ئەنجومەنی وەزیران ئەمڕۆ بڕیار لە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات دەدات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە تایبەت بە کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و سەردانەکەی ئەم دواییەی مەسرور بارزانی بۆ ئەمریکا کۆدەبێتەوە.

بەپێی خستەی کاری ئەنجومەنی وەزیران ئەمڕۆ چوارشەممە ئەو ئەنجومەنە لەسەر سێ تەواورەی سەرەکی کۆدەبنەوە و تەوەرەی یەکەم تایبەتە  ده‌بێت به‌خستنه‌ڕوی سه‌ردانی فه‌رمی شاندی باڵای حكومه‌تی هه‌رێم به‌سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی بۆ ئه‌مریكا و كۆبونه‌وه‌ و دیداره‌كانیان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای كۆشكی سپی و كۆنگرێس و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ و پنتاگۆن و وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا.

لە تەوەرەی دووەمیشدا سەرۆکى دەستەى دەستپاکى راپۆرتێکى تایبەت بە جێبەجێکردنى (ستراتیژى نیشتیمانى روبەڕوبونەوەى گەندەڵى لە هەرێمى کوردستان-عێراق) کە پێشتر لەلایەن ئەنجومەنەکەوە پەسەند کرابو دەخاتە ڕوو.

لە تەوەرەی سێیەمی کۆبونەوەکەشدا ئەنچومەنی وەزیران تاوتویی پرسی مووچەی هەرێم و ڕێکارەکانی ئەم دواییەی وەزارەتی دارایی تاوتوێدەکرێت.

هاوکات چاوەڕێدەکرێت لە کۆبونەوەکەدا بڕیاری کۆتای سەبارەت بە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بدرێت لەوەی کە مووچە بە پێی ئەو ڕیزبەندییەی بەغدا ناردوێتی دابەشبکرێت کە بە وتەی وەزارەتی دارایی هەرێم بەشێکی زۆری مووچەخۆران بێبەشدەبن لە وەرگرتنی مووچە یانیش بە داهاتی ناوخۆ ئەو بڕە پارەیەی کەمی هەیە پڕدەکرێتەوە.

بە گوتەی وەزارەتی دارایی هەرێم وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ تەنها بڕی ٥٦٠ ملیار و ٢١٧ ملیۆن دیناری تەمویل کردووە کە دەکاتە ڕێژەی تەنها ( ٥٩٪) لە کۆی گشتی مووچەی هەرێم و بێ بەشکردنی ڕێژەی (٤١٪ ) ی مووچەخۆرانی هەرێم لە شایستەی مووچەکانیان، و تا ئێستا ئەو بڕە پارەیەش کە بڕیاری تەمویلکردنی دراوە نەگەیشتۆتە دەستی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم.

باسی لەوەشکردووە ئەم ڕێکارەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵی وایکردووە کە کورتهێنان لە پێدانی مووچەی هەرێم بۆ مانگی شوبات بە نزیکەی ( ٣٩٠ ) ملیار دینار دروست بێت  وگرفتی گەورەی دارایی دروستدەکات ودەبێتە هۆی بێ بەشکردنی بەشێکی زۆری مووچەخۆران ودروستکردنی فەرق وجیاوازی لە نێوان مووچەخۆران.  

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار