟.

وەك رابردوو پیسكەرانی ژینگە، بێكاركەرانی بێكاران، برسیكەرانی جیهان، قۆرخكەرانی داوودەرمان، باسی ژینگەو بێكاری و هەژاری و مەترسی پەتای داهاتوویان كرد؟.

لەكاتێكدا خۆیان سودمەندی یەكەمن لەپیسكردنی ژینگە، قۆرخكردنی خۆراك، قۆرخكردنی داوودەرمان لەژێر بەهانەی مافی داهێنان، بێكاركردنی كرێكاران لەكاتێكدا كۆمپانیاكانیان قازانجیان چووەتەسەر، لەدوا پەیامیشیدا سەرۆكی تێسلا ئیلۆم ماسك  كەسەرمایەكەی خۆشبەختانە بۆ 198 ملیار دۆلار دابەزی، داوای لەكرێكارانی تێسلا كرد لەپاڵ ماكینەكانی كاركردنەكەیان بخەون.

گەڕان بەدوای مرۆڤایەتیبوون لەسستەمی سەرمایەداریدا مەحاڵە، لێ لێرە لەم داڤۆسە 54 ساڵە  ئۆلیگارشیەكانی جیهان بەشێوازی خۆیان كەدەیانەوێت چیاكانی ئەڵپ بەدوای مرۆڤایەتیبووندا تەی دەكەن، وەلێ نە گەیشتن پێی و نە دۆزیشیانەوە،  وەك جیهانی دیلمۆن و بەهەشتی عەدەن، هەر ناشیدۆزنەوە. كەچی كۆنگرە دوای كۆنگرە هەر خودی ئەمانە نایەكسانی زیاتر دەكەن ژینگە پیستر دەكەن و شەڕ بەرفراوانترو گەورەتر دەكەن و چەكەكانیان وێرانكەرتر دەبێت، سیستەمیش مەترسیدارتر، دەوڵەتی قوڵ قوڵتر دەبێت، دەپرسین  ئایا داڤۆس ئەم شارۆچكە دە هەزارو 732 كەسییە بەهەشتییە نوسخەیەكی باشتری سەرمایەداری پێیە بۆ مرۆڤایەتی؟، ئەم گەڕانەی سەرمایەداری بەدوای مرۆڤایەتیدا لەداڤۆس شانۆگەرییەكەو لەناچارییەوەیە، چونكە ئۆلیگارشیەكان هەست بەوە دەكەن بەهۆی خوڵقاندنی نایەكسانییەكەیانەوە ئابڵوقەدراون لەجیهان، ئەمڕۆ راپرسییەكانی دەزگاكانی راگەیاندنی خۆیان دەریدەخەن نایەكسانی و پیسكردنی ژینگەو جەنگە یەك لەدوای یەكەكانیان بووەتە دێوەزمە، ناڕەزایەتییەكان لەدژیان رۆژو ساڵ لەدوای ساڵ رێكخراوترو رادیكاڵترو فراوانتر دەبن، ئەوانیش چارەسەریان تائێستا بۆ ئەم نەخۆشیە كوشندەیە نەدۆزیوەتەوە، تاكو ئەوانیش بەڕێوەبەری جیهان بن ناشیدۆزنەوە چونكە ڤایرۆسەكە خۆیانن، نەخۆشییەكە لەگیرفانەكانی ئەواندایە.

كۆڕبەندی دەوڵەمەندانی جیهان، رێكخەرانی ئەم سێركە گەورەیەی سەرمایەداری جیهانی، لەم نمایشە گاڵتەجاڕییانەدا كەدەستەبژێری سەرمایەداری جیهانی بەشدارن تیایدا لەم خولەدا ژمارەیان دوو هەزارەو 800 كەسە لە 200 كۆبوونەوەدا قسەوباس لەسەر داهاتووی ئەستێرەكەمان كرد، گفتوگۆ لەسەر چاككردنی سیستەمی سەرمایەداری و درێژەدان بەو سستەمە دەكەن، قسە لەسەر سفرەی بەردەست و جێگای خەوتن و هەوای ناو سییەكانمان دەكەن، باسی مۆبایلی گیرفان و فڕۆكە جەنگییەكانی ئاسمانەكانمان دەكەن، باسی درۆنەكان و ڤاكسینەكان و  نرخی دۆلارو عەرش و قورش دەكەن.

دافوس شوێنی یەكتربینینی ئەوانەی هۆكاری كێشەكانی نایەكسانی و پیسی ژینگەو شەڕن. لەم پەنجاو چوار ساڵەدا  ژمارەی دانیشتوانی زەوی لە 3,7 ملیارەوە بۆ زیاتر لە  هەشت ملیار زیادی كرد. لەو ماوەیەدا ژمارەی ملیاردێرەكان سەدان جار زیادی كرد، بۆ یەكەمجار لەمێژوودا 12 ملیاردێری خاوەن زیاتر لە 100 ملیار دۆلار هەیە لەجیهان، ئێستا ئیلۆن ماسك خاوەن زیاتر لە 198 ملیار دۆلارە، غەززە تەخت بوو، بەفری گرینلاند توایەوە، گەرمای هیندستان تینی سەند، خۆڵبارینی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سییەكانی لەكارخست، كەچی ئەمان هێشتا حەكایەتەكانی رابردوو دووبارە دەكەنەوە، باسی ژینگەو ئاشتی و یەكسانی دەكەن، تەنانەت بەخششەكانی گیتس و بافێت و 200 لەهەرە دەوڵەمەندەكانی ئەمەریكا هیچی لەدەردو بەڵاكانی سەرمایەداری وەك زەكاتەكەی لەمەڕ خۆمان چارەسەر نەكرد، بگرە قەیرانەكان توندتربوونەوە. گیتس وێڕای بەخششەكانی لەدەیەی رابردوو سەرمایەکەی گەیشتە 45 ملیار دۆلار، كەچی 91 ملیار دۆلار قازانجی كردووەو سەرمایەكەی بووە بە 144 ملیار دۆلار. وارن یافتیش بەخششترین سەرمایەداری جیهانە سەرمایەكەی تەنها لە 14 ساڵی رابردوو 38 ملیار دۆلار زیادیكردووەو بووە بە 128 ملیار دۆلار، هەرچەندە لەو ماوەیەدا 27,54 ملیار دۆلار بەخششی كردووە.

پەنجاو چوار ساڵە ئۆلیگارشییەكانی جیهان لەم داڤۆسە كۆدەبنەوە، باسی  دیموكراسیمان بۆ دەكەن، كەچی سەرۆكەكان بەدەستیانەوە بوونەتە سەربازی شەترەنج، رۆژ بەڕۆژ دەسەڵاتی سیاسییان زیاتر دەبێت، لەسیستەمە رووكەشەکەیاندا مام نازم بەعارەبانەكەیەوەو ئەحمەد ئیسماعیلەكەی لەمەڕ خۆمان هەردووكیان خاوەن یەك دەنگن؟

لەكۆڕبەندەكەیان گفتوگۆی چارەسەركردنی كێشەكانی مرۆڤایەتی دەكەن، كەچی ساڵ لەدوای ساڵ بەسەرمایەی زیاترەوە دێنەوە بۆ هەمان شوێن،  لەنێوان كۆنگرەی 2019  بۆ ئەم كۆنگرەیەی 2022  سەرمایەی ملیاردێرەكانی جیهان  4 و7 ترلیۆن دۆلار زیادیكردووە، ژمارەشیان 573 كەسی چووەسەر، هەژارانیش 260 ملیۆن زیادیان كرد، لەولاوە نایەكسانی قوڵترو ژینگە پیسترو شەڕەكان ماڵوێرانكەرتر دەبن.

ئەوان ناوێرن و نایانەوێ پەنجە بخەنەسەر سەرچاوەی كێشەكان و گوێ لەبیستنی چارەسەرە راستەقینەكان بگرن،  كەهەموو دەردو بەڵاكان سیستەمەكەی ئەوانە، چارەسەریش  تەنها سیستەمێكە لەسەر بنچینەی هەركەس بەپێی كارو بەرهەمەكەی ... موچەی بنەڕەتی بۆ هەمووان، ئاشتی و دادپەروەری  دامەزرابێت.

ئەوان كارناكەن چۆرەكەكە گەورەتر بكەن بەشی هەموو مرۆڤایەتی بكات، ئەوان دەیانەوێت چۆرەكەكە بەبچووكی بمێنێتەوەو هەر بۆ خۆیان بێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار