وانەبێژان: ژمارەیەک خوێندکاری دەرچوی زانکۆ بەدەر لە ڕێنماییەکان دامەزراون
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵآتی
ئەمڕۆ یەکشەممە ژمارەیەک مامۆستای وانەبێژ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند ژمارەیەک خوێندکاری دەرچوی زانکۆ بەدەر لە ڕێنماییەکان دامەزراون.
مامۆستایانی وانەبێژ لە کۆنگرەکەدا بەیاننامەیەکی ناڕەزاییان ئاڕاستەی وەزیری پەروەردە و بەڕێوەبەری پەروەردەکان کرد و ئاماژەیان بەوەدا ئەو کەسانەی دامەزراون بە شێوەیەکی نایاسایی و پێچەوانەی ڕێنماییەکان دانراون بێ ڕەچاوکردنی دابەشکردنی فۆڕم و لەبەرچاوگرتنی خاڵبەندی بۆ دامەزراندنیان.
هاوکات داواشدەکەن فەرمانی دامەزراندنیان هەڵبوەشێندرێتەوەو پڕۆسەکە بەشێوەیەکی یاسایی و بە پێی ڕێنماییەکان ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی سەرجەم وانەبێژان بە پڕکردنەوەی فۆڕم بتوانن سودمەند بن لێی.
مامۆستایانی وانەبێژ ئەوەشیان ڕونکردەوە، گەر فەرمانی دامەزراندنی ئەو کەسانە هەڵنەوەشێتەوە و پرۆسەکە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە نەچێت بەڕێوە ئەوا هەموو ڕێکارێکی یاسایی و مەدەنی دەگرنە بەر .
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی دارایی و ئابووری، ژمارەی وانەبێژان لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 35 هەزار و 543 وانەبێژن.
