دوو کەسی نزیک لە شێخ نەهرۆی کەسنەزانی لە بەغدا دەستگیرکران
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دوو سەرچاوەی نزیک لە تەکیەی کەسنەزانی بە دەنگی ئەمەریکایان ڕاگەیاند، دوای 9 مانگ دوورکەوتنەوەی شێخ نەهرۆی کەسنەزانی لە سلێمانی، بڕیاربوو دوێنێ شەو لەگەڵ دوو کەسی نزیکی لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی بەغداوە بگەڕێتەوە بۆ سلێمانی. بەڵام بەهۆی دەستگیرکردنی دوو کەسە نزیکەکەی لەلایەن هێزە ئاسایشییەکانی بەغداوە، سەفەرەکەی هەڵوەشاوەتەوە.
دەنگی ئەمریکا ئەمڕۆ سێشەممە لە زاری دوو سەرچاوەوە بڵاویکردەوە کە دوو کەسی نزیک لە شێخ نەهرۆی کەسنەزان دەستگیرکراون بە ناوەکانی سەربەست ساڵح بەرپرسی دارایی تەریقەت و کەمال کوبەیسی وتەبیژی فەرمی تەریقەت، هاوکات هەردووکیان پێشتر فەرمانی دەستگیرکردنیان هەبووە.
سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرکردنیشیان ئەو سەرچاوانە ڕایانگەیاندووە، ڕۆژی 7ی مانگی 4ی 2023 بە تۆمەتی بەکارهێنانی هێزە "خۆبەخشەکەی" گەرمیان بۆ هێرشکردنە سەر کۆمپانیایەکی نەوتی، دادگای دوزخورماتووی پارێزگای سەڵاحەدین بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ سەربەست ساڵح بەرپرسی ئابووری تەریقەتی کەسنەزانی دەرکردبوو.
هەرچی کەمال کوبەیسیە بە قسەی سەرچاوەکەی تەریقەتی کەسنەزانی "چەندین دۆسیەی یاسایی تایبەت بە پرسی بازرگانی لە بەغداد لەسەرە" و هۆکاری دەستگیرکردنەکەشیان پەیوەندی بەو دۆسیانەوە هەیە.
جێگەیباسە ڕیاربوو شەوی ڕابردوو شێخ نەهرۆ کەسنەزانی لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی سلێمانیەوە بگاتەوە شاری سلێمانی و لە تەریقەتەکەی لەلایەن موریدان و دەروێشانی تەریقەتەوە پێشوازی لێبکرێت بەڵام نەگەڕاوەتەوە.
