نەتەوە یەكگرتووەكان بە فەرمی هۆكاری گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی ئاشكراكرد
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ هەینی لە ڕۆژی ژنان هەشتی مارسدا بە شێوەیەکی فەرمی هۆکاری گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بڵاوکردەوە ڕایگەیاند کە ئێران بەرپرسە لەو تووندوتیژییە جەستەییەی مانگی ئەیلوولی ساڵی 2022 بووە هۆی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی.
ئەمڕۆ هەینی 8ی ئاداری 2024 نەتەوە یەكگرتووەكان لە راپۆرتێكدا هۆكاری گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی كچە كوردی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی كوردستانی لە ئەیلولی 2022 ئاشكراكرد و ڕایگەیاند ژینا ئەمینی بەهۆی ئەشکەنجەو ئازارەوە لەلایەن ئێرانەوە گیانیلەدەستداوەو کوشتنی ئەو کچە کوردەی بە "تاوان دژ بە مافی مرۆڤ" ناوبرد.
هەروەها ئەم راپۆرتە لێكۆڵینەوەكانی حكومەتی ئێرانی كە پێشتر لەوبارەوە كراون رەتكردووەتەوە و باسی لەوەکردووە کە كە تیمی ئامادەكاری راپۆرتەكە گەیشتوون بەئەو ئەنجامەی كە بەكارهێنانی تووندوتیژی لە كاتی دەستبەسەركردنیدا، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی هەربۆیە داوای لێكۆڵینەوەی راست و دروستی بەپێی یاسای نێودەوڵەتی كردووە.
هاوکات کۆمیتەی سەربەخۆی گەڕان بەدوای راستییەکان جەخت لە سەر ئەوە ئەکاتەوە پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە ئیران دەکرێت وەک تاوان دژ بە مافی مرۆڤ لێک بدرێتەوە، بەتایبەت تاوانی وەک کوشتن، زیندانیکردن، ئەشکەنجە و دەستدرێژی و فۆڕمە جیاوازەکانی دەستدرێژی سێکسی، ئازار و ئەشکەنجەدان و بێ سەروشوێنکردن و ... کە بە شێوەی بەرچاو لە لایەن دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییەوە بەرامبەر بە هاوڵاتیانی ناڕازی و خۆپیشاندەران بەکاردەهێنرێت و دەڵێت ئەم ڕەفتارانە پێشێلکاری ئاشکرای مافی مرۆڤە، بەتایبەت دەربارەی ژنان و کچان لەو وڵاتە.
