بڵاوكردنەوەی پڕوپاگەندە كاریگەرییەكانی چین، سوودمەندەكانی كێن؟
8 مانگ لەمەوپێش
د.سەعید عەلی محەمەد
پڕوپاگەندە چەكێكە كۆمەڵگاكان كاول دەكات و ژیان تێكدەدات و مەترسی گەورە لەسەر تاك و خێزان دروستدەكات و ئەوراقەكان و راستییەكان تێكەڵ و ون دەكات و ستەمەكان پەردەپۆش دەكات و رووخان و شكست و هەرەسی دەروونی و بێهیوایی بەرهەمدەهێنێ!
مێژوو پێمان دەڵێ: پڕوپاگەندە ئاڕاستەی میللەتانی گۆڕیوەو ئاگرخۆشكەری شەڕە گەورەو سەختەكان بووەو نەتەوەو كۆمەڵگاكانی بەسەر یەكدا تێكداوە! پڕوپاگەندە لەپێناسە سادەكەیدا واتە: رەواجدان یان بڵاوكردنەوەی هەواڵێكی دروستكراو كەڕاست نیە، یان گێڕانەوەو گەورەكردنی رووداوێك كە بەشێكی زۆر كەمی راستە، یان لێكدانەوەی هەواڵێك و رووداوێكی راستەقینەو كۆمێنت دان لەسەری بەشێوازێك كەپێچەوانەی رووە راستەقینەكەی بێت!
مەعلومە بڵاوكردنەوەی پڕوپاگەندە هەنگاوێكی سادەو سەرپێیی نیە، بەڵكو بابەتێكی بەرنامە بۆداڕێژراوەو كەسێك یان چەند كەسانێك یان لایەنێك یان دەزگاو دامەزراوەیەك لەپشتییەوە هەن و كاردەكەن، لەبەرانبەردا كەسانێك گوێ لەم پڕوپاگەندانە دەگرن و لەناو چینە جیاوازەكانی كۆمەڵگادا لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجێكی دیاریكراودا بڵاویان دەكەنەوە، كەئەمەش سەلمێنەری بوونی ئەو پلان و بەرنامەو نەخشەداڕێژراوەیە كە ئەم پڕۆسەیە دەجوڵێنێت.
لەڕاستیدا زۆربەی وڵاتان رووبەڕووی ئەم حاڵەتە دەبنەوەو هیچ وڵاتێك لەجیهاندا لەتێوەگلان بەپڕوپاگەندەی جۆراوجۆرەوە بەدەر نیە، ماوەیەك بەر لەئێستا زانكۆی (بازل) لەسویسرا توێژینەوەیەكی زانستی لەو بوارەدا ئەنجامداو یەكێك لەئەنجامە بەدەست هاتووەكانی توێژینەوەكە ئەوە بوو كەڕێژەی 30%ی تاكەكانی كۆمەڵگا باوەڕو متمانە بەپڕوپاگەندە دەكەن و بڵاویدەكەنەوە! بۆیە زۆربەی وڵاتانی گەورەو پێشكەوتوو پشت بەكەسانی پسپۆڕو توێژەری شایستە و وریاو لێهاتوو دەبەستن بۆ بەدواداچوون و شیكردنەوەی دیاردەی بڵاوبوونەوەی پڕوپاگەندە جۆراوجۆرەكان و كاریگەرییان لەسەر جەماوەرو دەسەڵات!
هەندێ وڵات بەشێوەیەكی لێزانانە و بەپێی نەخشە و پلانێكی وردو رێكوپێك ئەو پڕوپاگەندانە رێكدەخەن و زیرەكانە لەپێناو ئیدارەدانی كێشەو قەیران و ناكۆكیەكانیاندا تەوزیفیان دەكەن، هەروەك هەندێ وڵات لەبڵاوكردنەوەی پڕوپاگەندەدا دەزگا تایبەت و گرنگەكان و ئامرازە پەیوەندییە ئەلیكترۆنیەكان وەك چەكێك بۆ بەدیهێنانی ئامانجە سیاسی و ئابووری و ئەمنی و سەربازییەكانی خۆیان و ئیدارەدانی قەیران و كێشە ناوخۆیی و دەرەكییەكان بەكاردەهێنن.
بڵاوكردنەوەی پڕوپاگەندە هەندێ جار دەگونجێ لەڕێی كڕینی هەندێ رۆشنبیرو قەڵەم بەدەستەوە بێت، یان لەڕێی دزەپێكردنی كۆمەڵێك بەڵگەنامەی رەسمی گرنگی تایبەت بەهەندێ كەسەوە بێت، زۆرجار پڕۆسەكە بەڕادەیەك گەورەو فراوان دەبێت دەگاتە كڕینی هەندێ دەزگای ئیعلامی یان سەكۆیەكی ئەلیكترۆنی گرنگ و بەرنامەكانیان، تەنها لەپێناو رەسم كردن و ئاڕاستەكردنی شەقام و رای گشتی بەو شێوەيەی دەسەڵات یان هەندێ لایەنی دیاریكراو دەیانەوێت، كە ئەمەش بەزۆری لەكاتێكدا روودەدات كەئامانجەكان زۆر گرنگ و گەورەو شاراوە بن.
لای هەمووان ئاشكرایە ئەم دیاردەیە ترسناكەو دەبێتە هۆی تێكدانی ئاسایش و یەكڕیزی نیشتمانی و بەرەی ناوخۆ دەترازێنێ و جیاوازییە فیكری و ئایدۆلۆژییەكان تۆخ دەكاتەوە و پیکەوەژیانی ئاشتیانەو ئارامی کۆمەڵگا تێکدەدات و فیتنەو دەمارگیریی و لایەنگیریی كوێرانە بەرهەم دەهێنێت و فەوزاو بێ سەروبەری لەناو كۆمەڵگادا دەهێنێتە ئاراوە!
لەڕووی ئابوورییەوە كاریگەری خراپی لەسەر بازاڕو رێژەی بەرهەمهێنان و سستبوونی پڕۆسەی گەشەی ئابووری و بازرگانی دەبێت و راستەوخۆ دەبێتە هۆی لاوازبوونی كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت و متمانەش لەنێوانیاندا كەمدەكاتەوە!
كوردستان وەك هەر ناوچەیەكی تری عێراق و وڵاتانی دەوروبەر بەبارودۆخێكی سیاسی ناجێگیردا دەگوزەرێ و لەسایەی ئەو نیمچە ئازادییەی كە لەكوردستاندا هاتووەتە كایەوە جۆرێك لە فەوزاو بڵاوبوونەوەی پڕوپاگەندە و هەواڵی ناڕاست و سەیروسەمەرە هەست پێدەكرێ، راستە هەندێ جار لایەنی رەسمی رای گشتی لەبڵاونەكردنەوەی پڕوپاگەندە و هەواڵی ناڕاست و وەرنەگرتنی زانیاری لەسەرچاوەی وەهمی و باوەڕ پێنەكراوەوە ئاگاداردەكاتەوە ، بەڵام لەڕاستیدا ئەوەی زیاتر پاڵ بەتەشەنەكردنی ئەم دیاردەیەوە دەنێت و هاونیشتمانیان هاندەدات پشت بەپەیجەكان و سۆشیال میدیاو سەرچاوە وەهمی و ناڕەسمی و نادیارەكانەوە ببەستن لەوەرگرتنی هەواڵدا، غیاب و ئامادەیی نەبوونی لایەنی رەسمیە وەک پێویست سەبارەت بەزۆرێك لەو رووداو و گۆڕانكاری و هەواڵ و پێشهاتانەی كەڕۆژانە لێرەو لەوێ بەرگوێمان دەكەون!
لێرەدا ئەركی دەسەڵات و لایەنی پەیوەندیدارە لەكاتی پێویست و گونجاودا هەواڵی راست و دروست پێشكەش بەهاونیشتمانیان بكات و لەڕاستی و دروستی روودا و پێشهاتە نوێیەكان ئاگاداریان بكاتەوە.
هەروەها لەپێناو بەهێزكردنی متمانەو بونیاتنانی سومعەیەكی ستراتیژیی نێوخۆیی پێویستە لەسەر دەسەڵات و دەزگا رەسمیەكان و خەڵكانی دڵسۆز، جەماوەر لەبازنەی زانیاریەكان بۆ بازنەی هۆشیاریی و زانست و مەعریفە بگوازنەوەو لەهەوڵ و خەمی بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی و وریایی سەرجەم چین و توةێژەكاندا بن، بەتایبەت چینی گەنج و لاوو تازە پێگەیشتوەكان، چونكە ئەم چینە رۆڵی سەرەكی و زیاتر دەبێنێ لەگرنگی پێدان و بڵاوكردنەوەو رەواجدان بەپڕوپاگەندە جۆراوجۆرەكان.