ئەمریکا چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسییەکانی خستەخوارەوە

4 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی

سوپای ئەمریکا بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسییەکانیان لە دەریای سوور خستووەتە خوارەوە.

ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا نووسیویەتی ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە کە کەشتییەکی جەنگی ئەمریکیان لە دەریای سوور کردبووە ئامانج، کاتژمێر ٢ بۆ ٢:٢٠ خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە خرانە خوارەوەو لەناوبران.

سێنتکۆم جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە بەهۆی ئەم هێرشانەوە هیچ زیانێکی مادی بە کەشتییە ئەمریکییەکان یانی کەشتی هاوپەیمانان نەگەیشتووەو کەسیش بریندار نەبووە.

حوسییەکان رۆژی سێشەممە ٢٦ ئازار رایانگەیاند، لە ماوەی ٧٢ کاتژمێردا بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و مووشەک هێرشیان کردۆتە سەر شەش کەشتی لە کەنداوی عەدەن و دەریای سوور.
یەحیا سەریع، وتەبێژی ئەنساروڵڵا، لقی سەربازی حوسییەکان، رۆژی سێشەممە ٢٦ ی ئازار رایگەیاند،  ئەو کەشتیە بەریتانیایی و ئەمریکاییانە کراونەتە ئامانج کە بەرەو ئیسرائیل دەڕۆیشتن. 

ئەمریکا لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا بە مەبەستی پارێزگاری لە بازرگانی دەریایی لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن، لە بەرامبەر هێرشی حوسییەکاندا هاوپەیمانییەکی نێونەتەوەیی پێک هێناوە، سوپای ئەمریکا هەروەها بە هاوکاری بەریتانیا چەند جار هێرشیان کردۆتە سەر بنکەکان حووسییەکان لە یەمەن، بەڵام ئەم هێرشانە تا ئێستا نەبووە بە هۆی ئەوەی حوسییەکان دەست رابگرن لە هێرش بۆ سەر کەشتیە بازرگانی و سەربازییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن.

دوای دەستپێکی جەنگی غەزە لە ٧ی تشرینی یەکەم حوسییەکان رایانگەیاندووە بە مەبەستی پشتیوانی لە فەلەستین و خەڵکی غەزە بەردەوام دەبن لە هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییەکان تا ئەو کاتەی ئیسرائیل هێزەکانی لە غەزە دەکێشێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار