لەسەر ئاستی نێودەوڵەوتی کار بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە دەکرێت

یەک مانگ لەمەوپێش



سازگار ئەحمەد

ئەمساڵ ٣٦ ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە تێپەڕدەبێت، بەڵام تاوەکو ئێستاش بەپێی پێویست کار لەسەر دۆسییەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە نەکراوە، شارەزایانیش پێیان وایە ئەمە هۆکارێک دەبێت بۆ زیادبوونی تاوانە نێودەوڵەتییەکان بەرامبەر بەهەرێمی کوردستان.

هاوڵاتی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە دەکات و هۆکاری ئەوە ئاشکرادەکات بۆچی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کار لەسەر ئەو دۆسییە ناکات، هەروەها لەئێستادا تیمێک پارێزەر لەسەر سکاڵای ژمارەیەک لەکەسوکاری قوربانیانی هەڵەبجە لەدادگای سلێمانی کار لەسەر ئەو دۆسییە دەکەن.

لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە بەهاوڵاتی وت «ئێمە وەک کۆمەڵەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە رێککەوتمان لەگەڵ دەستەیەک پارێزەری نێودەوڵەتی کردووە و چوار هەزارو ٨١٧ کەسوکاری شەهیدو قوربانییان سکاڵایان لەدادگای سلێمانی تۆمارکردووە وەکالەتیان داوەتە ئەو پارێزەرانە».

سکاڵای کەسوکاری قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە لەسەر ئەو کۆمپانیاو کەسایەتی و بازرگانانەیە کە چەکی کیمیاییان بەحکومەتی بەعس فرۆشتووە لەو سەردەمەدا.

هەروەها لەبارەی بەرەوپێشچوونی سکاڵاکە لوقمان عەبدولقادر وتی ‹›دۆسییەکە لەدادگادا بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە، ئەگەر بڕیاربدرێت دەبێت ئەو کۆمپانیا و بازرگانانەی کە چەکیان داوە بەحکومەتی بەعس قەرەبووی قوربانییان و کەسوکاری قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە بکەنەوە».

سەبارەت بەڕۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرەوپێشچوونی ئەو دۆسیەیەی کەسوکاری قوربانییانی هەڵەبجە ناوبراو دەڵێت «حکومەتی هەرێم هاوكاربووە لەگەیاندنی سکاڵاکان و دادوەرێکی داناوە بەردەوام کار لەسەر دۆسییەکە دەکات، هەروەها سکاڵاکان کە چوون بۆ کۆمپانیاکان لەڕێگەی نوێنەری حکومەتی هەرێمەوە براون و وەڵامەکانیان گەڕاوەتەوە».

سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی هەڵەبجە رایگەیاند «رۆژی ١٢ی ئازاری ٢٠٢٤ دانیشتنی دادگا بەڕێوەچوو، لەدانیشتەنەکدا کۆمەڵێک بەڵگەو دیکۆمێنتی دیکە لەلایەن دادوەرەوە وەرگیراو داوای راپۆرتی بریندارەکانی رووداوی کیمیابارانی هەڵەبجە کراو لەماوەی سێ مانگدا دەبێت هەزارو ٧٠٠ بەرکەوتەی چەکی کیمیایی راپۆرت بدەنە دادگا، بڕیارە دانیشتنی داهاتووش لە ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ ئەنجامبدرێت».

ئەو گروپە پارێزەرەی کە کار لەسەر دۆسییەی کیمیابارانی هەڵەبجە دەکەن گروپێکی نێودەوڵەتین و لەسەر ئاستی هەموو وڵاتان نوێنەریان هەیەو ئامانجیانە ئەو کەیسە بگەییەنە دادگای تایبەت بەقەرەبوو لەئەوروپا و لەوێوە بڕیار لەسەر ئەو کەیسە بدرێت و قەرەبووی قوربانییانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بکرێتەوە.

ئەیاد کاکەیی، یەکێکە لەو پارێزەرە کوردانەی کەکار لەسەر دۆسییەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە دەکات و لەبارەی ئەوەی بۆچی دادگای نێودەوڵەتی کار لەسەر ئەم دۆسییە ناکات، قسەی بۆ هاوڵاتی کردو وتی «لەسەر ئاستی نێوەدەوڵەتی یەک دادگا هەیە ئەویش دادگای تاوانی نێودەوڵەتییە کە نەک تەنها دۆسییەی هەڵەبجە بگرە دۆسییەکانی ئەنفال، فەیلی و بارزانی و پاکتاوی نەژادی و راپەڕین و کۆمەڵێک دۆسییەی دیکەی هاوشێوەی لەخۆنەگرتووە».

روونیشیکردەوە «دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لەساڵی ٢٠٠٢ دامەزراوە، بۆیە ئەو دادگایە ئەو تاوانانە دەبینێت کە لەدوای ئەو ساڵەوە روویانداوە، هەروەها تاوانەکانی بەرامبەر بەهەرێمی کوردستان کراوە پێش ئەو ساڵەیە، بۆیە لەدەسەڵاتی ئەو دادگایە نییە کە ئەو تاوانانە ببینێت».

لەساڵی ٢٠١٨وە تاوەکو ئێستا کار لەسەر دۆسیەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە دەکرێت، سەرەتا دۆسییەکە لەدادگای بەرایی هەڵەبجە بووە، دواتر گواستراوەتەوە بۆ دادگای بەرایی سلێمانی کەتایبەتە بەقەرەبووکردنەوەی قوربانییان و کەسوکاری قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە.

هەروەها د.ئاوارە حسێن ئەحمەد راگری کۆلێژی یاساو کارگێڕیی لەزانکۆی هەڵەبجە کەتوێژینەوەی دکتۆراکەی تایبەت بووە بەجینۆساید بەهاوڵاتی راگەیاند «لە ٢٨ی شوباتی ٢٠١٠ لە دادگای باڵای تاوانکاریی عێراقی بەپێی ماددەی ١١ی پەیڕەوی بنەڕەتی دادگا دۆسییەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە وەک جینۆساید ناسێندراوە کەماوەی ١٤ ساڵ دەکات».

لەبارەی ئەوە تا چەند لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کار لەسەر دۆسییەی کیمیابارانی هەڵەبجە کراوە د.ئاوارە حسێن ئاماژەی بەوەکرد «تائێستا تەنها لەدادگای شاری لاهای کار لەسەر دۆسییەی یەک بارزگانی چەکی کیمیایی کراوە ئەویش، بازرگانێکی هۆڵەندی بوو بەناوی (فرانس ڤان ئەنرات) کە لەساڵی ٢٠٠٥ دادگایی کراو بەتۆمەتی فرۆشتنی چەکی کیمیایی بە رژێمی بەعس و راوێژکردن بەحکومەتی ئەوکاتەی عێراق کەچۆن ئەو چەکانە دژی کورد بەکاربهێنێت سزای ١٧ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا، دواتر لەدادگای پێداچوونەوەی شاری لاهای و دادگای باڵای ئەمستەردام و دواتر لەدادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا پێداچوونە بەدۆسییەی ئەو بازرگانەدا کراو سزادرایەوە بە ١٦ ساڵ و نیو زیندانیکردن».

روونیشیکردەوە «لەو دۆسییەیەدا ١١٣ جار ناوی هەڵەبجەو چەند گوندێکی دیکەی هەرێمی کوردستان و ناوچەی سەردەشت و چەند گوندێکی رۆژهەڵاتی کوردستان هاتووە، بەڵام هەڵەبجە یەکێکە لەو شارانەی کەزۆرترین جار ناوی هاتووە، لەبەرئەوەی زۆرترین قوربانی داوە».

د.ئاوارە حسێن حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کەمتەرخەم دەزانێت لەسەر کارکردن لەسەر دۆسییەی کیمیابارانی هەڵەبجە و دەڵێت «لەساڵی ٢٠٠٨وە دوای ئەوە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کەیسی هەڵەبجەی بەجینۆساید ناساند لەبڕیارەکەدا داوا لەئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کراوە کە سکاڵا دژی ئەو دەوڵەت و کۆمپانیا و لایەن و کەسایەتییانەی چەکی کیمیاییان فرۆشتووە بەحکومەتی بەعس تۆماربکات، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان بەم ئەرکە هەڵنەساوە، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کەحکومەتی هەرێم لە ئاست ئەم کەیسەدا کەمتەرخەمە».

دەشڵێت «ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوکارەی بکردایە، ئەوا دەبووە هۆکارێک بۆ ئەوەی جارێکی دیکە کورد رووبەڕووی تاوانە نێودەوڵەتییەکان نەبێتەوە، بەتایبەت لەئێستادا کەهەرێمی کوردستان رووبەڕووی تاوانی نێودەوڵەتی دەبێتەوە لەلایەن تورکیاوە، ساڵانە بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیاوە خەڵکی مەدەنی دەبنە قوربانی».

هەروەها لەلایەکی دیکەوە پەرلەمانی کوردستانیش بەکەمتەرخەم دادەنرێت لەدۆسییەی کیمیابارانی هەڵەبجەدا، بۆ نموونە لەپێنج خولی پەرلەماندا نەتوانراوە یاساییەک بۆ قەرەبووکردنەوە قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە دابنرێت، تەنانەت نەیتوانیوە هەماهەنگی هەبێت لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارە دەرەکییەکان بۆ قەرەبووکردنەوە، بۆیە ئاستەنگی سەرەکی لەبەردەم قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە نەبوونی یاسایەکی تایبەتە.

لەڕۆژی ١٦ی ئازاری ساڵی ١٩٨٨ لەلایەن حکومەتی ئەوکاتەی رژێمی بەعسی عێراقییەوە لەڕێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە شاری هەڵەبجە کیمیابارانکراو پێنج هەزار ژن و پیاوو گەنج و منداڵ شەهیدبوون و بەهەزارەهای دیکەش بریندارو بێسەروشوێن و ئاوارەبوون، ئەمساڵیش کەساڵی ٢٠٢٤-ە ماوەی ٣٦ ساڵ بەسەر ئەو رووداوەدا تێپەڕدەبێت، بەڵام بەپێی پێویست کار لەسەر دۆسییەی ئەو تۆمەتبارو کۆمپانیاو بازرگانە نێودەوڵەتییانە نەکراوە کەهاوکاری حکومەتی بەعس بوون لەو رووداوەدا، هەروەها لەلایەکی دیکەشەوە وەک پێویست خزمەتی خەڵک و شارەکەش نەکراوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار