پێشەوا هەورامانی: حکومەتی هەرێمی کوردستان پاشەكشێ ناکات لە هەژماری من

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت حکومەتی هەرێمی کوردستان پاشەكشێ ناکات لە "هەژماری من"، ئاماژە بەوەشدەکات سەرۆک وەزیرانی هەرێم لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیوەندیدایە، بۆئەوەی پارەی تەواوی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت.

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "حکومەتی هەرێمی کوردستان پاشەكشێ ناکات لە "هەژماری من" و وای تەواوبوونی هەژماری من ئابووری هەرێمی کوردستان دەچێتە قۆناغێکی دیکەوە، ئەوانەی کارتی هەژماری من-یان هەبێت دەتوانن قەرز وەربگرن و تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم فەرمانبەران ئەو کارتەیان دەبێت".

ئاماژەی بەوەشکرد "سەرۆک وەزیرانی هەرێم لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیوەندیدایە، بۆئەوەی پارەی تەواوی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت و کێشەکە چارەسەر بکرێت".

لەبارەی لیستی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانەوە دەڵێت "ئەو پارەی کە خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی دەستی لێنەدراوە، دەبێت ئەو پارەیە بە تەواوی بنێردرێت ئینجا دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت و تا ئێستا مووچەی خانەوادەی شەهیدانی هەرێمی کوردستان نەنێدراوە و ئێمە دەستبەرداری مافی خەڵکی هەرێمی کوردستان و کەسوکاری شەهیدان نابین".

لەبارەی هێزی پێشمەرگەوە ناوبراو وتی "هێزی پێشمەرگە لە پێداویستی سەربازی و مووچە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بێبەش کراوە، لەکاتێکدا هێزی نایاسایی و لە یاسا دەرچوو پارەیەکی زۆریان بۆ دابین دەکرێت".

دەشڵێت "دادگای فیدراڵی لە دوو ساڵی رابردوودا زیاتر لە هەشت بڕیاری دژی هەرێمی کوردستان دەریکردووە، دادگای فیدراڵی لە بری حکومەت و پەرلەمانی عێراق بڕیار دەدات، هەروەها دادگای فیدراڵی بڕیارەکانی سیاسین و دژی دەستووری عێراقن".

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار