شێرزاد عەبدوڵا ناسراو بە " مام ڤاندام " بە ژمارە ١٣٥ بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
نیوەرۆی ئەمرۆ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق تیروپشکی بۆ دیاریکردنی ژمارەی حزب و هاوپەیمانێتییەکان و کاندیدە سەربەخۆکان کرد بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ناویشیاندا شێرزاد عەبدوڵا ناسراو بە مام ڤاندام کەسایەتی دیاری نێو سۆشیال میدیای تێدایە کە ژمارەکەی ١٣٥ ی پێدرا.
شێرزاد عەبدوڵا ناسراو بە مام ڤاندام کەسایەتی دیاری نێو سۆشیال میدیا ئەمڕۆ دوای ئەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان تیروپشکی بۆ ژمارەی حیزب و لایەنەکان کرد لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند، ئەو پێی وایە پەرلەمان پێویستی بە کەسێکی وەک ئەوەو هەوادارەکانی دەیانەوێت لەوێ بیبینن.
دڵنیاشیکردەوە کە وەک کاندیدێکی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکات و پڕۆژەو پلانەکانیشی بۆ کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن هەڵگرتووەو و پڕۆژەی تایبەتی دەبێت.
ئەو کەسایەتییەی سۆسیاڵ میدیا باسی لەوەشکرد کە بەهۆی ئەوەی دەمێکە لە سلکی عەسکەریدایەو توانای گەیاندنی موعاناتی هاوڵاتیانی هەیە کاندیدێکی باشە بۆ پەرلەمانی کوردستان و وەک کاندیدێکی سەربەخۆ بە ژمارە ١٣٥ بەشدار دەبێت.
کۆمسیۆنی باڵای سەرخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش بڵاویکردەوە لە کۆی 63 کەس کە فۆرمی کاندیدبوونیان وەک سەربەخۆ وەرگرتووە، تەنها 23یان مەرجەکانی کاندیدبوونیان تێدابووە و وەرگیراون .
جێگەیباسە بە پێی بڕیارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەر بەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراق بێت، هەر کاندیدێک گەر بیەوێت بەشداربێت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبێت ئەم مەرجانەی تێدا بێت لەوانە خاوەنی کارتی نیشتمانی کوردستان بێت و کارتی دەنگدانی هەبووبێت و فۆرمی خۆراکی کەرکوک و موسڵ و ناوچە جێناکۆکەکان نەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێشینەی تاوانی نەبووبێت و دەستی لە پرۆسەی ئەنفالدا نەبێت و بەشدارنەبووبێت لە چالاکیەکانی ڕژێمی بەعس و دەستپاک بێت.
گۆڕانکاری لە یاسایی هەڵبژاردن وایکردووە ژمارەیەک لە هونەرمەندان و چالاکوانانی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بتوانن بێنە ناو کایەی سیاسیەوە و وەک کاندیدی سەربەخۆ بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن.
هاوکات بەوتەی ئەوانەی کە هونەرمەند و کەسانی دیاری نێو سۆشیال میدیان، بڕوایان وایە کە سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا مسۆگەرە، لە ڕوانگەی ئەو هەوادارە زۆرەی کە هەیانە و ڕۆژانە پاڵشتییان لێدەکەن.
