هەڤاڵ ئەبوبەکر: ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیا
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت دەبێت متمانەی بانکی بگەڕێندرێتەوە بۆ ئەوەی هاوڵاتییان لە دانانی پارەکانیان لە بانک نەترسن، ئاماژە بەوەشدەکات ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیا.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند "ئێستا ئێمە کێشەی نەختینە، سیولە و متمانەی بانکی و چەند کێشەیەکی دیکەمان هەیە و دەبێت لە قۆناغی یەکەمدا ئەو کێشانە چارەسەر بکەین و قۆناغی دووەم دێتە سەر پڕۆژەی هەژماری من چونکە شێوازی وەرگرتن و خەرجکردنی پارەیە".
وتی "دەبێت متمانەی بانکی بگەڕێندرێتەوە بۆ ئەوەی هاوڵاتییان لە دانانی پارەکانیان لە بانک نەترسن و بتوانن مامەڵەی بانکی بکەن و ئەو کارانەش هەموویان پێویستان بە کردار هەیە، هاوکات پێویست ناکات زۆر لە کەس بکەین لە شوێنێکی دیاریکراو هەژمار بکاتەوە بەڵکو دەبێت کێشەی پێنەدانی مووچە چارەسەر بکەین".
سەبارەت بە کردنەوەی ئاسمانی تورکیا بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی هەڤاڵ ئەبوبەکر دەڵێت "فڕۆکەخانەی سلێمانی پابەندە بە تەواوی رێنماییەکانی دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق و نێودەوڵەتی و هیچ لادانێکی یاسایی نەکردووە، بەڵام ئەو بڕیارە بڕیارێکی سیاسی و ئەمنی و سەربازییە و ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیا".
