ئیسرائیل : بەرامبەر بە حیزبوڵڵا و ئێران هەڵوێستی توندمان ئەبێت

5 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند وڵاتەکەی چیتر بەرامبەر بە بەردەوامی هەناردە کردنی چەک و تەقەمەنی لە ئێرانەوە بۆ حیزبوڵڵای لوبنان بێدەنگ نابێت و پێدەچێت ئیسرائیل هەڵوێستی نوێ وەربگرێت .

ئیزارئیل کاتێز، رۆژی هەینی ٢٣ی شوبات رایگەیاند، ئیسرائیل لە نامەیەکدا ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی ئاگادار کردۆتەوە "ئیسرائیل مافی ئەوەی هەیە بەرگری لە خاك و هاوڵاتییەکانی خۆی بکات."

بە وتەی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ئێران بەردەوامە لە پێشێلکردنی ئاشکرای بڕیارنامەکانی ١٧٠١، ٢٢٣١، ١٥٤٠ ی ئەنجومەنی ئاسایش .

بڕیارنامەی ١٧٠١ کۆتایی بە جەنگی ٣٣ رۆژەی   ئیسرائیل و حیزبوڵڵا هێنا لە ساڵی ٢٠٠٦ و بە پێی ئەو بڕیارنامەیە لوبنان پابەند کرا بەوەی بەر بەوە بگرێت" میلیشاکان" و چەک و تەقەمەنییەکانیان لە خوار رووباری لیتانییەوە بوونیان ببێت، بەڵام حیزبوڵڵا ئەم بڕیارنامەیەی پێشێلکردووە.

بڕیارنامەی ٢٢٣١ ی ئەنجومەنی ئاسایش پەیوەندی هەیە بە گەمارۆکانەوە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران و بە پێی ئەو بڕیارنامەیە ئێران بۆی نییە چالاکی مووشەکی هەبێت.

هەروەها بڕیارنامەی ١٥٤٠ بیست (٢٠) ساڵ لەوە پێش لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە پەسەندکرا و خەخت ئەکاتەوە لەسەر ئەوەی ئەبێ بەر بە پەرەپیدان و بەرهەمهێنانی چەکی کۆمەڵکوژ بگیردرێت.

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند لە نامەکەیدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان نووسیویەتی، لە کاتێکدا وڵاتەکەی لە مانگەکانی رابردوودا لە چەند بەرە لە جەنگدایە، ئێران بەردەوامە لە گەیاندنی چەک بۆ حیزبوڵڵای لوبنان و زیاتر لە جاران ئەم کارە ئەکات.

بە وتەی ئیزرائیل کاتس، ئێران لە رێگای زەمینییەوەو لە سنووری نیوان سووریا و لوبنانەوەو هەر وەها لە رێگای ئاسمانی و دەریاییەوە چەکی گەیاندۆتە دەست حیزبوڵڵای لوبنان.

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە دا کە پارچەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی، سیستەمی دژە مووشەکی ٣٥٨، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی شاهیدی ١٠١ و شاهیدی ١٣٦ و هەروەها مووشەک لە جۆرەکانی ئەبابیل لە لایەن ئێرانەوە گەیەنراوەتە دەست حیزبوڵڵای لوبنان.

بە پێی راپۆرتی میدیاکانی ئیسرائیل، لە نامەی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بۆ ئەنجومەنی ئاسایشدا ئاماژە بە دەستێوەردانەکانی سوپای پاسداران کراوە لە پەیوەند لەگەڵ گۆاستنەوەی چەک و تەقەمەنی بۆ لوبنان و هەروەها شێوەی بەکارهێنانیان لە دژی ئیسرائیل.

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هەروەها رۆژی هەینی ٢٢ی شوبات لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی Xنووسی:" ئێران سەری مارەکەیە. ئێمە ماوەیەکی زۆر سەبرناکەین بۆ گەیشتن بە رێکاری دیپلۆماتیک پەیوەندیدار بە سنوورەکانی باکوورمانەوە".

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل نووسی:" ئەگەر ئەو زانیارییە زۆرانەی خستوومانەتە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایش نەبێت بە هۆی گۆڕان، ئیسرائیل گومانی نییە لەوە هەنگاویتر هەڵبگرێت".

ئیسرائیل لە کاتێکدا ئەنجومەنی ئاسایش ئاگادار ئەکاتەوە، وڵاتەکەی لە جەنگدایە دژی حەماس و هەروەها بەردەوام بە شێوەی سنووردار لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان هێرش ئەکەنە سەر یەکتر.

رۆژی ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ و رۆژێک دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و راگەیاندنی جەنگ لە لایەن ئیسرائیلەوە، حیزبوڵڵا بەردەوامە لە هێرشکردن بۆ سەر خاکی ئیسرائیل بە شێوەی سنووردار.

حەماس و حیزبوڵڵای لوبنان دوو هاوپەیمانی کۆماری ئیسلامین و هەردوو هێزەکەش  لە لایەن ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپاییەوە وەک رێکخراوی تیرۆریستی دەناسرێن.

بە هۆی هێرشەکانی حیزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیل بۆ سەر یەکتر، تا ئێستا ١٠ هاوڵاتی سەربازی و مەدەنی ئیسرائیل کوژراون و زیانی زۆری بە کریات شمۆنا و ناوچەکانیتری باکووری ئیسرائیل گەیشتوون و سەدان هەزار کەس لە ئیسرائیل شوێنی خۆیان جێ هێشتووە.

هەروەها تا ئێستە ٢٠٨ ئەندامی حیزبوڵڵا کوژراون و ژمارەیەکی زۆر خەڵکی مەدەنی ناوچە سنوورییەکانی لوبنانیش بوون بە قوربانی و زیانی زۆری ماددی لێکەوتۆتەوە.

ئیسرائیل رایگەیاندووە تا ئێستە هێرشەکانی خۆی لەوەدا سنووردار کردۆتەوە کە تەنها حیزبوڵڵای کردۆتە ئامانج، بەڵام ئەتوانێت بە هەمانشێوەی غەزە و خان یوونس، هێرش بکاتە سەر بەیرووت.

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار