پـارتە سیاسییەکانی عێراق؛ رەوتو قــۆناغەکـانی گەشــەکـردنیان

9 مانگ لەمەوپێش



عەبدوڵڵا کۆمەڵە

بەشی چوارەم

 

پارتی ئیسلامی عێراقی

(الحزب الإسلامی العراقی)

پارتی ئیسلامی عێراقی پارتێکی سیاسی ئیسلامی سونی عێراقیەو لەساڵی ١٩٦٠ وەکو دیوێکی کۆمەڵی ئیخوان موسلمین لەعێراق دامەزراوە.

دوای رووخاندنی سیستەمی پاشایەتی لەعێراق و هاتنە سەرکاری عەبدولکەریم قاسم، یاسایەکی تایبەت بۆ رێکخستنەوەی کاری حزبی لەعێراق دەرچوێنراو گروپی ئیخوان موسلیمینیش لەعێراق، ئەو دەرفەتەیان قۆستەوەو پارتێکی سیاسیان لەژێر ناوی پارتی ئیسلامی عێراق بەسەرۆکایەتی دکتۆر نەعمان سامەڕائی لەساڵی ١٩٦٠ پێکهێنا، بەڵام ئەم رێپێدانە درێژەی نەکێشاو ساڵی ١٩٦١ کاری سیاسی لەم حزبە قەدەغەکرا، ئەم قەدەغە کردنە لەسەردەمی دەسەڵاتی پارتی بەعسیشدا درێژەی کێشاو نەیتوانی بەفەرمی درێژە بەکاری خۆی بدات هەتا پرۆسەی رزگاری عێراق لەساڵی  ٢٠٠٣.

لەڕاستیدا پارتی ئیسلامی عێراقی هیچی تر نیە جگە لە باڵی سیاسی کۆمەڵەی ئیخوان المسلمین، کەباڵە سەربازیەکەیان لەعێراقدا لەژێر ناوی (المقاومە الاسلامیە الوگنیە فی العراق) کاردەکات، ریشەی ئەم پارتە درێژ دەبێتەوە بۆ دروستبوونی شانە سەرەتاییەکانی کۆمەڵەی ئیخوان موسلمین لەعێراق، لەساڵی ١٩٤٥ کە لەسەر دەستی (ئەمجەد زەهاوی و محمد محمود الصواف) هێنرایە عێراقەوە.

حزبی ئیسلامی عێراق لە 29ی تەمموزی ١٩٦٠ یەکەم کۆنفرانسی خۆی سازکردو دکتۆر نعمان ئەلسەمەڕائی  کەیەکەم سکرتێری گشتی ئەو پارتە بوو، توانی پەیوەندیی نزیک لەگەڵ کۆمەڵەی زانایانی عێراق و مەرجەعی شیعەکان لەنەجەف و کەربەلا دروست بکەن.

بەهۆی ئەو یاداشتەوە کەسەرکردایەتی حزب دای بەعەبدولکەریم قاسم، کەناوەڕۆکەکەی بریتی بوو لەکۆمەڵێک رەخنە لەسیاسەتەکانی قاسم بەتایبەتی رەخنەی ئەو حزبە لەسەر یاسای کاروباری کەسی و یاسای میراتگری کە لەمەی دوەمیاندا ژن و پیاو بەیەکسانی مامەڵەیان لەگەڵ کرابوو، بۆیە قاسم لەم یاداشتە توڕەبوو سەرجەم ئەندامانی مەکتەبی سیاسی بۆ ماوەی پێنج مانگ بەندکردو کاری حزبەکەی ڕاگرت و بارەگاکانیشی داخستن.

بەڵام ئەو حزبە بەنهێنی بەردەوام بوو لەکارەکانی تاکودەتای حزبی بەعس لەساڵی ١٩٦٨، کەتیایدا بەعسیەکان سەرجەم دەسەڵاتەکانیان قۆرخ کردو ئازادییەکانیان راگرت و هەموو پارتە سیاسییەکانی قەدەغە کرد، بۆیە ئەو حزبە بەناچاری لەڕێگەی دروستکردنی شانە نهێنیەکانەوە درێژەی بەکاری خۆی دا.

بەهۆی ئەو فشارە زۆرەی کە لەسەر سکرتێری گشتی ئەو حزبە لەلایەن بەعسیەکانەوە دروستکرابوو، دکتۆر نەعمان السامرائی ساڵی ١٩٨٧ ناچار کرا عێراق بەجێبهێڵێت و بەشی زۆری سەرکردەکانی ئەو حزبەش دەستگیرکران و هەندێکیشیان لەسێدارەدران.

لەساڵی (١٩٩١)ەوە، جارێکی تر ئەم حزبە لەدەرەوەی وڵاتەوە درێژەی بەکاری سیاسی خۆی داو لەساڵی (٢٠٠٣)ش لەدوای پرۆسەی رزگاری عێراق بەفەرمی کارەکانیان لەعێراق دەستپێکردەوەو بەشداری کاروبارەکانی حکومەتی نوێی عێراقیان کرد، لەوانەش بەشداریکردن لەئەنجومەنی حوکمی عێراق، هەروەها حکومەتی کاتی عێراق، بەڵام دوای رووداوەکانی فەلوجە حزب لەپرۆسەی حوکمڕانی کشایەوە، بەڵام حاچم الحسنی کەئەوکاتە ئەندامی مەکتەبی سیاسی و وتەبێژی فەرمی ئەو حزبە بوو، دژی ئەو بڕیارە وەستایەوەو درێژەی بەکارەکانیدا لەناو حکومەتدا، هەر بۆیەش ناچاربوو دەست لەو حزبە بکێشێتەوە.

ساڵی ٢٠٠٥ حزب جارێکی تر گەڕایەوە ناو پرۆسەی سیاسی و بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی کرد.

سەرکردەکانی حزبی ئیسلامی

* دکتۆر نەعمان عەبدولڕەزاق سامەڕایی/ لەسەرەتای دامەزراندنی حیاب ساڵی ١٩٦٠

* ئەیاد سامەڕایی/ساڵی ١٩٩١

* دکتۆر محسن عبدالحمید/٢٠٠٣

* گارق هاشمی/٢٠٠٤

* ئوسامە تکریتی/٢٠٠٩

* ئەیاد سامەڕایی/٢٠١١

* رەشید عەزاوی/٢٠١٩

 

کۆنگرەی نیشتیمانی عێراقی/ المؤتمر الوطنی العراقي

کۆنگرەی نیشتیمانی عێراق، ساڵی ١٩٩٢  لەسەر دەستی دکتۆر ئەحمەد چەلەبی دامەزراو یەکەم چالاکی و کاری خۆناساندنی لەعێراق و کوردستان ئەوەبوو کەوەکو ناوبژیوان هاتە نێوان لایەنەکانی جەنگی نیوخۆی کوردستانەوە، کەئەوکاتە لەکوردستان ئەم هێزە بە(هێزەکانی موعارەزە) ناودەبرا.

ئەم حزبە پێچەوانەی بەشێکی زۆری حزبە عێراقیەکان، هەڵگری ئایدیایەکی لیبراڵی عەلمانی میانڕەو بوو.

هەرچەندە کۆنگرەی نیشتیمانی لەهیچ خولێکی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکانی عێراقدا نەیتوانیوە کورسی پێویست بەدەستبهێنێت کە شایەنی پێدانی هیچ پۆستێکی حکومی یان لیژنەیەکی پەرلەمانی بێت، بەڵام بەهۆی کەسایەتی میانڕەوی دکتۆر ئەحمەد چەلەبی هەروەها پاراستنی دۆستایەتی لەگەڵ ئەمریکیەکان لەلایەک و لەگەڵ کوردو شیعەو سوننەکان بەئاراستەیەکی مامناوەند، ئەم حزبەو سەرۆکەکەی توانیویانە چەندین پۆستی گرنگ لەپەرلەمان و حکومەتی عێراقدا بۆ خۆیان مسۆگەربکەن، لەوانەش:

وەرگرتنی پۆستی ئەندامی ئەنجومەنی حوکم و سەرۆکایەتی کردنیشی بۆ یەک خول لەلایەن خودی سەرۆکی کۆنگرەی نیشتیمانیەوە، هەروەها ناوبراو لەماوەی نێوان ساڵانی (٢٠٠٥ بۆ ٢٠٠٦)و بوو بەجێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی کاتی عێراق بەسەرۆکایەتی دکتۆر ئیبراهیم جەعفەری (هەرچەندە کۆنگرەی نیشتیمانی لەهەڵبژاردنی ٣٠ کانونی دووەمی ٢٠٠٥ توانی تەنها یەک کورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنێت)، دوای دانانی دەستوری هەمیشەیی و هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ١٥ی کانونی یەکەمی ٢٠٠٥، ئەم حزبە نەیتوانی هیچ کورسیەکی پەرلەمانی مسۆگەربکات، بەڵام سەرەڕای ئەمەش نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی عێراق، دکتۆر ئەحمەد چەلەبی وەکو بەڕێوەبەری لیژنەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری لەساڵی ٢٠٠٧ دامەزراند، هەروەها پێشتریش حاکمی مەدەنی عێراق (پۆڵ بریمەر) ناوبراوی وەکو سەرۆکی دەستەی نیشتیمانی بۆ ریشەکێشکردنی بەعس دامەزراندبوو، کەدواتر ئەم دەستەیە بوو بەکۆمیسیۆنی لێپرسینەوەو دادپەروەری، کەڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لەدورخستنەوەی بەعسیەکان لەفەرمانگە حکومیەکاندا،هەروەها ئەم حزبە لەهەڵبژاردنی ٣٠ نیسانی ٢٠١٤ تەنها یەک کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا کەئەویش بۆ سەرۆکەکەی ئەحمەد چەلەبی بوو، کەتوانیتی سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمان بۆخۆی مسۆگەر بکات و تامردنیشی لەم پۆستەدا مایەوە.

 

دکتۆر ئەحمەد چەلەبی کێ بوو؟

ئەحمەد عەبدولهادی عەبدولحسێن چەلەبی (٣٠ تشرینی یەکەم ١٩٤٤ – ٣ تشرینی دووەم ٢٠١٥)، لەدایکبوی بەغدایەو لەخێزانێکی دەوڵەمەندو ناوداری بەغدادا چاوی بەژیان هەڵهێناوەو بنەماڵەکەیان لەسەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتی عێراقدا خاوەنی چەندین پۆستی گرنگ بوونە، بەشێوەیەک کە باپیری(عەبدولحوسێن چەلەبی) نۆجار پۆستی وەزارەتی وەرگرتوە، هەروەها باوکیشی لەسەردەمی حکومەتەکەی (نوری سەعید)دا پۆستی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی پێدراوە.

چەلەبی لەساڵی (١٩٥٨)ەوە بەخێزانەوە عێراقیان جێهێشتووەو، ناوبراو لە( ئەردەن، لوبنان، شانشینی یەکگرتوو، ئەمریکاو کوردستان) درێژەی بەژیان و کاری بزنس و سیاسەت داوە.

بڕوانامەی دکتۆرای لەبواری بیرکاری لەزانکۆی شیکاگۆ بەدەستهێناوەو، جگە لەکاری سیاسی، لەبواری بزنس و بانکداریدا کاری کردووە.

لەدوای مردنیشی ئێستا ئەو حزبە لەلایەن کوردێکی فەیلیەوە بەناوی (ئاراس حەبیب محمد کەریم)ەوە سەرکردایەتی دەکرێت، ناوبراو کوڕی سیاسەتمەداری ناسراوی کورد (حەبیب محمد کەریم)ە، کەسێیەم کۆنترین سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان بووە، لەدوای حەمزە عەبدوڵاو ئیبراهیم ئەحمەد.

 

پارتی نەتەوەی عێراق

(حزب الآمة العراقیة)

پارتی نەتەوەی عێراق لە (٤ تشرینی یەکەم ٢٠٠٤ ) لەلایەن (میسال ئالوسی)یەوە دامەزراوە، ئایدیۆلۆجی سیاسی ئەم حزبە، لیبراڵی عەلمانی نا تائیفیە، کە بەپێی بەرنامەی سیاسیان کار بۆ دروستکردنی عێراقێکی مەدەنی دەکەن لەسەر بنچینەی مافی هاووڵاتیبوون.

پارتی نەتەوەی عێراق جگە لەبارەگای سەرەکیان لەبەغدا، بارەگای سەرەکی دووەمیان لەهەولێری پایتەختی کوردستانەو پەیوەندی و دۆستایەتیەکی باشیان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستاندا هەیە. ئەم حزبە لەئەنجامی یەکگرتنی هەردوو حزبی( بزوتنەوەی عێراقی نوێ بەسەرۆکایەتی تارق مەعموری و پارتی نەتەوە بەسەرۆکایەتی میسال ئالوسی) پێکهاتووە.

میسال ئالوسی کەسەرۆک و دامەزرێنەری ئەم حزبە بوو، کەسایەتیەکی چەپی ناوەند بوو، کەبڕوای بەدامەزراندنی حکومەتێکی عەلمانی نا تائیفی هەبوو، بەشێوەیەک کەهەموو عێراقییەکان بەهەموو نەتەوەو ئاین و ئاینزاکانیەوە لەماف و ئەرکدا هاوبەش بن، هەروەها دژی هەموو بەشدارییەکی ئاینی بوو لەبەڕێوەبردنی دەسەڵاتدا، بەحزبە ئاینیە شیعەو سونیەکانەوە، هەربۆیە حزبە ئیسلامیە شیعی و سونیەکانی عێراق ئەگەر لەهەموو شتێکدا پێچەوانەو دژی یەکتر بووبن، ئەوا لەدژایەتیکردنی ئەم حزبەو خودی سەرۆکەکەیدا، دۆست و تەبا بوون، بەتایبەتی لەدوای سەردانەکەی بۆ ئیسرائیل و داواکردنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان هەردوو دەوڵەتی عێراق و ئیسرائیل، هەر ئەم سەردان و داواکاریەش وایکرد کەزنجیرەیەک هێرشی چەکداری بکرێتە سەر بارەگای سەرەکی ئەم حزبەو خودی میسال ئالوسی کە لەیەکێ لەم هێرشانەدا دوو کوڕی ناوبراو بەیەک جار تیرۆرکران. هەر ئەم فشارانەش بوو کە میسال ئالوسیان ناچار بەدورکەوتنەوە لەکاری سیاسی کرد، لەدوای ئەم، مەحمود عگێلی بوو بەسکرتێری گشتی حزبی ئومەی عێراقی.

 

بزووتنەوەی نیشتمانی بۆ چاکسازی و گەشەپێدان (الحركة الوطنیة للإصلاح والتنمیة/الحل)

ئەم حزبە لەدوای پرۆسەی رزگاری عێراق، لەساڵی ٢٠٠٩ دامەزراوەو لەلایەن (دکتۆر جەمال کەربولی)یەوە سەرکردایەتی دەکرێت، قوڵایی جەماوەری ئەم حزبە لەنێو سونەکانی بەغداو موسڵ و دیالەو ئەنبارو تکریتدایە، بڕوایان بەیەکپارچەیی خاکی عێراق هەیەو کار بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی عەلمانی دیموکراتی دەکەن، هەروەکو زۆربەی سونەکانی عێراق خەون بەگەڕاندنەوەی دەسەڵاتی رەهای سونەکانەوە دەبینن لەبەڕێوەبردنی وڵاتداو کار بۆ ئەو ئامانجە دەکەن.

دکتۆر جەمال کەربولی (جمال ناصر دلی احمد الکربولی) دامەزرێنەرو سکرتێری گشتی و بەرپرسی مەکتەبی سیاسی ئەو حزبەیە، لەهەمان کاتدا گەورە بزنزمان و چالاکی بواری خێرخوازی بووە پێش ئەوەی بچێتە ناو کاری سیاسییەوە، ساڵی ١٩٦٥ لە ناحیەی مسەیەبی پارێزگای بابل لەدایکبووەو ساڵی ١٩٩١ کۆلیژی پزیشکی زانکۆی بەغدای تەواوکردووە.

ڕەوتی حیکمەی نیشتیمانی (تیار الحكمة الوطني)

لە ٢٤/٧/٢٠١٧ لەسەر دەستی سیاسەتمەداری شیعە (عەمار الحەکیم) دامەزراوە. بەپێی لێکدانەوەی چاودێران ئامانج لەدروستکردنی ئەم رەوتە سیاسییە لەلایەن ئەلحەکیمەوە دەگەڕێتەوە بۆ جێهێشتنی میراتی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی بۆ هاوڕێکانی لەناو ئەو حزبەدا، لەدوای کۆمەڵێک جیاوازی بیروڕا لەسەر کارکردنی ئەنجومەنی باڵاو هەڵوێستی ئەو حزبە لەکۆمەڵێک بابەتی فیکری و سیاسی، بەتایبەتی شێوازی پێگەیاندنی لاوان و کارکردن لەناو ئەم تووێژەدا.

رەوتی حیکمە لەهەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی ساڵی (٢٠٢١) دا تەنها (٤) کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا، لە کاتێکدا لەخولی پێشووتری پەرلەماندا خاوەنی (١٩) کورسی پەرلەمانی بوو.

عەمار حەکیم کەسەرۆکایەتی ئەم حزبە دەکات، پێشتر سەرۆکایەتی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراقی دەکرد لەنێوان ساڵانی (٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٧)، ناوبراو کوڕی عەبدولعەزیز حەکیم سەرۆکی ( ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی عێراق) و کوڕەزای گەورە مەرجەعی شیعە (محسن الحکیم)ە.

ئەم کەسایەتیە سیاسییە، یەکەم سەرکردەی شیعە بووە کەداوای بەڕێوەبردنی وڵاتی کردووە لەسەر بنچینەی سیستەمی فیدراڵی بۆ عێراق، هەروەها داوای پێکهێنیانی هەرێمێکی فیدراڵی بۆ شیعەکانی باشوری عێراق کردووە لەسەر مۆدیلی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

 


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار