عەدنان موفتی: هه‌ڵبژاردن به‌ڕێكه‌وتن بێت باشتره‌ لەوەی بچینە کێشەیەکی دیكه‌وه‌

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

عەدنان موفتی، سەرۆکی خولی دوەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ میدیای ئەمریکا بەشێک لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بە نادەستووری وەسف دەکات و هۆکاری ئەو دۆخەش کە ئێستا بەسەر هەرێمی کوردستاندا هاتووە بۆ ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی دەگەڕێنێتەوە.

عەدنان موفتی كه‌ ئەندامی پێشوی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە چاوپێکەوتنێکدا  لەگەڵ ده‌نگی ئه‌مریكادا تیشکی خستە سەر دواین گۆڕانکاریە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان و پەرتەوازەیی و ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسیەکان و بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای فیدڕاڵی تایبەت بە هەرێمی کوردستان.

سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی دەڵێت، "بەشێک لە بڕیارەکان زیاد لە سنوری خۆیان ڕۆشتون، چونکە هەندێک لەو بڕیارانە لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدڕاڵی و بەشێکیشیان هی پەرلەمانی عیراقن، بەڵام دادگای فیدڕاڵ خۆی کردوه‌تە خاوەنیان ئەوەش پێچەوانەی دەستوری عێراقە، دادگای فیدڕاڵی ڕاستە بڕیارەکانی کۆتایین، بەڵام دەستور لە سەروی هەمو یاساکانەوەیە".

سەرۆکی پێشووی پەرلەمان سەرەڕای ئەوەی بەشێک لە بڕیارەکانی ئەم دواییە دادگای فیدڕاڵی بە "نا دەستوری" ناو دەبات، دەشڵێت هۆکاری ئەو ئاڵەنگارییانەی سەر قەوارەی هەرێم پەرتەوازەیی ناوخۆیی لایەنەکانی هەرێمی کوردستانە. ئەو سیاسەتی هەرێم بە "دوو ئیدارەیی" ناودەبات و و لایەنەکانیش تۆمەتبار دەکات بە زاڵبوونی "فەرهەنگی براکوژی" بەسەریان.

سەرۆکی پێشووی پەرلەمان دەڵێت،" ئەگەر یەکڕیزی هەبوایە نەدەگەشتینە ئەمڕۆ. تا ئێستا دوو ئیدارەیی یەکی نەگرتۆتەوە، کە ناعەدالەتی و گەندەڵی و هەموو قەیرانەکان بە هۆی ئەمەوە دروست بوون. هەموو هۆکارەکان ئەوە بوون نەمانتوانی زاڵبین بەسەر ناکۆکیەکاندا. فەرهەنگی شەڕی ناوخۆ بووە هۆی ئەوەی هەرکەس فەرهەنگی خۆی هەبێت و بە خیتابی جیا بچنە بەغداد، ئەمەش زەرەری گەیاندە هەرێم."

هاوکات سەبارەت بە هەڵبژاردنیش وتویەتی، "ئومێد دەکەم هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت و پارتیش بەشدار بێت، چەندجارێک دواکەوتنی خراپە بۆشاییەکی تەواو هەیە لە دەسەڵاتی یاسادانان، ئەگەر پارتیش بەشدار نەبێت و بایکۆت بکات زەرەرێکی تر دەگەیەنێت و کەموکوڕی تێدا دەبێت، لە ڕوی کرداریشەوە نازانم چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت بەبێ پارتی، بەڕێکەوتن بێت باشترە لەوەی بچینە کێشەیەکەوە کە نازانین دەرەنجامەکەی چی دەبێت".

جێگەیباسە کۆتایی مانگی داهاتوو ساڵێک تێدەپەڕێت بەسەر بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق لە بەرواری 30-5-2023 کە تێیدا درێژکرنەوەی تەمەنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی بە نادەستوریی دانا، هەرچەندە وا بڕیارە لە 10-6-2024 هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، بەڵام بایکۆتکردنی پارتی دیسان هەڵبژاردنی خستۆتە بەردەم ئەگەری دواکەوتن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار