دوو ئـەنـدامـی لـیـژنـەی دارایـی عـێـراق هۆکاری دواکەوتنی مووچە ئاشکرا دەکەن

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بڕیارە وەزارەتی دارایی عێراق دوای تەواوبوونی وردبینی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم خەرج بکات و دوو ئەندامی لیژنەی دارایی عێراقیش دەڵێن لەم چەند ڕۆژەدا وردبینیەکە تەواو دەبێت و هۆکاری دواکەوتنیشی بۆ درەنگ ناردنی لیستە بۆ بەغدا دەگەڕێننەوە.

د.نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی ئەمڕۆ یەکشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ئاماژەی بەوەکرد، لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم پەیوەندیکردووە بە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵەوە و پێیان راگەیاندووە کە لیستی موچەی ھەرێم زۆر بەباشی ئامادەکراوە وەک ئەو خشتەیەی داواکرابوو.

دەشڵێت، وەزارەتی دارایی عێراق دوای تەواوبوونی ووردبینی دەستدەکات بە خەرجکردنی موچە بەڵام ھەر توێژەو بەجیا، واتا فەرمانبەران، خانەنشینان، تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی.

هاوکات جەمال کۆچەریش، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا ڕایگەیاند لە ماوەی دوو ڕۆژدا وردبینی لە لیستەکەدا تەواو دەبێت و هۆکاری دواکەوتنیشی بۆ درەنگ ناردنی لیستەکە بۆ بەغدا گەڕاندەوە. 

شەشی ئەم مانگە وەزارەتی دارایی ھەرێم لیستی موچەی مانگی شوباتی بە زمانی عەرەبی رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کرد، بەڵام تا ئێستا وادەی دابەشکردنی موچە نادیارە.

پێشتر تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق ناردنی موچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی ھەرێمی بەستەوە بە ناردنی لیستی موچە بە زمانی عەرەبی، ھەروەھا بە ئەلیکترۆنیکردنی موچەی کردووەتە مەرج بۆ دابینکردنی موچەی مانگی ئادار.

جێگەیباسیشە  18 رۆژ بەسەر بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق تێپەڕیوە سەبارەت بە ڕاستەوخۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە عێراقەوە، بەڵام هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان هیچ کۆبوونەوەیەکی فەرمییان نەکردووە تاوەکو میکانیزمی جێبەجێکردنی بڕیارەکە جێبەجێ بکەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار