مەسرور بارزانی: دەبێت مووچەخۆرانی هەرێم لەڕێگەی "هەژماری من" مووچە وەربگرن
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت جەخت دەکەنەوە کە پێویستە مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکرێت و نابێت مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بێبەش بکرێن لە ماف و شایستەی دارایی خۆیان.
مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێم لە پەیجى خۆى لە فەیسبوک نووسیویەتى "لە کۆبونەوەى ئەمڕۆى ئەنجومەنى وەزیراندا، وەزیری دارایی و ئابووری ئاماژەی دا بەوەی، کە وەزارەتەکەی، داوای تەمویلکردنی تەواوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق کردبوو بۆ مانگی شوبات بە بڕی ( 949,813,146,170) ملیار دینار، بەڵام وەزارەتی دارایی عیراق، 569 ملیار و 219 ملیۆن دیناری تەمویل کردووە، کە دەکاتە ڕێژەی (%59) لە کۆی گشتی مووچە و ئەمەش وا دەکات کە کورتهێنان لە پێدانی مووچەی هەرێم بۆ مانگی شوبات دروست ببێت".
راشیگەیاندووە "جەخت دەکەینەوە کە پێویستە مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکرێت و نابێت مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بێبەش بکرێن لە ماف و شایستەی دارایی خۆیان، چونکە ئەمە مافی دەستوریی و یاسایی مووچەخۆرانی هەرێمە و نابێت تێکەڵی هیچ ناکۆکیەکی نێوان هەردوو حکومەت بكرێ و کۆسپ و تەگەرە بخرێتە بەردەم خەرجکردنی".
باسی لەوەشکردووە "هیچ ڕێگرییەک نییە بۆ پشت بەستن بە پڕۆژەی (هەژماری من) کە پڕۆژەیەکی گرنگ و پێشکەوتووی بانکییە و هاوشێوەی پرۆسەی ( تەوتین)ە، بۆیە دەبێ مووچەخۆرانی هەرێم، لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و ( هەژماری من ) ەوە، مووچەی خۆیان وەربگرن، پرۆسەکەش بەردەوامە و بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ، هەموو مووچەخۆرانی هەرێم ، حیسابی بانکیان بۆ بکرێتەوە، ئەو بانکانەی لە ( هەژماری من )یش بەشدارن، مۆڵەتپێدراوی بانکی ناوەندی عێراقین و بەشێکن لە پرۆسەی ( توطين) کە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق کراوە".
نووسیوشیەتی "وەک چۆن مووچەخۆرانی عێراق، ئازادن لە هەڵبژاردن و دەستنیشانکردنی ئەو بانکانەی حیسابی لێ دەکەنەوە، بە هەمانشێوە، پێویستە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش، ئازادبن کە لە چوارچێوەی ( هەژماری من)دا، لە چ بانکێک حیساب بکەنەوە، کە ئێستا پێنج بانک بەشدارن لە پرۆژەکە و لە ماوەیەکی نزیکیشدا، چەندین بانکی تریش دەبنە بەشێک لە پرۆژەکە".
