حکومەتی عێراق پابەندبوونی خۆی بە بڕیاری خەرجکردنی ٣ موچە نەدراوەکەی ساڵی ٢٠٢٣ دەربڕی
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
حکومەتی عێراق لەنوسراوێکدا بۆ نوسینگەی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ، پابەندی خۆی بە یاسای بودجەی ساڵەکانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ دەربڕیوە، هەروەها پابەندبوونی خۆی بە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی دەربڕیوە دەربارەی خەرج کردنی ٣ موجە نەدراوەکەی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣.
بە پێی دیکۆمێنتێکی حکومەتی فیدراڵی عیراق کە لە بەرواری 26/3/2024 دەرچووە و ئیمزای "عەلی رەزوقی لامی" بەرپرسی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عیراقی لەسەرە ولە برواری 27/3/2024دا بۆ ئەمانەی گشتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق نێردراوە ، جەخت لە پابەند بوونی حکومەت بە بریارەکانی دادگای فیدراڵی عیراق کراوەتەوە و لە دیکۆمێنتەکەدا هاتووە کە :
بۆ / ئەمانەتی گشتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق- نووسینگەی ئەمینداری گشتی
بابەت / خەرجکردنی مووچەی سێ مانگی ساڵی 2023 ی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
"ئاماژە بە نووسراوی ژمارە(702/د) کە لە برواری 25/3/2024 ناردوتانە، ئاگادارتان دەکەینەوە حکومەتی عیراق پابەندە بە جێ بەجێکردنی برگەکانی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵەکانی "2023،2024،2025" و هەروەها پابەندە بە بریارەکانی دادگای فیدراڵی عیراق سەبارەت بەم بابەتە".

حکومەتی هەرێم لە ئێستادا ئامادەکاری دەکات بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی چوار ئەوەش لە كاتێكدایە هەریم مووچەی سێ مانگی كۆتایی ساڵی 2023 ی فەرمانبەرانی نەداوە.
ئەو سێ مووچەیە تایبەتن بە مانگەکانی ١٠ و ١١ و ١٢ ی ساڵی ٢٠٢٣ و دوای ئەوەی دابەشنەکرا بەهۆی نەبوونی پارەوە حکومەتی هەرێم بە بڕیارێک وەک قەرز لەسەر حکومەتی عێراق هەژماری کردوو لە مووچەی مانگی ١ ـەوە دەستی بە دابەشکردنی مووچە کرد بۆ ساڵی ٢٠٢٤
