ئەم ساتەوەختەو شتی تریش
10 مانگ لەمەوپێش
هێرش ئەحمەد
هەرێمی كوردستان بەساتەوەختێكی چارەنوسسازو مێژووییدا تێدەپەڕێت، هاوكات ئەم چرکەساتە دەرگیری جوڵانو رابونێكی خۆڕسكانەیە كەدۆشدامانی میللی بگۆڕێ بۆ هەژانێكی جددی تا ئەو هەموو بێدادیو خەمساردیو بێباكیە ببێتە سەرەتای دەربازبوون لەكێشەو گرفتەكانی ئەو حوکمڕانیەی دوو حزبەكە بەتایبەتی سەبەبكاری یەكەمو حزبە بچوكەكان بەگشتی لێی بەرپرسیارن.
ئێمە ئێستا لەدووڕیانێكداین كەزۆر نزیكین كۆی قەیرانە كەڵەكەبوەكانی رابردوومانو ئەوانەی ئێستاش بوونمانو قەوارەی سیاسیو كۆمەڵایەتیمان بگاتە هەڵتەكانو قڵپ بوونەوە. بۆیە زەروریەتی تەجەموعێكی رێكخراوی خەمخۆرو دوور لەهەلپەرستو بەرژەوەندیخواز كەهەڵگری خەمی گشتیو لەپێناو چاكەی گشتیدا لەهەركات زیاتر پێویستترە، بۆ بەبەرگرتن بەو حوكمڕانیە شكستخواردووەی كەرۆژ بەڕۆژ مەترسی زیاترو گەورەتر لەسەر ئەم كیانو ئەزموونە گەورەتر دەکات. ئەوەی بەردیش دەهێنێتە قسە ئەو دونیا ناشرینو پڕ ناڕەواییو پڕ بێباكیو پڕ نەزانییەیە كەدەبوو میللەتێكی دەهری بكردایەو لەپێستی خۆی بیهێنایەتە دەرەوە، بەڵام هێشتا كۆمەڵگەی ئێمە لەحوكمڕانو حزبەكانی دەروەستترو زیاتر هەست بەبەرپرسیاریەتی بەرامبەر وڵاتو دۆخەكە دەكات .
مەترسییە قووڵو گەورەكەش لێرەدایە كەئەو نوخبەیەی فەرمانڕەوایی سیاسی لەكوردستان دەكات كێشەو ئاریشەكانی دونیای ئێمە نابینێتو نادیدەی دەكات یان گەر بیبینێ كەمبایەخی دەكاتو بەجددی بیر لەچارەسەركردنی یەكجاری ناكاتەوەو تەنها كێشەو قەیرانەكان سەفتەتر دەكات. جگە لەوەی كەئەم نوخبەیە كێشەكان نابینێو نایناسێ كەهەر خۆیان بڕیویانەو بەباڵای میللەتدا دووریویانە روئیایەكیان نیە بۆ چارەسەرو هیچ دوونیابینیەكیشیان نیە كەقوڵیو گەورەیی ئەو گرفتو قەیرانانەیان نیشانبدات. ئەمەش رێك دەلالەتە لەوەی كەنوخبەی فەرمانڕەوا مانیان لەبیركردنەوەی جددی بۆ چارەسەری ئەم گرفتانە گرتووەو لەوەش دەستكورتترن بەم ئەركە گرنگو ئانیە هەستنو رێگەش نادەن كەسی جوامێرو نیشتمانپەروەرو بێ غەلوغەش باری خواری حوكمڕانی راستبكاتەوەو ئەسپی گلاو هەستێتەوە. زۆربەی گرفتە سیاسییەکان و قەیرانە ئابوریە گەورەكان لەكوردستان دەگەڕێتەوە بۆ چارەسەری نیوەناچڵو ناكامڵ كە رێك گوزارشت لەتێگەیشتنی نیوەناچڵو ناكامی فەرمانڕەواو حوكمڕانانی كوردستان دەكاتو بەگشتی ناتواننو نازاننو نایانەوێت قووڵیو گەورەیی قەیرانو مەترسییەكان ببیننو لەوەش كوێرترن رێگای چارەسەر بدۆزنەوە. بۆیە كۆی قەیرانو مەترسیو گرفتەكان كەكوردستانو خەڵكەكەی تا ئاستی داڕمان بردووەو لەگەڵیشیدا خەمساردیو بێباكی حوكمڕانانی كوردستان دەبێت ماكی ئەوە دروستبكات كە شتێك لەبیركردنەوەی جددی بگەڕێتەوە بۆ دەربازبوون لەم دۆخە مەنگو ماندووكەرە چونكە دەمێكە نوخبەی فەرمانڕەواو حزبە شكستخواردووەكان لەسەر كوێریو كەڕیو نەزانی خۆیان درێژە بەدۆخێک دەدەن کە لای هەمووان ئاشکرایە چییە! ناكرێت چارەنووسی میللەتێك كەهەڵەی ژمارەیەكی كەمی نابەرپرسیار بەناوی حوكمڕانیەوە دروستیانكردوە لەبەردەم مەترسییەكی گەورەو هەڕەشەیەكی جددیدا بەتەنیا جێبهێڵرێت، وەكچۆن هەڵەو پەڵەی دیكتاتۆرە گەورەكانی مێژوو چارەنوسی وڵاتێكیان خستە سەر لەپی دەستی دێوو تەواوی وڵاتەكەیان خستە ناو ئاگر، دەكرێت نزیكترین نموونە لەئێمەوە هەڵەو ملهوڕییەکانی (سەدام حسێن) بێت كەتا ئەمڕۆش تەواوی عێراقییەكان دەسوتێنێت، ئەگەر خەمخۆرانێك لەهەوڵێكی رێكخراوو جددیدا بەر لەكارەساتو ماڵوێرانییەكان نەگرن هەتا نەگاتە دوا وێستگەی كۆتایی، دوورنیە ئێمەش بەجۆرێكی تر چارەنووسێكی لێڵو رەش چاوەڕێمان بكات. بۆیە پێویستە لەئێستاوە ناو لەكێشە گەورەكان بنرێتەوەو لەگەڵیشیدا چارەسەری نوێو روانینی نوێشی گەرەكە.