ئایدن مەعروف: بە رێگەی سیاسی هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی کورسی پێکهاتەکان دەدەین
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەرەی تورکمانی دوایین هەڵوێستیان لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی ١١ کورسی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان راگەیاند.
ئایدن مەعروف، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی لەبارەی کورسی پێکهاتەکان بڕیارێکی سیاسییە و بۆ مەبەستی سیاسیی بووە".
وتیشی "ناتوانین بەهیچ شێوەیەک تانە لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بدەین و بڕیارەکانی ئەو دادگایە دەبێت جێبەجێ بکرێن، بۆیە دەمانەوێت بەڕێگەی سیاسی ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین".
ئاماژەی بەوەشکرد "داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین هەوڵی جدی بدەن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و گەڕانەوەی مافی پێکهاتەکان".
لەبارەی ئەوکاتەی دیاریکراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئایدن مەعروف وتی "ئێمە وەک بەرەی تورکمانی پێشوازی لەو وادەیە دەکەین کە دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە 10ی حوزەیرانی 2024ە، هەروەها دەمانەوێت لەکاتی خۆیدا هەڵبژاردن بکرێت".
جەختیشی لەوەکردەوە، بەرەی تورکمانی بەشداری هەڵبژاردن دەکات و هەوڵیش دەدات پێکهاتەکان بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن.
