کۆچەر تاهیر: ئەمساڵ قەیرانی غاز لە ساڵی رابردوو کەمترە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

نوێنەری کارگەکانی غاز لە پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت ئەمساڵ قەیرانی غاز وەکو ساڵی رابردوو نییە، ئاماژە بەوەشدەکات غاز لە شاری سلێمانی کەمە، بەڵام رێگری لە دروستبوونی قەیران کراوە.

کۆچەر تاهیر، نوێنەری کارگەکانی غاز لە پارێزگای سلێمانی بە هاوڵاتی راگەیاند "ئەمساڵ قەیرانی غاز وەکو ساڵی رابردوو نییە و کەمترە، کەمیەتییەکی باش غاز هەیە و کاریگەری لەسەر هاوڵاتییان نەکردووە".

ئاماژەی بەوەشکرد "غاز لە شاری سلێمانی کەمە، چونکە لە مانگی 11ی ساڵی رابردووەوە هەموو تانکەرێک بڕی تۆنێک بۆ تۆن و نیوێک غازی لێ کەمکراوەتەوە، چونکە جاران بڕی 240 تۆن غاز رۆژانە دەهات بۆ پارێزگای سلێمانی ئێستا بڕی 222 تۆن غاز دێت بۆ سلێمانی".

کۆچەر تاهیر وتی "ئەمساڵ توانیمان زاڵبین بەسەر ئەو قەیرانەی ساڵی رابردوو رووی لە سنووری پارێزگای سلێمانی کرد بە قەزا و ناحیەکانیشەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکان و لیژنەکانی قایقمامییەتی سلێمانی و ئاسایشی ئابووری، هەروەها کارگەکانی غازیش لەگەڵ لیژنەکان هاوبەشیان پێکرابوو بۆ دابەشکردنی غاز بەسەر کارگەکاندا کە ئەمە کاریگەری باشی هەبوو لەسەر ئەوەی رێگە نەدرێت قەیرانی ساڵی رابردوو دروستبێتەوە".

روونیشیکردەوە "ئەگەر لەئێستادا هەموو تانکەرێک 21 تۆن غازی بارکردایە، ئەوا دڵنیای تەواومان دەدا و وەک وەرزی هاوین غاز بە کۆڵانەکاندا دەگەڕا، بەڵام تانکەرەکان تەنها 18 تۆن و نیو غاز باردەکەن".

لەبارەی داخستنی چەند دوکانێکی ‌غاز فرۆشتن بەهۆی گرانفۆرشییەوە کۆچەر تاهیر باسی لەوەکرد "دەستخۆشی لە لیژنەکانی قایمقامییەت دەکەین کە رێگری دەکەن لە گرانفرۆشی غاز، هەروەها پڕکردنەوەی غاز لە بەنزینخانەکان یاسایی نییە، چونکە هەم نرخی بەرزە و هەمیش لە رووی سەلامەتییەوە گونجاو نییە و مەترسی دروستدەکات". 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار