مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی : 3000 مامۆستا سزادراون

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی ناڕازی سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نن، له‌ هه‌ردو په‌روه‌رده‌ی ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵاتی سلێمانی زیاتر له‌ سێ هه‌زار مامۆستا به‌ نه‌هاتو (غیاب) سزادراون و داواشده‌كه‌ن، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ سه‌رجه‌م سزاكان هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌.

مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی ناڕازی سلێمانی ئەمشەو  پێنجشەممە له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویانكرده‌وه‌، "بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە، لە بری ئەوەی لە خەمی مامۆستایاندا بن و پشتیوانیمان بکەن، بە پێچەوانەوە بە فەرمانی حیزبییانە دەستیانبرد بۆ سزادانی مامۆستایان و ژمارەیەکی زۆر مامۆستای بەهەڵوێست لەسەرجەم پەروەردەکان سزادران و نایاساییانە و نا پەروەردەییانە مامەڵەیان لەگەڵ کرا."

لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەدا داوایان لە بەرپرسانی پەروەردە کردووە تەواوی فەرمانەکانی سزادان هەڵبوەشێننەوە؛ "دەبێ لەوە تێبگەن کە مامۆستایەك داوای مافی خۆی بکات بە چ یاسایەك سزادەدرێت؟". 

مامۆستایانی ناڕازی دەڵێن، "ته‌نها له‌ هه‌ردو په‌روه‌رده‌ی ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵاتی سلێمانی زیاتر له‌ سێ هه‌زار مامۆستا به‌ نه‌هاتو (غیاب) سزادراون، وێڕای گواستنه‌وه‌ی زۆره‌ملێ كه‌ ڕویه‌كی دیكتاتۆریانه‌ی په‌روه‌رده‌ی نیشانداین و له‌ زۆربه‌ی په‌روه‌رده‌كانیش بڕیاری سزادان جێبه‌جێكراوه‌".

ئاماژە بەوەش دەکەن، "پێشتر لە رێگەی تیمی پارێزەرانی خۆبەخش هەوڵماندا سزاکانی سەر مامۆستایان هەڵبوەشێتەوە، بەڵام جگە لە بەڵێنی زارەکی  هێشتا فەرمانەکانی سزادانی بەکۆمەڵ هەڵنەوەشاوەتەوە و هەرکات بیانەوێت دەتوانن بیانخەنە نێو مەلەفی مامۆستا و فەرمانبەرانەوە."

لەپاڵ ئەمەشدا "گواستنەوەی زۆرەملێی ژمارەیەك لە مامۆستایان لە قوتابخانەیەکەوە بۆ قوتابخانەیەکی دیکە و بانگهێشتکردنی مامۆستایان بۆ لێپرسینەوە لەدەرەوەی بنەما یاساییەکان، بەردەوامە."

مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی ناڕازی سلێمانی راشیانگه‌یاندوه‌،" هیوادارین تا 25ی (نیسان/4)ی 2024 بڕیار له‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سزاكان بدرێت و ئه‌و ڕێگا هه‌ڵانه‌ ڕاستبكرێنه‌وه‌ كه‌ به‌رامبه‌ر مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران گیرانه‌به‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی ناچار نه‌بین فشاره‌كانمان ده‌ستپێبكه‌ینه‌وه‌ و ئه‌و ماوه‌ كه‌مه‌ی خوێندن بێ گرفت تێپه‌ڕ ببێت، چونكه‌ دڵنیابن پرسی سزادانی مامۆستایان به‌ ساڵی داهاتو ناسپێرین و پێویسته‌ له‌م ساڵدا نیگه‌رانیه‌كانی مامۆستایان كۆتاییان بێت".

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار