ژمارەی ئەو کەسانەی بۆ یەکەمجار دەنگ دەدەن لە دهۆک بەراورد بە هەولێر و سلێمانی زیاترە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەپێی ئاماری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەو کەسانەی تازە کارتی دەنگدانیان دەرکردووە و بۆ ئەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی کوردستان بەشداردەبن ژمارەیان 57 هەزار دەنگدەرە و زۆرینەیان لە پارێزگای دهۆکە.
لە 1ی شوباتی 2024وە تۆمارکردنی بایۆمەتری بۆ بەشداربوون لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستپێکردووە و ئەمڕۆ دوایین وادەی تۆمارکردنە و درێژناکرێتەوە.
نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندووە، نزیکەی 55 هەزار کەس مامەڵەی بایۆمەترییان بۆ کراوە کە پێشتر یان بایۆمەترییان نەکردووە؛ یانیش بۆ یەکەمجارە دەنگ دەدەن." گوتیشی، "لەو ژمارەیە نزیکەی 15 هەزاریان لەدایکبووی ساڵی 2006ن و یەکەمجارە مافی دەنگدانیان هەیە".
لقی سلێمانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرایکردووە،31 هەزار و 705 کەس لە سیستمی بایۆمەتری خۆیان تۆمار کردووە، لەو ژمارەیەش ئەوانەی لەدایکبووی ساڵی 2006ن و بۆ یەکەمجارە دەتوانن دەنگ بدەن و لە بایۆمەتری تۆمار کراون، ژمارەیان 11 هەزار و 995 گەنجی کوڕ و کچن.
هەروەها خالید عەباس، سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە هاوڵاتی رایگەیاند "تاوەکو ئەمڕۆ لە 84%ی سنووری دهۆک لە سیستمی بایۆمەتری تۆمار کراون، هەروەها لەم هەڵبژاردنەدا نزیکەی 100 هەزار گەنجی لەدایکبووی ساڵەکانی 2004، 2005 و 2006 بایۆمەترییان کردووە و دەتوانن دەنگ بدەن".
سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد "بۆ ئەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی کوردستان 900 هەزار کەس لە سنووری پارێزگای دهۆک مافی دەنگدانیان دەبێت".
بەپێی ئەو ئامارانەی بڵاوکراونەتەوە ژمارەی ئەو کەسانەی لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی کوردستان بۆ یەکەمجار بەشدار دەبن لە پارێزگای دهۆک بەروارد بە هەولێر و سلێمانی زیاترە.
