لێدوانی سودانی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، گرنگە رێگە بە تەواوکردنی رێکارەکانی بەنیشتمانیکردنی موچەی فەرمانبەران بدرێت، حکومەتی عێراقیش سورە لەسەر بەردەوامی خەرجکردنی موچەی فەرمانبەران، چونکە ئامانجی ئەوان پاراستنی مافی هەمو هاوڵاتیانی عێراقە.

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە دوای کۆبونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، حکومەتی عێراقی پەیوەندی بەردەوامی لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هەیە، نێچیرڤان بارزانیش ئامادەی زۆربەی ئەو گفتوگۆیانە بوە کە پەیوەندیان بە دۆخی هاوڵاتیانەوە هەیە.

وتیشی، "ئێمە رژدین لەسەر خەرجکردنی پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر بنەمای بڕیارەکان دادگای فیدراڵی بڕیاری خەرجکردنی مووچە دراوە".

 ئاماژەی بەوەشكرد، "دەبێت رێگە بدرێت کارەکانی بەبانکیکردنی مووچە بەڕێوەبچێت، هیوادارین رێککەوتنی نێوان حکومەتى هەرێمی کوردستان و حکومەتى فیدراڵی جێبەجێبکرێت".

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەوەشی خستەڕو، لە خەرجکردنی موچەی فەرمانبەران بە گوێرەی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بەردەوام دەبن، چونکە بەرپرسیارێتی حکومەتی عێراقە کە مافی هاوڵاتیانی تەواوی عێراق بپارێزن.

لەبارەی پرسی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان وتی، باسی پرسی نەوتیان کردووە و هەندێک گرفت لە بەردەم پرسەکە ماون، هیوادارن چارەسەربکرێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا کۆبوونەوە. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار