بڕیارێکی دیکەی حکومەتی هەرێم لە بەرژەوەندیی هاوڵاتییان کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڵاوی كردەوە بڕیارە گرنگەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەرژەوەندیی هاوڵاتییان كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم ئاماژەی بەوەکردووە، بڕیارێكی دیكەی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە لێخۆشبوونەكان لە قەرزە كەڵەكەبووەكانی سەر هاوڵاتییان لەگەڵ كرێی ئاو و خاشاك و ڕسوماتی پیشەیی و هەڵواسینی تابلۆ و گەشتوگوزار كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە.
ئەوەش روونكراوەتەوە كە، پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان. ئەمڕۆ دووشەممە 8/4/2024 وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە نووسراوێكدا كە واژووی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری بەسەرەوەیە و ئاراستەی دەستەی گەشتوگوزار، بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی ئاو و ئاوەڕۆ و شوێنەوار و كەلەپوور، سەرۆكایەتییەكانی شارەوانی و نەخشەدانانی ئاوەدانی لە سەرجەم پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان كراوە و تێیدا داوا دەكات لەئەمڕۆوە دەست بە جێبەجێكردنی مامەڵەی بڕیاری لێخۆشبوون بە ڕێژەی 20% لە قەرزە كەڵەكەبووەكانی سەر هاووڵاتییان و كرێكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بكرێت.
لە خاڵی یەكەمی گشتاندنەكەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردا هاتووە: بە ڕێژەی 20% لێخۆشبوون لە قەرزە كەڵەكەبووەكانی سەر هاووڵاتییان دەكرێت، وەكوو كرێی ئاو، خۆڵ و خاشاك، كرێی ساڵانەی كرێچییەكانی فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ڕسوماتەكانی گەشتوگوزار و پیشەیی و هەڵواسینی تابلۆ.
لە خاڵی دووەمدا هاتووە: بە ڕێژەی 20% لێخۆشبوون دەكرێت لە كرێی ئاو، خۆڵ و خاشاك، كرێی ساڵانەی كرێچییەكانی فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ڕسوماتەكانی گەشتوگوزار و پیشەیی و هەڵواسینی تابلۆ، تاوەكوو ئاساییبوونەوەی بارودۆخی ناهەمواری دارایی لە هەرێمی كوردستان.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی كردووەتەوە كە، بڕیاری لێخۆشبوون بە ڕێژەی 20% لە 8/4/2024وە لە سەرجەم فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان كاری پێویستی لەسەر دەكرێت و جێبەجێ دەكرێت.
