جومانە غەلای: 886 بەربژێر بۆ بەشداریکردن لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ناویان تۆمارکردووە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیەنێت 886 بەربژێر بۆ بەشداریکردن لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ناویان تۆمارکردووە، ئاماژەی بەوەشکرد ژمارەی کۆتایی بەربژێران پێویستی بە پەسندکردنی ئەنجومەنی کۆمیسیارانە.

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە میدیای پارتی راگەیاند "886 بەربژێر بۆ بەشداریکردن لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ناویان تۆمارکردووە کردووە، لەو ژمارەیە 609 بەربژێریان نێر و 277یان مێن".

ئاماژەی بەوەشکرد "ژمارەی بەربژێران کۆتایی نییە و هێشتا لێکۆڵینەوە لە شیاوبوونیان دەکرێت، ژمارەی کۆتایی بەربژێران پێویستی بە پەسندکردنی ئەنجومەنی کۆمیسیارانە".

وتیشی "کۆمیسیۆن پێویستی بە زیاتر لە 45 هەزار کەس لە فەرمانبەران، خوێندکاران و دەرچووانی پەیمانگە و زانکۆکان لە هەرێمی کوردستان دەبێت بۆئەوەی لە رۆژی دەنگداندا ببنە چاودێری سندوقەکان".

وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو "زیاتر لە 1200 بنکەی دەنگدان کە زیاتر لە 6000 وێستگە لەخۆدەگرن، بۆ هەڵبژاردنەکە ئامادە دەبن، هەر وێستگەیەک چوار بۆ پێنج چاودێری تێدا دەبێت، هەروەها دەبێت تەمەنی ئەو چاودێرانە لەنێوان 19 بۆ 55 ساڵ بێت، هەروەها دانیشتووی ئەو پارێزگایە بێت کە وەکو چاودێر تێیدا دەبێت".

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رۆژی 10ی حوزەیرانی 2024ی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار